دواین هەواڵ

کلتور‌

 06/09/2024

كوردستان لە ئەدەبیاتی ئەڵمانی دا - ڕۆمانەكەی كارل مای بە نموونە -

شوان ئەحمەد

لە نێو ئەدیبان و نووسەران و هونەرمەندانی فەڕەنسیدا، رەنگە دوای ئارتور رامبۆی شاعیر، هیچ كەس بە وێنەی ژان ژینییە، وێڵگەرد و سەرگەردان و چارەرەش و پەراوێز نشینانە نەژیابێت، ژیانێك لەم بنكەی پۆلیسەوە بۆ ئەو بنكەی پۆلیس، لەم زیندانەوە بۆ ئەو زیندان. لەم دادگاوە بۆئەو دادگا. لەم شارەوە بۆ ئەو شار و لەم كیشوەرەوە بۆ ئەو كیشوەر...... هتد.

ئەوە ماجەرای بەشێكی زۆری پڕ نەهامەتی و چەرمەسەریی، ژیانی ئەو نووسەرە بووهەیمییە بووە. هەندێك هەن لە زیندان دا دەكوژێنەوە و تەواودەبن، (ئۆسكار وایڵد)ی رۆماننوسی بەریتانی یەكێكە لەوانە. وەلێ‌ هەندێكی دیكەش هەن زیندان دەكەنە پنتێك بۆ دەست پێكردنەوە و دووبارە تێهەڵچوونەوە (دیستوڤیكسی، ژان ژیینیە، سێرڤاش، ئەدۆنیس، محەمەد ماغوت، كارل مای،..... هتد)، دیارترین نموونەیەكن.

نووسەری ناوداری فەڕەنسی ژان كۆكتۆ، لە شوێنێكدا دەنووسێت:(ژان ژیینیە، دزێكی خراپ و نووسەرێكی باش). لەم ماوەیەی دوایدا كە ئاشنایەتیم لەگەڵ كارل مایدا پەیداكرد و كەوتمە خوێندنەوەی بەرهەمێكی و هەندێ‌ شت لەسەری، رێكوراست ماجەرای ژیانی ژان ژیینیە و ئەو وتەیەی ژان كۆكتۆم بیركەوتەوە.

شایەنی باسە لە چەند ساڵی رابردوو دا، دووان لەو بەرهەمانەم وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی كە پەیوەندییان بە ژیینیەوە هەیە :(محەمەد شوكری: ژان ژیینیە لە تەنجە – بیرەوەری – چاپی یەكەم، 2011)، هەروەها (د. رەمسیس عەوەز: هۆمۆسێكسوالی و داهێنان – ژان ژیینیە، ئەندرێ‌ ژید، مارسێل پرۆست، تۆماس مان – چاپی یەكەم، 2015). ئاخر ئەو یەكێكە لە نووسەرە دڵخوازەكانم. دزێكی خراپ و نووسەرێكی باش، دەستەواژەیەكە كەم تا زۆر بۆ كەسێكی وەك كارل ماییش، دەست دەدات و بە پڕاوپڕی شەرحی حاڵی ئەو دەكات.

ئەو كوڕە جۆڵایەی تا تەمەنی پێنج ساڵانیش نابینا دەبێت، لە 25 - شوبات - 1842 لە ئەڵمانیا هاتۆتە دنیاوە لە 30 -ئاداری -1912 كۆچی دوایی كردووە. واتە نزیكەی حەفتا ساڵێك ژیاوە.

لەو ماوەیەدا ژمارەیەكی بێشومار كتێبی نووسیوە و كتێبەكانیشی بۆ نزیكەی پەنجا زمان وەرگێڕدراون كە زمانی كوردیشیان لەناودایە. لە رووی بایەخ و گرنگییەوە دوای (لە رۆژئاوا ی دوور)، رۆمانی (بەناو كوردستانی كێوی) دا دێت. ئەم رۆمانە ساڵی 2016 نزار سابیر كردوویەتی بە كوردی و بەناوی (گەشتێكی سەرەڕۆیانە بە كوردستاندا)، بڵاویكردۆتەوە و راستەوخۆ لە زمانی ئەڵمانییەوە وەریگێڕاوە.

