دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 4 رۆژ پێش ئێستا

بۆچى پێکهێنانى حکومەتى هەرێمی کوردستان گرنگى ئەم قۆناغەیە و پەلەکردنیش ئەرکێکیى نیشتمانییە؟

هەرێم نیوز

ماوەیەک بەسەر هەڵبژاردنەکان و کۆبوونەوەى یەکەمی پەرلەمانى کوردستاندا تێپەڕیکردووە، کۆبوونەوەکانیش بەردەوامن، ئومێدەکانیش روەو ئەوەیە کەلایەنە براوەکان بگەنە ئەنجامێکى وەها کە لە بەرژەوەندیی قەوارەى هەرێمی کوردستان بشکێتەوە، بەڵام لێرەو لەوێ ئەوە دەکەوێتە بەرگوێ، ئاخۆ پێکهێنانى حکومەتێکى نوێ بەسەرۆکایەتى مەسروربارزانى چی لە دۆخی هەرێمی کوردستان دەگۆڕێت، بۆ ئەوەڵامی ئەو پرسیارە دەبێت کۆمەڵێک راستى هەن هەمیشە لەبەرچاوماندا بمێننەوە، لەوانەش:

یەکەم: شەرعیەتى هەرێمى کوردستان و مەترسییەکانى بەردەم قەوارەکەى

هەرێمى کوردستان قەوارەیەکى دانپێدانراوى شەرعی و دەستووری عێراقەو لەو رێگەیەشەوە وڵاتانى دونیا مامەڵەى لەگەڵ دەکەن، پەیوەندییە جۆراوجۆرەکانیان لەسەر ئەو بنەمایە بونیاد دەنێن، هەربۆیە حکومەت و دەسەڵاتى جێبەجێکردن بەیەکێک لە بنەما سەرەکییەکانى پاراستنى ئەو شەرعیەتە دێتە دی، کە دەبێت هەمووان کارى بۆبکەن و لەو راستییە تێبگەن کە هەمووان لە نێو کەشتییە هاوبەش و هاوچارەنوسەکەداین، بۆیە ئەرکی لیستەبراوەکانە دەستوبردی تێدابکەن و ئەرکی ئۆپۆزسیۆن و حیزبە سەرنەکەوتووەکانیشە رەخنەکانیان بەو ئاراستەیە بێت چوون دواجار ئەگەر قەوارەى هەرێمى کوردستان بکەوێتە مەترسییەوە هەموان پێکەوە گڵۆڵەیان دەکەوێتە لێژیی، ئەگەر لیستە براوەکان جەماوەرێکى زیاتریشیان هەبێت و بەرگرییان لێبکەن، ئەى ئەوانەى کە ئۆپۆزسیۆن خۆیان نیشان دەدەن یان توانای بەدەستهێنانى کورسییان نەبووە دەبێـت حاڵیان چۆن بێت.

دووەم: بەرگریی لە کوردستان

سەرەڕاى ئەوەى کە لە خاڵی یەکەمدا روونمانکردەوە پاراستنى قەوارە سیاسییەکەى هەرێمى بە دامەزراوەکانیەوە بەندە، بەڵام ئەوەى ئاشکرایە هێزی بەرگریی و چاوسوورکەرەوەى کوردستان لەدەست دوو هێزی گەورەدایە کە بە پلەى یەکەم لە دەستى پارتى وپاشان لە دەستى یەکێتیدایە، سەرەڕای ئەوەى هەندێک لایەنى دیکە هێزی بچوکیان هەیە، بەڵام ئاخۆ ئەگەر پەلاماری کوردستان بدرێت کێ بەرگریی لێدەکات و بە گیانى پێشمەرگانە گیانی خۆی دەکاتە قوربانى، دەبێت ئەوەش بگوترێت خواستى گەلى کورد لە یەکخستنەوەى هێزەکانى 70 و 80 دایە، جگە لەوەى چەند لیوایەکى هاوبەش پێکهێنراوە بەڵام ماویەتى کاروانەکە بگاتە دوامەنزڵ  و ئەوەش خوازیاری ئەوەیە پشتیوانى لە کابینەى دەیەم بکرێت بۆ ئەوەى یەک هێزی نیشتمانیمان هەبێت، بۆیە پێویستە بەخێرایی حکومەت پێکبێت و خواستە بچووکەکان بخرێنە لاوە.

