محەمەد جەمال - هەولێر
مامۆستایەکی زانکۆ لەبارەی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە هۆشداری دەدات و دەڵێ، بۆئەوەی بانگەشەیەکی ئارام و هێمنانە بەڕێوەبچێت، دەبێ پابەندی ڕێنماییەکانی یوئێن و ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتی بین.
د. ڕێبین سەلام، مامۆستای زانکۆ و چاودیری سیاسی لە لێدوانێک بۆ هەرێم نیوز ڕایدەگەیەنێت، هەڵبژاردنی ئەمجارە هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز و گرنگە و لە چەند قۆناغێک پێکدێ تاوەکو بگەین بە دەرەنجامێک بۆئەوەی نوێنەری ڕاستەقینەی میللەت دەربکەوێت.
دەشڵێت، قۆناغی یەکەمی هەر هەڵبژاردنێک بریتییە لە بانگەشەی هەڵبژاردن، هەروەها بەردی بناغەی هەر هەڵبژاردنێک بۆئەوەی هەڵبژاردنێکی ساخلەم دەربچێت، دەبێ یاسایی بێت و بەپێی ڕێنماییەکانی یوئێن و ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتی بێت، لەهەمان کاتدا دەبێ بانگەشەیەکی ئارام و هێمنانە بەڕێوەبچێت.
ئاماژە بەوەش دەکات، لەهەموو هەڵبژاردنەکاندا جەنابی سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردۆتەوە کە بەهیچ جۆرێک نەچینە ئەو ئاستە نزمەی کە زمانی زبر و وشەی نەکلۆک و هەڵسوکەوتی نابەجێ بەکاربێنین.
هاوکات وتیشی، دەبێ هەموومان وەک تاک پارێزگاری لەدەستکەوتەکان و ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیش بکەین.