دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 10/09/2024

پشکۆی خۆپیشانداکان دەگەشێتەوە و چەقبەستویی شەقامی عێراق بەخەبەر دەهێنێتەوە

هەرێم نیوز

لەسایەى ئەو ئاڵەنگاریی و لەمپەرانەدا کە رووبەڕووى عێراق دەبێتەوە، هێزى تشرینییەکانى پاڵپێوەناوە لە پێناوى دەربازبوون لەو قەیرانانەدا لەنێو دۆخى قەیراناوى و بەرزبوونەوەى خواستى مانگرتن و خۆپیشندانەکاندا کۆبوونەوەیەک بکەن.

سەرچاوەیەکى ناوخۆیی تشرینیەکان ئاشکراى کردووە لە چەند رۆژى داهاتوودا تشرینیەکان کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدەن، ئەوە لە کاتێکدا ژمارەیەک لە هێزە عێراقییەکان پێیان وایە تشرینیەکان کاریگەریی ئەوتۆ لەسەر رەوشى ئێستاى عێراق دروست ناکەن، بەڵام ژمارەیەکى دیکەش باوەریان وایە تشرینیەکان دەبنە هۆکارێکى گەورەى گەشانەوەى پشکۆی خۆپیشاندانەکان.

یەکەم دەرکەوتەى ناڕەزایەتی تشرینیەکان دەگەڕێتەوە بۆ مانگی تشرینى یەکەمى 2019 لەبەر ئەوە ناوى تشرینیەکانیان بەسەردا براوە، ئامانجى خۆپیشاندانەکان کەمى خزمەتگوزاریی بوو لە ناوچە هەژارنشینەکان، ئەو خۆپیشاندانانە چەند مانگێکى خایاند و هەزاران کەس لەسەر شەقامەکان مانەوەو داواى کەمکردنەوەى هەژاریی و بێکاریی و هەڵاوسان و شێواوی ژێرخانى ئابوورى و بەرقەرار بوونى دیموکراسیەتیان دەکرد.
حسێن غورابی، یەکێک لە سەرکردەکانى خۆپیشاندەرانى تشرین و ئەمینداری گشتى حیزبی بەیتى نیشتمانى، باسى لەوەکردووە کە مانگی رابوردوو بەشێک لەسەرکردەکانى تشرین کۆبوونەتەوەو لە چەند رۆژی داهاتووشدا کۆبوونەوەیەکى چارەنووس سازیان دەبێت و قسە لە سەر هەڵگیرسانەوەى خۆپیشاندانەکانى عێراق دەکەن، و چەندین تەوەر لەو بارەیەوە تاووتوێ دەکەن.

غورابی بە رۆژنامەى -المدی- ی گوتووە، کۆبوونەوەى هێزە نەیار و نیگەرانەکان بۆ گفتوگرکردنیانە لەسەر دۆخی خراپى عێراق و پێداوچوونەوەى بەو پێشنیارەدا کە دەست بە خۆپیشاندان بکرێتەوە، بەتایبەتى لە ساڵڕۆژى خۆپیشاندانەکان نزیکبوینەتەوە.

ئاماژەى بەوەشکردووە باس لەو دۆسیە گرنگانە دەکەن کە عێراقى پێدا تێدەپەڕێت لەوانەش دزیی سەدە، دانپێدانانەکانى دەستەى دەستپاکی، دروستبوونى تۆڕی سیخوڕییەکەى نێو نوسینگەى سەرۆکوەزیران، یاریکردن بە بودجە کە زیانى گەورە لە ئابوریی وڵاتەکە دەکات، پشکپشکێنە و سەرهەڵدانى گەندەڵی، خۆدزینەوە لە سزاکان،  ئاماژەى بەوەشکردووە کە کۆبوونەوەکە لە چەند رۆژى داهاتوودا بەڕێوە دەچێت.

جەختیشى کردووەتەوە کە هێزە هێزە عێراقییەکان، وانە وەرناگرن و ئەزموونەکانى رابوردوو نابێتە هۆی تەمێکردنیان، هەمان ئەو هەڵانە دووبارە دەکەنەوە کە پێشتر کردوویانە، هەر بۆیە دەبێت چاوەڕوانى ئەوەش بکەن کە لە لایەن گەلانى عێراقەوە سزاى توندیان بدرێت و گوتوشیەتى خەڵک چیتر بەرگە ناگرێت و بێدەنگ نامێننەوە لەبەرامبەر ئەو هەموو گەندەڵییەدا.

خۆپیشاندانەکانى تشرینى 2019 لەبەرامبەر حکومەتەکەى عادل عەبدولمەهدی دا ئەنجامدران، لە داواکاریی خزمەتگوزراییەوە پەڕێووە بەرەو چاکسازیی لە بوارى سیاسی و ئیداریدا، ئەوان بە ئاشکرا دەیانگوت عێراق نغرۆی گەندەڵی بووە، عەبدولمەهدی واى  عێراقییەکانیان کردووە کە بە تەواوى بکەونە ژێر چەپۆکی هەژاریی.

مەسعەد راجیحی سەرکردە لە بزوتنەوەى ئیمتیداد باسی لەوەشکردووە کە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان دەبێت پشت بە تواناى جەماوەرەکەیان ببەستن بۆ ئەوەى چالاکییەکانیان تۆژەنبکەنەوە و بچنەوە سەرشەقامەکان.