كارل مای كە بە مۆم دزین و سەعات دزین و چی و چی یەوە، دەگیرێـت و هەڵدێت لە دەستی پۆلیس و سەرلەنوێ‌ دەگێرێتەوە و لە كونجی زیندان توند دەكرێت، وەك دزێكی ناشی و فاشیل و لێنەزان دەردەكەوێـت، بەڵام سەروەختێك لە نێو چوار دیواری تاریكی زینداندا بە سەر كتێبخانەیەكی پڕ لە چیرۆك و بەسەرهات و حیكایەتدا دەكەوێت و ئەو سەرچاوانە بە كولتوور و وڵات و گەلانی جۆراوجۆری دنیا ئاشنایدەكەن، دواتر دێت و ئەوانەی تێكەڵ بەو چیرۆك و بەسەرهاتانەی داپیرەی (دایكی باوكی) دەكات كە لە تەمەنی منداڵیدا بۆیان گێڕاوەتەوە.

ئەمانە جڵەوی خەیاڵ و ئەندێشەی پێ‌ شل دەكەن و سەفەرێكی ئەفسوناوی، بە زۆربەی زۆری سەرگۆی زەویدا پێدەكەن و دەیبەنە مەڵبەندە دوور و عاسییەكان. یەكێك لەو سەفەرە ئەفسوناویانەشی (گەشتێك دەبێت بە كوردستانی ئاسی) دا و لە كتێبێکی (579) لاپەرەییدا (چاپە كوردییەكەی ئەوەندەیە)، رووداوەكانی ئەو گەشتەی دەنووسێتەوە.

سەرەتا دەبێـت ئەوە بزانین دنیای كارل مای وەک گەڕیدە و رۆماننووس و چیرۆکنووسێک، دنیای ئەنێشە و ئەفسانە سازییە، نەك دنیای حەقیقەت و واقیع. لەوبوارەشدا خاوەنی خەیاڵ و ئەندێشەیەكی بێسنوور بووە، بە ئەندازەیەك هەندێك لە نووسەران و رەخنەگران لەو رووەوە دەیهێننە ئاستی (گۆتە، شیللەر و فرانتس كافكا).

ئەو دێت لە رێی ئەدەبیاتەوە، مێژوو هەڵدەداتەوە. حەفتا ساڵەی ژیانی كە حەفتا كتێبی تێدا نووسیووە، بەو شێوەیە كاریكردووە و حكایەتخوانێكی سەیر بووە. گەر وانەبێت چۆن توانیوویەتی بەو هەموو وردەكارییەوە، باس لە ژیانی حەفتاكانی سەدەی نۆزدەی كوردستان بكات، لە رووی كۆمەڵایەتی و ئیتنۆلۆژی و مێژوویی و كولتووری و زمانەوانییەوە، لە كاتێكدا تا كۆتاییەكانی تەمەنی نەبێـت، جگە لە وڵاتانی خۆی بەولاوە، هیچ جێگەیەكی دیكەی نەدیبێ.‌
وەڵامی كارل مای بۆ ئەمە ئەوەیە كە: (لە وڵاتەكەی ئەودا كتێب لەسەر تەواوی میللەتانی جیهان هەن و لەرێی ئەو كتێبانەوە، مرۆڤ دەتوانێـت هەندێجار میللەتان باشتر بناسێ‌، وەك لە رێی خەڵكانی خۆیانەوە).
كارل مای وەك گەڕیدەیەكی خەیاڵی، تەواوی بەرهەمەكانی باس لە دەرەوەی ئەوروپا دەكەن یان لەگەڵ دەشتەكی و دەوارنشینەكاندا لە بیابان، یاخود لەناو كوردەكاندایە لە چیا سەخت و ئاسییەكانی كوردستان. لەگەڵ كاوبۆیەكاندایە لە خۆئاوای وڵاتە یەكگرتووەكان ، یان لەنێو هندییە سوورەكانە لە ئەمەریكای باكوور.

من ئاگاداری تەواوی ئەدەبیاتی ئەڵمانی نیم، تا بزانم تا چەند گرنگی بە كورد و كوردستان دراوە و چۆنچۆنی باسیان هاتووە، لێ‌ رۆمانەكەی كارل مای (بە ناو كوردستانی كێوی)دا، بە كۆنترین و بەناوبانگترین بەرهەمێك ئەژمار دەكرێت كە زۆرترین خوێنەر و دەنگدانەوەی هەبووە.

