هەرێم نیوز
عەبدولقادر سێلڤی نووسەر لە ڕۆژنامەی حوڕییەت'ی نزیك لە دەسەڵات و وەك سەرچاوەیەكی ئاگادار نوسیوویەتی دوێنێ لە کۆبوونەوەی داخراوی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی و سەرکۆماری تورکیا لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتەکەی وتوویەتی: "شێوازی زیندانیکردنی ئۆجەلان ناگۆڕێت بۆ زیندانیکردن لە ماڵەوە، خۆیشی نایەوێت لە زیندان دەربچێت. نازانم ئەو قسانە لە کوێ دەهێندرێن و لێبوردن لە گۆڕێ نییە".
نوسەر دەڵێت: ئەردۆغان دوێنێ چاوی بە كۆمەڵێك لە پەرلەمانتارانی پارتی دادو گەشەپێدان لە باشوری رۆژهەڵاتی توركیا(باكوری كوردستان) كەوتووە بۆ خواردنی نانی بەیانی، زۆرترین پرسیارێك كە ئاڕاستەی ئەردۆغان كراوە لەلایەن پەرلەمانتارانەوە لەو دانیشتنەدا، پرسیاری ئۆجەلان بووە، پرساری ئەوەیان لێكردووە، ئاخۆ ئۆجەلان لەكۆتایی پرۆسەكەدا ماڵبەند دەكرێت یان نا.
بەوتەی سێلڤی، ئەردۆغان لەوەڵامدا وتوویەتی:"شتێك نیە بەناوی ماڵبەندكردن، یان هێشتنەوەی زۆرەملێی حكومیی، ئەو پیاوە خۆشی نایەوێت بێتە دەرەوە، شتێك نیە ناوی لێخۆشبون بێت، لێبوردن بۆ بكوژی منداڵان نیە" دواتر ئەردۆغان رویكردووەتە یەڵماز تونچ، وەزیری دادو، داوای لێكردووە ئەو پرسانە بۆ رای گشتی روونبكاتەوە.
لە دیدارەكەدا، هەڵسەنگاندن بۆ ئەرێنی پرۆسەكەو هەروەها مەترسییەكانیش كراوە.
نوسەر لە بەشێكی تری وتارەكەیدا نوسیویەتی: دواتر پەرلەمانتاران قسەیان لە ئەردۆغان وەرگرتووەتەوەو ئاماژەیان بەوەكردووە، هیوای نوێ بۆ ئاشتی لەناوچەكەیان بە گروتینێكی زۆرەوە پێشوازی لێكراوە، جەختیان كردووە لەوەی گەلانی ناوچەكە پشتیوانێكی گەورە پرۆسە نوێیەكە دەكەن و هیچ كەس دژی پرۆسەكە نیە.
پێبینیش دەكرێت، ئەمڕۆ ئەردۆغان لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ گروپی پەرلەمانتارانی پارتی دادو گەشەپێدان، لێدوانی گرنگ بدات لەبارەی ئەو پرۆسە نوێیەی لە توركیا دەستیپێكردووە.