هەرێم نیوز
یون سووک یۆل، سهرۆكی کۆریای باشور دهستگیركرا و ناوبراو رایدەگەیەنێت، پابەند بوە بە بڕیاری دادگاوە بۆ دەستگیرکردنی بۆ ئەوەی لە 'خوێنڕشتن' دور بکەوێتەوە.
یەکەمین جارە لە مێژووی کۆریای باشوور سەرۆکێک لەکاتی خولی سەرۆکایەتیدا دەستگیردەکرێت.
یۆن سوک یۆل، لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا کە دوای دەستگیرکردنی بڵاویکردووەتەوە رایگەیاند،" بۆ رێگریی لە خوێنڕشتن ملکەچی بڕیاری هێزە ئەمنییەکان بووم"، سەرباری ئەوەی جەختیکردووەتەوە، "ئەو لێکۆڵینەوەیەی لەگەڵیدا دەکرێت نایاساییە".
پێشتر لێکۆڵەران لە سێی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە یەکەم هەوڵیاندا بۆ دەستگیرکردنی سەرۆکی لەکارلادراو شکستییان هێنا، دوای ئەوەی پاسەوانانی کۆماری رێگەیان نەدان بچنە ناو بارەگای سەرۆکایەتییەوە.
ئەوە یەکەم دەستگیرکردنی سەرۆکی وڵاتە لە مێژووی کۆریای باشووردا کە لەکاتی دەسەڵاتدا دەستگیربکرێت.
دوای دەستگیرکردنەکە، ئۆپۆزسیۆنی سەرەکیی کۆریای باشور رایگەیاند، "یەکەم هەنگاوە بۆ گەڕاندنەوەی سیستمی دیموکراسی".
ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی 31ی مانگی رابردوو، دادگایەکی کۆریای باشوور بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ یۆن سوک یۆل، سەرۆکی لەکارلابراوی وڵاتەکەی دەرکرد، ئەوەش دوای ئەوەی باری نائاسایی لە وڵاتەکە راگەیاندبوو.