راستیەكەی وەك خوێنەرێك كەساڵانێكە بە چڕوپڕی سەرقالی خوێندنەوەی ئیدوارد سەعیدم و ئاشنایەتییەكی باشم لەگەڵ هەردوو بەرهەمە بە ناوبانگەكەی (ئۆرینتالیزم) و (كولتوور و ئیمپریالیزم)دا هەیە، ناتوانم دەرهەق بەو بەرهەم و نووسینانەی لە سەدەی نۆزدەهەم لە ئەوروپا دەربارەی خۆرهەڵات نووسراون، كەمێك دردۆنگ و بەدگومان نەبم و وەها سەیریان نەكەم كە وێناكردنێكی ئایدیۆلۆژی عادەتین، لەسەر خۆرهەڵات و گەلانی ناوچەكە.
سەعید بە جۆرێك باسی هەژموون و سەنگ و قورسایی گوتاری خۆرهەڵاتناسی دەكات لە ناو كایەی رۆشنبیریی خۆرئاوادا، كە تەنانەت گەورە ڕەخنەگر و بیرمەندە رادیكاڵ و هیومانیستەكانیشیان، نەیانتوانیووە خۆیانی لێ‌ رزگاربكەن و لە كاتی قسەكردن و هەڵوێست وەرگرتنیان لە خۆرهەڵات، هەمان گوتاری خۆرهەڵاتناسی نەهێننە پێش و هەمان دید و تێڕوانین دووبارە نەكەنەوە.

وەك نموونەیەكی زەق و زۆپێش باس لە كارل ماركس دەكات ك نەیتوانیووە لە تەونی گرێچنی ئەو گوتارە بێتەدەرێ‌ و خۆی قوتار بكات و روانگەیەكی جیاوازتری بۆ خۆرهەڵات، هەبێت.

ئەم بەرهەمە كارل مای كە لە گەرمەی هەژموون و باڵادەستیی گوتاری خۆرهەڵاتناسی دا نووسراوە، لەدەرەوەی ئەو حاڵەت نییە و هەمان تۆن دەخوێنێ. خوێنەری ئاسایی تەنانەت بەرلەوەی لاپەڕەكانی رۆمانەكە هەڵبداتەوە و دەست بە موتالانكردنی بكات، تایتڵ و ناونیشانی سەر بەرگەكە ئێستێكی پێدەكات (بە ناو كوردستانی كێوی یان دڕندە یاخود ئاسی) دا، پێمان دەڵێت كە نووسەرەكەی بە هەمان دوالیزمەی(پێشكەوتوو – دواكەوتوو، شارستانی – بەربەری، كولتووری ئاست بەرز – كولتووری ئاست نزم، ژیر و وریا – گەمژە و پاپووكە و ...... هتد )، سەیری دنیا دەكات و لەكاتی نووسینەكەیدا بەو دابەشكارییە، حوكم دەدا.

هاوڕیی ئازیز كاك نزار سابیر وەك خوێنەر و نووسەر و وەرگێڕێكی ژیر و بە سەلیقە، لەكاتی وەرگێڕانی ئەم بەرهەمەدا وەك خەمخۆرییەك بۆ كورد و كوردستان و كتێبخانەكەی، دركی بەوەكردووە. هەر بۆیە هاتووە دەسكارییەکی ناونیشانەكەی كردووە و كردوویەتی بە (گەشتێكی سەرەڕۆیانە بە كوردستاندا). ئەویش بەخاتری ئەوەی نەبادا خوێنەری كورد لە خوێندنەوەی بتۆرێنێ.

رەنگە هەبن بە خاتری خۆشەویستیان بۆ كارل مای و بەرهەمەكەی كە سەدە و نیوێك بەرلە ئێستا خۆی بە كورد و كوردستانەوە خەریك كردووە و میللەتی ئێمەی بە خوێنەرانی ئەڵمانی زمان و گەڵانی دیكەی ئەوروپی ناساندووە، پاساوی ئەوەی بۆ بهێننەوە كە كارل مای نووسیوویەتی (بە ناو كوردستانی كێوی و ئاسیدا) و مەبەستی ئەو سەختی و دژواری و ئاسیبوونی جوگرافی و سروشت و ژینگە و هەڵكەوتەی كوردستانە، لێ‌ ئەوە لەبیردەكەن كە نووسەری ئەم رۆمانە زیرەكانە و لێزانانە و وریایانە ئەوەی كردووە، واتە بە ناڕاستەوخۆیی پێمان دەڵیت: (جوگرافیای زۆر سەخت و زبر و كێوی، خۆبەخۆ رەنگدانەوەی لەسەر بوونەوەرەكانی ناوی دەبێـت و ئەوانیش زبر و پەڕگیر و كێوی دەردەچن).




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP