هەرێم نیوز
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندنی پۆلیسی هاتووچۆی عێراق ڕایگەیاند، هەر ئۆتۆمبێلێک کە تابلۆی هەرێمی لەسەر بێت و لەهەر شوێنێکی عێراق سەرپێچی بکات سزای دەدەین.
حەیدەر محەممەد وائیلی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هاتووچۆی عێراق لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، هاوئاهەنگیی زۆر باش لەنێوان بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە هاوشێوەی هەرێمی کوردستان، دەستیان بە دانانی کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی کراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەنگاوەکە لە بەغدا دەستیپێکردووە و خەریکە فراوانتری دەکەن بۆئەوەی هەموو پارێزگاکان بگرێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، هاوئاهەنگی لەنێوان هەردوولادا هەیە و هەر ئۆتۆمبێلێک کە تابلۆی هەرێمی کوردستان لەسەر بێت و لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە سەرپێچی بکات، پێبژاردنەکەی لێوەردەگیرێت یان وردەکاری سزاکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان پێبژاردنەکەی لێوەربگرێت.
حەیدەر محەممەد وائیلی دەشڵێت؛، ئەگەر ئۆتۆمبێلێکیش کە تابلۆی پارێزگاکانی دیکەی عێراقی لەسەرە و لە هەرێمی کوردستان سەرپێچی بکات، سزاکە تۆمار دەکرێت و وردەکارییەکەی دەدرێتە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق.