هەرێم نیوز
دواى تێپەڕبوونى ئەو هەموو ماوە زۆرەى بەسەر جەنگی ئیسرائیل و حەماسدا تێپەڕیی، دواى ئەو هەموو کوشتارو وێرانکاریی و مەسروفە زۆرە، پاش ئەو هەموو هەوڵە بۆ ئاگربەست و گۆڕینەوەى دیلەکان و ئاسایی کردنەوەى دۆخەکە، ئێستا خەریکە هەوڵەکان بە ئامانج دەگەن و لەنێو ئەو رێککەوتنەدا کە بریارە لەنێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەى حەماسدا بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە هەزار فەلەستینى ئازاد دەکرێن کە لە سەرەتاى جەنگەکەوە تا ئێستا لە ژێر دەستى ئیسرائیلیەکاندان و بەجۆرەها شێوە باس لە دۆخى ناهەمواریان دەکرێت، لەبەرامبەردا ئەو دەیان کەسە ئیسرائیلییەى کە لە لایەن بزوتنەوەى حەماسەوە بە بارمتە گیراون، سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن لەگەڵ ئەوەشدا بڕیاری ئازادکردنى گیراوە ئازادکراوەکانى فەلەستین دراوە بەڵام ئەو مافەش دراوە پێیان کە ڤیتۆیان لەسەر هەر ناوێکی فەلەستینى هەبێت ئازاد نەکرێن، سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە لە نێو دیلەکانى فەلەستین دا 170 یان مادەى یاسایی قورسیان روبەڕووکراوەتەوە و سزاى توندیان بۆ دەرکراوە، باس لەوەش دەگرێت ئەو کەسانە سەد کەسیان سەر بە بزوتنەوى فەتحى فەلەستینن کە مەحمود عەباس رێبەرایەتییان دەکات و 70 ـى دیکەیان سەر بە بزووتنەوەى حەماس و گروپەکانى تری فەلەستینن.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە لەم قۆناغەدا ئیسرائیل رەتیکردوەتەوە سەرکردەکانى فەتح و حەماس ئازاد بکات لە نموونەکانى مەراون برغوسى، عەبدوڵا برغوسی، عەباس ئەلسەید و ئیبراهیم حامید.
سەرچاوەیەکیش بە سکاى نیوزی راگەیاندووە هەردوولا زۆر نزیکن لە رێککەوتن بە سەرۆکایەتى ئەمریکا و بە ناوبژیوانى وڵاتانى میسر و قەتەر، ئاماژەی بەوەشکردووە هەردوولایان لەسەر بڕگە و مادەکانى رێککەوتنەکە رێککەوتوون و ئامادەیی تەواوى خۆیان بۆ ئاگربەست دەربڕیوە.
بەگوێرەى سەرچاوەکەى کە قسەى بۆ سکاى نیوز کردوو ئەمرۆ هەردوو لایان لە دۆحە کۆبوونەتەوە و کۆتا ئەبدەیتەکانى رێککەوتنەکەیان کردووە، ئەم کۆبوونەوەیەش لەکاتێکدایە کە سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند گۆرینەوەى دیلەکانى نێوان ئیسرائیل و حەماس و ئاگربەستى نێوانیان زۆر نزیکە.
بەرپرسێکى ئاگاداریش لە رێککەوتنەکە باسی لەوەکردووە کە هەردوولایان رەشنووسى رێککەوتنەکەیان لە رۆژی دووشەممەوە وەرگرتووە.
پسپۆڕان شرۆڤەکاران ئاماژە بەوەدەکەن ئەگەر ئەم رێککەوتنە سەربگرێت و ئاگربەست بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە گەورەترین خاڵی وەرچەرخان گۆڕینەوەى دیلەکانى نێوانیانە کە تا ئێستا زۆرترین خۆپیشاندانیان بۆ کراوە لەناوخۆی ئیسرائیل دا و بەیەکێک لە رەخنە قوڵ و جدییەکان دادەنرێت لەسەر نەتانیاهۆ و کابینەکەى، سەرچاوەکەى سکای نیوزیش گوتویەتى لە قۆناغی یەکەمى ئاڵوگۆڕی دیلەکاندا ئیسرائیل 250 فەلەستینى ئازاد دەکات و حەماسیش نیوەى بەبارمتەگیراوەکان کە ژمارەیان 100 کەسە.
جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە 7ـى ئۆکتۆبەرى ساڵی 2023ـەوە سەریهەڵداوە و تا ئێستاش زیانێکى زۆر بەر هەردوولا کەوتووە، هەرچەندە زیانەکانى ئیسرائیل لە ڕووی خەرجی و ناوبانگ و مەعنەویاتەوە بووە، بەڵام زیانەکانى عەرەب و فەلەستین، بەتایبەتى شارى غەزە و دەوروبەریی هێندە زیادە کە بەراورد ناکرێن، بەشێوەیەک نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە غەزە بەکەڵکی ژیان نەماوە، سەرەڕای ئەو هەموو کوشتارەى کە رویداوە، ئەوەشى کە ماوەتەوە یان ئاوارەیە یان لەنێو شارێکى وێرانەى ترسناکدا لە چاوەڕوانى مەرگدایە، ئەوە جگە لەو ژمارە زۆرەى سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانى عەرەب بەگشتى و حەماس و حزبووڵاى لوبنان کە لە جەنگەکەدا کوژران و پریشکى شەڕەکەش چەند وڵاتێکى دیکەشی گرتووەتەوە.