سێیەم: کاروانى دژە گەندەڵیی هێشتا ماویەتى

ئەو دروشمەى کە کابینەى نۆیەم بەرزیکردبوویەوە لە دژایەتیکردنی گەندەڵیدا هێشتا کاروانەکە لەڕێیە، سەرەڕای ئەوەى کارى زۆرباشکراوەو راپۆرتەکانى حکومەت، میدیا و رۆژنامە بە ویژدانەکان ئەوە دەسەلمێنن کە لەبوارى دژایەتى و کەمکردنەوەى گەندەڵیدا هەنگاوى ئەرێنی زۆرباش نراوە، بەڵام هێشتا ماویەتى و دەبێت ئەم کابینەیە و بگرە کابینەکانى دواتریش ئەو رەوتى دژایەتیکردنەى گەندەڵیی بەردەوامیی هەبێت.

چوارەم: ئاسایی کردنەوەى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێم و بەغداد

جاران پەیوەندییەکانى نێوان هەرێم و بەغداد یان لەرێگەى حیزب و فراکسیۆنەکانیان، یان لەرێگەى کەسێتى و نادامەزراوەییەوە بوو، نەکەس دەیزانى چۆن کراوەو و کێ بەرپرسیارێتى هەڵدەگرێت، نە دەشزانرا چییان دەوێت، بەڵام لە کابینەى نۆیەمەوە بەردى بناغەى پەیوەندییەکان دانراوە و تادێت تۆکمەتر دەبێـت، هەرچەندە هێشتا ماویەتى و هێشتا شۆڤێنیەتى عەرەب و کوردى نەشارەزا و نادەربەست دەیانەوێت سەرنەگرێت و ماسیگرتنى ئەوانە لە لێڵی نێوان هەولێر و بەغدادایە، بەڵام کابینەى نوێ ئەو خەونە پووچەڵ دەکاتەوە و بە دامەزراوەکردنى پەیوەندییەکان دەگەیەنێتە ئەنجام.

پێنجەم: ئاڵوگۆڕەکانى ناوچەکە و حەتمیەتى بوونى هەرێمی کوردستان

کورد لە دواى گۆڕانکارییەکانى سوریاوە بووەتە یەکێکى تر لە کارەکتەرە سیاسییە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان، زلهێزەکان لە پێشبڕکێی ئەوەدان چۆن مامەڵەى دروست لەگەڵ کورددا بکەن، لەبەر ئەوەى ئەوان خاوەنى دەوڵەتن و رێز بۆ یاساى وڵاتەکانیان دادەنێن، نایانەوێت مامەڵە لەگەڵ هێزی نایاسایی بکەن، ئەوەى کە هەیە هەرێمى کوردستان دەتوانێت ئەو رۆڵە بگێڕێت، خاڵ و لینکی پەیوەندییەکانى نێوان هەر سێ پارچەى کوردستان بێت، بتوانێت کێشەى رۆژاوا و باکوور لە هەردوو حکومەتى سوریاى نوێ و تورکیاش تێبەگەیەنێت، ئەوەش لەو سەردانەى ئەم دواییانەى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیرانى کوردستان بۆ تورکیا یەکلایی بوویەوە.

شەشەم: چارەسەرى مووچەى فەرمانبەران

حکومەتى هەرێمى کوردستان دەمێکە کار بۆ ئەوە دەکات نەوتەکەى رەوانە بکاتەوەو کێشەى مووچەى فەرمانبەرانیش چارەسەربکات، بۆ ئەو مەبەستەش گەشتوونەتە خاڵی کۆتایی و هەمووانیش ئەوە دەزانن کە جگە لەوەى داننراوە بە هەژماری مندا و نەوتی هەرێمى کوردستانیش لەڕێگەى سۆمۆوە دەفرۆشرێت و مووچەى فەرمانبەرانى کوردستانیش بۆ ساڵی نوێ مسۆگەر دەکات و بەردەوامی ئەو پرۆسەیەش لە سەرشانى کابینەى نوێی حکومەتى هەرێمی کوردستانە.

ئەمانەو چەندین خاڵی ستراتیژیی تر پاڵنەرى ئەو هێزانەن کە دەیانەوێت کابینەى نوێی حکومەتى هەرێم پێکبهێنن، هەربۆیە ئەوەندەى خەڵک چاوى لەسەر پێکهێنانى حکومەت و کاراکردنى دامەزاراوەکانیەتى ئەوەندە چاوی لەسەر ئەوە نییە کە کێ دەبێتە سەرۆک و کێ نابێت، ئەوەى لای هێزە نیشتمانییەکان گرنگە رێزگرتنى دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان و شایستەییەکانە نەک ئەوەى کێ دەبێتە فڵان شت و شەڕ لەسەر پۆستەکان بە گرنگ نازانن، ئەوانەشى لەو پێناوەدا کاردەکەن مێژوو روحمیان پێناکات ...



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP