هەرێم نیوز
دەسەڵاتی دادوەری بەتۆمەتی بەرتیل، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق بانگهێشت دەکات و دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە تۆمارە دەنگییەکانی حەیدەر حەنون سەرۆکی دەستەی دەستپاکی بە وەکالەت دەکاتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، كردنەوەی لێكۆڵینەوەی تایبەت لەو تۆمارە دەنگییانە راگەیاند، كە تایبەتە بە حەیدەر حەنون، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی بە وەكالەت.
ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە بەیاننامەیەكی كورتدا دەڵێت: سەرۆكی داواكاری گشتی داوای لە دادگای لێكۆڵینەوەی سێیەمی كەرخ كرد كە لێكۆڵینەوەیەك ئەنجام بدات سەبارەت بەو تۆمارە دەنگیانەی كە دەگەڕێنرێنەوە بۆ سەرۆكی دەستەی دەستپاكی بە وەكالەت حەیدەر حەنون، كە تاوانەكانی وەرگرتنی بەرتیل لەخۆدەگرێت.
ھەفتەی رابردوو میدیاکانی عێراق ھەواڵی دەستگیرکردنی حەیدەر حەنونیان بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل بڵاوکردەوە.
بەڵام دەستەی دەستپاکی سەرلەبەری ھەواڵەکەی رەتکردەوە و رایگەیاند، فەرمانەکە بە ھەڵە بڵاوکراوەتەوە.
حەیدەر حەنون رایگەیاند، ئەو تۆمارە دەنگییەی بڵاوکراوەتەوە، پەیوەندی بە وەرگرتنی زەوییەوە ھەیە کە پێشتر لەلایەن مستەفا کازمیەوە دراوە بە سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و دادگای باڵای فیدراڵی و وەزیرەکان، ئەوانیش لەو چوارچێوەیەدا سودمەندبوون.