راجیحی بە رۆژنامەى مەداى گوتووە کۆبوونەوەى بەردەواممان هەیە، دەمانەوێت لە رێگەى ئەو کۆبوونەوانەوە بگەینە ئەو ئاستەى کە فەلسەفەیەک دابڕێژین بۆ دواى شۆڕش، جەختیشى کردەوە کە گۆڕانکارییە سیاسییەکان زۆر کاریگەرییان لەسەر دۆخی خەڵک نەکردووە، ناتوانرێت بگوترێت شتێکى ئەوتۆ بەدەستهاتبێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە تاڕادەیەکى زۆر گەندەڵى پەرەی سەندووە.

سەبارەت بە رۆڵی ئۆپۆزسیۆنیش لەنێو پەرلەماندا راجیحى رایگەیاندووە ئۆپۆزسیۆنی نێو پەرلەمان سنوردا و پابەندن، ئەوان تەنها لە بوارى کاروبارى فەرمیدا جووڵە دەکەن و بە نوسراو بەرزی دەکەنەوە بۆ سەرۆکایەتى پەرلەمان، جگە لەوەش حیزبە دەسەڵاتدارەکان هەژمونی خۆیان بەسەر لیژنەکانى پەرلەماندا سەپاندووە.

جگە لەوەش ئۆپۆزسیۆن لاى خەڵک زۆر سومعەیان نەماوە، زۆرینەى بووەتە سوپایەکى ئەلیکترۆنى و لەسەر ئەرزی واقیع شتێکى ئەوتۆی نەماوەتەوە و محەمەد حەلبوسی پێش لە لابردنى ئەو دۆخەى هێنایە پێشەوە.
سەبارەت بە چارەسەرەکانیش رایگەیاند، کۆکردنەوەى واژۆو فشارخستنە سەر پارێزگاکان، سندوقەکانى هەڵبژاردن، جموجوڵى گەنجانە و رژانە سەرشەقامەکان لە لایەن گەنجەکانەوە، هەموو ئەمانەى دەبێت دابڕێژرێتەوە و بکرێتە فەلسەفەى دواى شۆرش.

زیاد عەرار، توێژەری سیاسی عێراقى باس لەوە دەکات هێزى تشرینیەکان لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە خەڵک متمانەى بە هێزە سیاسییە کاربەدەستەکان نەماوە، عەرار بە رۆژنامەى مەدای گوتووە پێش هەموو شت دەبێت بزانین کەسایەتى و پێکهاتەو چالاکییەکانى ئەو بزوتنەوەیە چیە و کێن؟ چۆن بەشدارى خۆپیشاندانەکان دەکەن، بەچ دونیا بینییەکەوە بەشدارى هەڵبژاردنەکان دەکەن، دەبێت تشرینیەکان ببنە کیانێکى سیاسی بەهێز تا کاریگەرییان هەبێت، بۆ ئەوەى بچنە قۆناغێکی دیکەوە و ئەو هەنگاوانەى پێشوو تێپەڕێنن.

عەرار لە درێژەى قسەکانیدا دەڵێت پرسیارەکە ئەوەیە تشرینیەکان لەو کارانەى پێشوو چییان بردووەتەوە؟ بەڵام ئەگەر بە چاوێکى ورد سەیربکەین بۆمان دەردەکەوێت دواى خۆپیشاندانەکان بەشداریی سیاسی وەک خۆیەتى بەڵام کاریگەریی ئەوەى هەبووە کە خەڵک متمانەى بە هێزە سیاسییەکان دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆنەکانیش کەمبووەتەوە.

جەختیش دەکاتەوە گۆڕانى راستەقینە وەفادارییە بۆ خوێنى شەهیدانى تشرین و نیشتمان، دەبێت هەمووان پێکەوە بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکەن و لە رێگەى سندوقەکانى دەنگدان و دەستوورەوە ئیرادە و خواستى خەڵک بسەپێنن.

 ئاماژەى بەوەشکردووە خۆپیشاندانەکانى تشرینى یەکەمى 2019 هەر لەسەرەتاى لەدایکبوونیەوە روبەڕووى توندوتیژى و لێدان بوونەوە، هێزى ئەمنییەکان لەدژبەکارهینان، دەیان کەسیان لێکوشتن، لەگەڵ ئەوەشدا ماوەی سێ هەفتە بەردەوام بوون و تا 25ـى مانگ بەرگەیان گرت، لەو رۆژەدا شێوازی خۆپیشاندانەکان گۆڕان بەمانگرتن و دەیانویست لەو رێگەیەوە بگەن بە ئامانجەکانیان، گۆڕەپان و شەقامە گشتییەکانیان کردە شوێنى مانگرتن و چادریان تێدا هەڵدا و بۆماوەیەکى زۆریش بەو شیوەیە مانەوە، تا ئەو کاتەى حکومەت بەشێوەیەکى دڕندانە بڵاوەیان پێکردن.

باسی لەوەشکردووە کە هاوسۆزیی و هاوکاریی خەڵک لەگەڵ خۆپیشاندەرانى تشرین لە ئاستێکى باشدایە، تا توندوتیژیی لەبەرامبەر خۆپیشاندەران زیادبکات، رێککاری ئەمنییان لەدژبگیریێتە بەر ئیرادەیان بەهێزتر دەبێت، هەرچەندە هێڵی ئینتەرنێتیش ببڕن و فشاریش بخەنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بانگەشەى ناڕاست بەرامبەر چالاکوانەکانیشیان بکرێت و بیانەوێت لەڕێگەى میدیاوە ناوبانگیشیان لەکەدار بکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP