دواین هەواڵ

جیهان‌

 6 رۆژ پێش ئێستا

بلینکن: ڕووسیا موشەکی باڵیستیکی لە ئێرانەوە وەرگرتووە

هەرێم نیوز

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، ڕووسیا موشەکی باڵیستیکی لە ئێرانەوە وەرگرتووە و پێدەچێت لە ماوەی چەند هەفتەیەکی دیکەدا لە ئۆکرانیا بەکارییان بهێنێت، هۆشداریشیدا و وتی هاریکاری نێوان مۆسکۆ و تاران مەترسییەکی فراوانتر لەسەر ئاسایشی ئەوروپا دروست دەکات.

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە لەندەن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا دەیڤد لامیدا وتی ئەمەریکا بە تایبەتی ئێرانی ئاگادار کردووەتەوە دژی دابینکردنی موشەکی باڵیستیکی بۆ ڕووسیا و پێی وتووە کە ئەو کارە " بە شێوەیەکی بەرچاو پەرە بە گرژییەکان دەدات " و وتیشی دواتر لە ڕۆژی سێشەممەدا سزاکان ڕادەگەیەندرێن.

بلینکن وتی بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکان کە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا و هاوبەشەکاندا لە سەرانسەری جیهاندا هاوبەش کراون " ڕووسیا ئێستا باری ئەم موشەکە باڵیستیکییانەی وەرگرتووە و پێدەچێت لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا لە جەنگەکەی ئۆکرانیادا بەکارییان بهێنێت."

وتیشی ئێران مەشقی بە دەیان سەربازی ڕووسیایی کردووە لەسەر چۆنێتی بەکارهێنانی موشەکی باڵیستیکی مەودا کورتی فاتح – 360، کە مەوداکەی دەگاتە 75 میل.

ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە باوەڕوایە نوێنەرانی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە مانگی دوانزەدا گرێبەستێکییان لەگەڵ بەرپرسانی ئێراندا واژۆ کردبێت بۆ فاتح – 360 و سیستمێکی موشەکی باڵیستیکی دیکەی ئێران.

ڕۆژی دووشەممە بەرپرسێکی باڵای ئێران ئەو هەواڵانەی ڕەت کردەوە کە گوایە ئێران موشەکی باڵیستیکی دابێت بە ڕووسیا و هەواڵەکانی بە " جەنگێکی دەروونی " ناوبرد. وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ ڕەتی کردەوە هەواڵەکان پشتڕاست بکاتەوە بەڵام بە ڕۆژنامەنووسانی وت کە ڕووسیا هاریکاری دەکات لەگەڵ ئێراندا لە بوارە " هەرە هەستیارەکانیشدا."

بلینکن وتی "دابینکردنی موشەکی ئێرانی وادەکات ڕووسیا موشەکەکانی خۆی تەنها بۆ ئەو ئامانجانە بەکاربهێنێت کە دوورن لە هێڵەکانی پێشەوە."

وتیشی " ئەم پەرەسەندنە و زیادبوونی هاریکارییەکانی نێوان ڕووسیا و ئێران مەترسین لەسەر ئاسایشی ئەوروپا و دەریدەخەن کە چۆن کاریگەرییە ناسەقامگیرکارەکەی ئێران دەتوانێت بگاتە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش."

ڕووسیا کە پێشتر کۆتوبەندەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ سەر ئێران واژۆ کردووە، ئەو تەکنەلۆجیایانە دەدات بە ئێران کە تاران هەوڵیان بۆ دەدات.

بلینکن وتی " ئەمە شەقامێکی دوو سایدە، بە پرسە ئەتۆمییەکان و هەندێکی زانیاریی بۆشایی ئاسمانیشەوە."

ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین سزای نێودەوڵەتی لەسەرە لە جیهاندا و هەندێک لە شارەزایان گومانییان هەیە لە سودی زیادکردنی سزای ئابووری زیاتر بەسەر وڵاتەکەدا لە کاتێکدا کە ئەو سزایانە دەتوانن زیاتر زیان بە چینی مامناوەند بگەیەنن وەک لە سەرکردەکانی وڵاتەکە.

بلینکن وتی سزاکانی ڕۆژی سێشەممەی ئەمەریکا بۆ سەر تاران گرتنەبەری ڕێوشوێن دژی هێڵی ئاسمانی ئێران ئێریش لە خۆدەگرن و وڵاتانی دیکەش پێشبینی دەکرێت ڕێوشوێنی خۆیان بگرنەبەر.

ئۆکرانیا پێشوازی لە سەپاندنی سزای زیاتر کرد بەسەر ئێراندا لەسەر دابینکردنی موشەک بۆ ڕووسیا. بڕیارە بلینکن و وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا دەیڤد لامی ڕۆژی چوارشەممە سەردانی ئۆکرانیا بکەن، ئەوەش لە پیشاندانی پشتیوانی ڕۆژئاوایەکی یەکگرتوودا بۆ ئۆکرانیا. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی بلینکن ڕۆژی پێنجشەممە سەردانی پۆڵەنداش دەکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP