هەرێم نیوز
ئۆزواڵد شبنگلەر - تێکچونی شارستانیەتی ڕۆژئاوا
کۆمەڵێک جیاوازی و دیمەنی دیاردەی نێوان فیلمی (جۆکەر)ی دەرهێنەر (تۆد فلیپس) و فیلمەکانی ڕابردوی وەک؛ (شۆفێری تاکسی، پادشای کۆمیدیا، سوارچاکی تاریکی بەشی دوەم، هەروەها فیلمی نوکتەی بکوژ) هەروەها کۆمەڵێک فیلم و کەسایەتی جیاواز، دەکرێت بڵێین ئەم حاڵەتانە ڕونن، بەڵام من ئەمڕۆ سەرنجتان ڕادەکێشم بۆ حاڵەتێکی نائاسایی و ناڕون کە وادەکات فیلمی (جۆکەر) و فیلمی (V for Vandetta) سیما و هەیکەل و پێکهاتە و هەندێک لەدیمەنەکانیان، قوڵتر بڕوات تا ڕادەیەک وابکات دیالۆگی فەلسەفی قوڵ، ئێمەی بینەر دەستەوەستان بین لەبەردەم شاکارێکدا فەلسەفەی هەست بزوێن بکاتە ژەمێک و دەرخواردمان بدات.
گەر تۆ (ئالان مۆر)ی نوسەری سیناریۆ بناسیت بەدڵنیایی ئەم بەراوردەت پێ سەیر نابێت، وێناکردنی جۆکەر لە گۆشە نیگای نوسەرێکی وەک ئالانەوە مایەی سەرنج و تێڕامانە، چیرۆک و کەسایەتی جۆکەر لە دیدگای نوسەرەوە، نوسەرێک خاوەنی سیناریۆی فیلمی (V for Vandetta)یە، لەناو پێکهاتەی ئەم دو فیلمەدا دەبینین دو کەسایەتی، دو پیاو دەناڵێنن لەدەست ئەشکەنجە و خراپەی دەسەڵات، ئەوان بونەتە قوربانی دەسەڵات، دواتر ئەم دو کەسایەتیە هەمو ڕێگایەک تاقی دەکەنەوە تا تۆڵە بکەنەوە لەدەسەڵات، لێرەوە ئاشنا دەبین بەڕژێمێک، دەسەڵاتێکی خوێنڕێژ هەمو کەرەستەکانی ئەشکەنجە و بیرۆکە تاریکەکان تاقی دەکاتەوە لە کەمینەکاندا، کەمینە نەژادیەکان و کۆمەڵایەتیەکان لەسەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا، کارەکتەری (ڤی) دەبینین ماسکێکی پۆشیوە، ماسکی (جای فۆکس ی پێکەنیناوی) ئەو دەست دەکات بەگەشتێکی تۆڵە سەندنەوە، ئەو جۆرێک لە پشێوی دروست دەکات تا سەرنجی خەڵکی ڕابکێشێت، دواتر هەوڵەکانی ئەو دەبێتە هەوێنی شۆڕش، ئەمە لەکاتێدا دەبینین (جۆکەر) قوربانی دەستی دەسەڵاتە، دەسەڵاتێکی ڕۆشنبیری کۆمەڵایەتی زیاتر شاردراوە، دەکرێت ئەمە هەمان ئەو دەسەڵاتە بێت (میشێل فۆکۆ) باسی کردبو.
بەنزیکەیی هەردو فیلم بەهەمان دیمەن دەستپێدەکەن، پۆشینی ماسک لەبەردەم ئاوێنەیەکدا، هەروەها دەنگێک لەپشتەوە دێت هەڵگری حاڵەتی کات و شوێنی پەیوەست بەو دو کەسایەتیەوە، ئیدی دواتر دیمەنی (کوشتن) لە فیلمی (V for Vandetta)دا، کاتێک سێ ئەفسەر دەکوژێت، ئەو ئەفسەرانە و تاوانباری سەرەکی، ئەو کەسانەی دەستدرێژیان کردبوە سەر (ئێڤی) هاوتای دیمەنی کوشتنی سێ کەسە کە لە کۆمپانیای (تۆماس واین) دا کاردەکەن، ئەوان بەهەمان شێوە دەستدرێژی دەکەن سەر کچێک لەناو شەمەندەفەرێکدا دانیشتوە، ئەم دو دیمەنە ئاماژەیە بۆ شۆڕش، کردنەوەی دەرگای شۆڕش لە فیکر و خەیاڵی دو کەسایەتیدا.
(V) لەپشت ماسکێکی (جای فۆکس)ەوە خۆی شاردۆتەوە، بەڵام لە حەقیقەتدا هیچ بونێکی نییە جگە لەو کەسایەتیە شاردراوەی پشت ئەو ماسکە، لەلایەکی دیکە و لەپێکهاتەی فیلمێکی دیکەدا دەبینین (ئارسەر) هیچ بونێکی نییە، هەست بە بونی خۆی ناکات، تا ئەو ساتەی ڕوداوەکەی نێو شەمەندەفەرەکە ڕودەدات، بۆ سبەی هەست بەگۆڕانکاری دەکات، ئەو پێیوایە کەسایەتی گۆڕاوە بۆ گاڵتەجارێکی ماسک پۆش، ماسکێک وێنای توڕەیی کۆمەڵایەتی دژی دەوڵەندە ڕژد و خراپەکان و دەسەڵات، دەکرێت بڵێین سەرەتای ژیانی هەردو کارەکتەر ناڕون و نادیارە، ئێمە نازانین (ئارسەر و ڤی) لەکوێوە هاتون، تەنها شتێک ئێمە دەیزانین ڤی لەناوەڕاستی دۆزەخی دەسەڵاتەوە لەدایکبوە، ئارسەریش لەناو دڵی ئازار و گۆشەگیریەوە لەدایکبوە.
هەردو کەسایەتی لەنێو (سەما)دا ڕێگایەک دەبینن بۆ دەرباز بون، دەبینین ئەو ئێوارەیەی شۆڕش بەرپا دەکات (ڤی) لەگەڵ (ئێڤی)دا سەما دەکات، هەروەها دەبینین (ئارسەر) پاش کوشتنی سێ کەس لەناو گەرماودا سەما دەکات، پێش ئەوەی شۆڕش ڕاگەیەنێت و (مۆرای) کۆمیدیاکار بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بکوژێت، پاش ئەوەی جەماوەر دەربازی دەکەن و ستایشی دەکەن، لێرەوە دەبینین (ئارسەر) وەک ڕەمزی شۆڕش دەناسێندرێت هەروەک چۆن (ڤی) وەک ڕەمزی شۆڕش دەناسێندرێت و ماسکەکەی بەناو خەڵکی بڵاودەبێتەوە، لەنێوان ئەم دوانەدا جیاوازیەکی فەلسەفی قوڵ بونی هەیە، دەکرێت بڵێین شۆڕشی جۆکەر نزیکترە لە حەقیقەت و ژیانەوە، ئەو جۆرێک لەشۆڕش بەرپا دەکات تاریک، بەڵام شۆڕشی (ڤی) زیاتر لەنمونەییەوە نزیکترە، هەمو شتێک لەناو پێکهاتەی شۆڕشەکەیدا بەپلان دەڕوات، پلانێکی داڕێژراو لەناو چوارچێوەی فەنتازیای ڕۆمانسی ڕوندا.
(ڤی) لە سەرەتا تا کۆتایی هەمو هەنگاوەکان، وردەکاری و پلانەکان خۆی دایدەڕێژێت، هەمو بەربەست و گرفتەکان، بەڕونی دەبینین داڕێژەری هەمو شتێک خۆیەتی، بەڵام (ئارسەر) لەناو گۆڕەپان و هەڵاوسان و پاشاگەردانیدا دروست دەبێت، ئەو زادەی کۆمەڵگایەکی یاخی، کۆمەڵگایەک شۆڕش دەکات دژی دەسەڵات، کاتێک ئارسەر دژی دەسەڵات شۆڕش بەرپا دەکات هاوکات جەماوەر دژی دەسەڵات خۆپیشان دەکات، دواجار هەردو شۆڕش یەکدەگرێت.
شۆڕشی (ڤی) پشت دەبەستێت بە یادەوەریەکانی، ئەو یادەوەریانەی هانی دەدات دژ بە خراپی دەسەڵات بجەنگێت، بەڵام شۆڕشی (جۆکەر) لەدایکبوی لەبیرکردنە، لەپشت شۆڕشی جۆکەرەوە هیچ پاڵنەرێک نابینین، تەنانەت لەو ساتانەدا دژایەتی دەسەڵات دەکات پاڵنەرێکی ئەوتۆ بونی نییە هێزی پێببەخشێت، بەڵکو شۆڕسێکی کەسیە لەناوەڕاست و قوڵایی جەماوەردا، جەماوەرێک هەڵاوسانی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆیکردونەتەوە، مێژویەکی ڕونی شاری گۆسام بونی نییە، تەنانەت مێژویەکی دیاریکراو نییە ئێستا ببەستێت بەڕابردوەوە، دیمەنێکی سەرنجڕاکێش هەیە، کاتێک ئارسەر لەنێو نەخۆشخانەی دەرونیدایە، ئەو لەو دیمەنەدا سەری دەکێشێت بەدەرگایەکدا، لەپەنای ئارسەردا کاتژمێرێک هەیە، ئەو کاتژمێرە وەک وێنایەک بو بۆ نەبونی کات و ساتێکی دیاریکراو لەچوارچێوەیەکدا بتوانێت شۆڕش لەقاڵب بدات.
لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین (جۆکەر) زادەی هەڵکشان و شۆڕش و پاشاگەردانییە لەناو شارێکی جیهانیدا، نوسەر (شبنگلەر) لەناو پێکهاتەی کتێبەکەیدا بەناوی (تێکشکانی شارستانیەتی ڕۆژئاوا) دا وێنای کردوە، شێوەی کۆتایی شارێک، ئەو شارە وەک نمونەیەکی داڕمانی شارستانیەتی ڕۆژئاوا، بەکۆمەڵ خەڵک لەنێو ئەو شارەدا کۆکراونەتەوە، سیمای شارێکی بێ مێژو، دانیشتوانی ئەو شارە مێژو و ناسنامەی خۆیان لەبیرچۆتەوە، ئەوان بەڕاستی بێئاگان لە شوناس و نەریتە کۆنەکانیان، ئەو جەماوەرە لەسەر بنەمای پەیڕەوێک یان بیرۆکەیەک کۆنەبونەتەوە، تەنها لەو ساتەدا دەژین، بەم شێوەیە جۆرێک لەجۆرەکانی شاخستانی و کێوی بونیان پێوە دەبینرێت، شۆڕش تەنها بەوەوە ناوەستێت دەسەڵات بخاتە پەراوێزەوە، بەم شێوەیە شۆڕشی (جۆکەر) شۆڕشێکی تەقلیدی و ڕۆشنبیریەکە هیچ کات لەگەڵ ئەودا یەک ناگرێتەوە، ئەو بۆتە ڕەمزی شۆڕشێک لەخراپترین و توندترین شێوەدا.
هەمو ئەوانەی باسمانکرد هۆکارن کە زۆرێک لەکۆمەڵەکانی داکۆکی کردن لەماف و سەربەستی و یەکسانی کۆمەڵایەتی ناسراو بە (SJW) لە ئەمریکا و ئەوروپادا ناڕازی بون لەپێکهاتە و پەیامی فیلمی (جۆکەر) چونکە مەفهومی شۆڕش بەئاڕاستەیەکی هەڵەدا بردراوە، ئەوان پێیانوایە ئەم جۆرە لەوێناکردن هیچ کات لەگەڵ کار و ئامانجەکانی ئەواندا یەک ناگرێتەوە، تێڕوانینی (فۆکۆ) وی بۆ دەسەڵاتی ڕۆشنبیری و گەیشین بە هەمو بەشەکانی ژیان تەنانەت زمان، ئەم جۆرە لەشۆڕشی ئەم کۆمەڵانە بانگەشەی بۆ دەکەن سنورێک دانەنراوە بۆ شۆڕش، هەمو کەمینەیەک دەناڵێنێت لەدەست فشاری ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی لەتوانایدا هەیە بجەنگێت لەپێناو بەدەستهێنانی یەکسانی لەڕێگەی شۆڕشەوە، کۆتایی لۆژیکی بۆ ئەم جۆرە لەشۆڕش پەیوەستە بە پاشاگەردانیەوە، هەمان ئەو حاڵەتەی (خۆسیە ئۆرتێگا گاسێت) ئاماژەی پێ دەدات لەناو پێکهاتەی کتێبەکەیدا بەناوی (یاخی بونی جەماوەر) ئەو ناوی دەنێت (شۆڕشی بەڕبەڕی ئاسۆیی).
بەم شێوەیە جۆکەر دەبێتە ڕەنگندانەوەی ئەو ژیانەی خەڵکی ڕۆژئاوای تێدایە، ژیانێک زادەی دیموکراتی ڕۆژائاوا، جۆکەر پێناسەی مرۆڤە، پێناسەی ئەو جەماوەرەی دژی هەمو دەسەڵاتێک لە تاریکی ماڵ دێتە سەر شەقام بەبێ باکگراوندی مێژویی، جەماوەرێک بەبێ پێشینەی مێژوی دەجەنگێت، وێنەی جۆکەر، مرۆڤێک بەشێوەیەکی هەڕەمەکی سەما دەکات لەسەر پلیکانەکانی کۆڵانێکی شار، دواتر لەناو قوڵایی جەماوردا دەبێتە ڕەمزی شۆڕش، ڕابەری گەلێکی سەماکەر بۆ پاشاگەردانی و وێرانکاری.