دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 2 هەفتە

دۆسیەى گۆێگرتنەکەى عێراق، تەڵەیەک بۆ سودانى یان پەلەقاژە بۆ هەڵبژاردنەکانى داهاتوو

هەرێم نیوز

ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی عێراق جارێکى تر کێشەى -تۆڕى گوێگرتن-ەکەى هێنایەوە بەرباس کە ماوەى دوو هەفتەیە بووەتە بابەتى شەقامی گشتى عێراق و پەیوەندیی راستەوخۆی بە ئەفسەرو شارەزا و پسپۆڕەکانى ئاسایشى ئینتەرنێتین و هەمووشیان لە نوسینگەى سەرۆکوەزیران کاردەکەن و ئەنجومەنى دادوەریی باڵا رایگەیاند ئەوەى کە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەبارەى کیشەکەوە بڵاودەکرێتەوە وردنین، لە بەیاننامەیەکدا راینگەیاندووە: بەشێک لەو زانیارییانەى کە لەنێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە و دەستاودەستیان پێدەکرێت، بەتایبەتى ئەوەى کە پەیوەندی بە تۆڕەکەى – محەمەد جوحی-یەوە هەیە، لەبەرئەوەى زۆرینەى زانیارییەکان لەسەر بنەماى شرۆڤە و شیکاریی و راوە بڵاوکراوەتەوە و دوورن لە راستی و حەقیقەتەوە.

جێگەى ئاماژەیە کە محەمەد جوحی پلەى جێگری بەڕێوەبەری گشتى هەیە لە فەرمانگەی کارێگڕیی لە نوسینگەى سەرۆکوەزیران، لەگەڵ ئەوەشدا براى رائید جوحی ، بەڕێوەبەرى نوسینگەى سەرۆکوەزیرانى پێشوو مستەفا کازمی یە.

لەبەرامبەر ئەم بەباننامە یاساییەدا کە تیایدا ئاماژە بە کێشەى گوێگرنم کراوە، باسم عەوادى گوتەبێژى حکومەتى عێراق رایگەیاند ئەو بابەتە ماوەى چەند رۆژێکە بڵاوکراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا رایگەیاندووە کە ئەرکی حکومەتە کە بەدواداچوونى بۆبکات و ئەو هێرشە چەواشەکارییانەى دەکرێتە سەرحکومەت، دەبێتە هۆی سەرقاڵی و پووچ کردنەوەى هەندێک لەو کارانەى کە کردوویەتى، لەنێو ئەو بابەتانەدا کە لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاودەکرێنەوە بە پێچ و پەنا و گومان و مەزەندەکردن بڵاودەکرێنەوە، هەندێکى بۆ ئەوەیە کە حکومەت ناشیرین بکرێت، بۆیە ئێمەچاوەڕێی بڕیارەکانى ئەنجوومەنى دادوەریی دەکەین، لەهەمان کاتیشدا چاوەڕوانى دەسەڵاتى جێبەجێکردن دەکەین کارەکانى خۆیان بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا گوتوومانە حکومەت هەمیشە دووپاتى ئەوەى کردووەتەوە لە پێش هەموو کەس و لایەنێکەوە پابەندى هۆی بۆ جێبەجێکردنى یاسا دەکاتەوە و رێزیش لە بڕیارەکانى ئەنجوومەنى دادوەریی دەگرێت.

ئاماژەى بەوەشکرد حکومەت سوورە لە سەر دژایەتیکردنى گەندەڵی و هەموو ئەو لەمپەرانەى لەبەردەم جێبەجێکردنى یاسادا بوەستێت، بۆ ئەو مەبەستەش  هەمیشە هەماهەنگی  هەردوو دەسەڵاتى یاسادانان و دادوەریی کردووە، لەو بوارەشدا پێویستمان بە هاوڵاتییەکى چاوکراوەش دەبێت و پێویستە هەمووان لەو بارەیەوە بەرچاوڕوون بن. بۆ ئەوەى هیچ کاتێک راستییەکان نەشێوێرنرێن و رای گشتى بەلاڕێدا نەبرێت.

لە بەیاننامەکەى حکومەتدا هاتووە: ژمارەیەک خەڵک و لایەن هەن کاربۆ ئەوەدەکەن کە حکومەت سەرقاڵیبکەن و بەگیری بهێنن بۆ ئەوەى لەسەر رەوتى نیشتمانی خۆی لابدات، ئەوەش بەرهەمی نابێت و کارێکى مایە پووچانەیە و ناتوانن لەبەردەم رێککارەکانى یاسادا بوەستن کە حکومەت کارى بۆدەکات و پشتیوانیی دەکات، دووساڵی رابوردوودا ئیدارەى ئەم کابینەیە بەو ئاراستیە کاریکردووە، سوورە لەسەر ئەوەى بگات بە کۆتایی چاکسازیی، هەروەها رێگریبکرێت لە پێشێلکردنى مافى گشتى ، هەرچەندە فشارەکان زۆر و بەهێزیش بن. 

وەڵامێکى درەنگ
بەیاننامە نوێیەکەى ئەنجوومەنى دادوەریی و حکومەتیش دواى چوار رۆژهات لە بەیاننامەیەکى پێشوو کە تیایدا هاتبوو: ئەوەى کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و بەشێک لە میدیاکان بڵاوکراونەتەوە هیچ راستییەکیان تێدا نییە، گوایە گوێ لە دادوەر فایەق زێدان گیرابێت، و یەکێک بووبێت لە ئامانجی ئەو گروپەى کە ویستوویانە گوێیان لێبگرن.

بەگوێرەى هەندیک لەسەرچاوەکان دواى بەیاننامە نوێیەکەى ئەنجوومەنى دادوەریی فەرمانى دەستگیرکردن بۆ دوو بەرپرسی باڵا لە نوسینگەى سەۆکوەزیران دەرچووە و سودانیش لە رۆژى 20ـى ئابدا بڕیاریداوە بە دروستکردنى لیژنەیەکى تایبەتى بۆ یەکێک لە ئەندامانى نوسینگەکەى ئەمەش لەوانەیە هەواڵێکى ناخۆش بێت بۆ ئەوانەى تر کە لە نوسینگەکەیدا کاردەکەن، لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانى پەرلەمان کە لەوانەیە دواى لێکۆڵینەوە لەگەڵیان مافى ئەندامێتییان لێوەربگیرێتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگاداریش بە رۆژنامەى شەرقلئەوسەتى راگەیاندووە دوو لە سەرکردە باڵاکانى چوارچێوەى هەماهەنگی لە پرۆسەى گوێگرتنەکەدا کرابنە ئامانج بۆیە هەردووکیان ئەنجومەنى دادوەرییان لەو بارەیەوە ئاگادارکردووەتەوە.

بەگوێرەى گوتەکانى مستەفا سەنەد  دادگاى لێکۆڵێنەوەى کەرخ کە تایبەتە بە تیرۆر هەفتەى رابوردوو هەستاوە بە دەستگیرکردنى تۆڕیک لەنێو کۆشکى نوسینگەى سەۆکوەزیران لەسەروو هەموویانەوە محەمەد جوحی و ژمارەیەک لە ئەفسەران و فەرمانبەرانى نوسینگەى سەرکوەزیران.

سەنەد باس لەوەشکردوە کە ئەو تۆڕە هەندێک کارى ناشایستەیان ئەنجامداوە، وەک ئەوەى گوێیان لە تەلەفۆنى ژمارەیەک پەرلەمانتار و خەڵکی سیاسی گرتووە و لەنێویاندا تەلەفۆنەکەى خۆم، هەروەها تۆڕێکیان دروستکردووە کە هەواڵی ناراست دروستبکەن و بڵاوی بکەنەوە لە دژى خەڵکانى سیاسی و خاوەن کارو بەرپرسانى میدیایی.

نزیکەکانى سودانیش باس لەوە دەکەن ئەم کارە تەڵەیەکە بۆ ئەوەى هەندێک حساباتى خۆیان لەگەڵ سودانى یەکلایی بکەنەوە، چونکە ئەم کارە دەبێتە تەنگەژەیەکى گەورە بۆی ، کاریگەریی لەسەر پێگە سیاسییەکەى دەکات بەتایبەتى لە ئێستادا کە بەرەو هەڵبژاردن دەڕۆین.

بەڵام بەها ئەعرەجی سەرکردەى پێشوو لە رەوتى سەدر رایگەیاندوە ئەم کارە بە نمایشێکى دەستکرد دەچێت، ئەعرەجی لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا رایگەیاندووە چوارچێوەى هەماهەنگی هەستاون بەم نمایشە لەدژى محەمەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیران بۆ ئەوەى ناچاری بکەن لە هەڵبژاردنى داهاتوودا بچێتەوە بەرەى ئەوان، ئەعرەجی راشیگەیاند ناکۆکی نێوان سودانى و چوارچێوەى هەماهەنگی دێرینەیە، بۆیە پێدەچێت نمایشی بێت، جەختیشی کردووەتەوە چوارچێوەى هەماهەنگی پێیانوایە سودانى کەسێکى ئاسانە دەتوانن بە ئاسانى بیخەنە ژێر رکێفى خۆیان و لە بەرژەوەندى ئەوان کاروبارى گرێبەست و بەرژەوەندییەکانیان بۆ بەڕێوەببات، وا دەزانن ئەو دەبێتە بەڕێوەبەرێک بۆ کارەکانى ئەوان، بەڵام ئەو بەو شتانە رازی نابێت و بەسەرکردە سیاسیە بەهێزەکەى خۆی دەمێنیتەوە.
فشارێک بۆ هەڵبژاردن.

لەکاتێکدا کە هەندێک لە لایەنەکانى نێو چوارچێوەى هەماهەنگی شیعە ناکۆکییەکانیان لەگەڵ سودانى ئاشکراکردووە، دەرکەوتنى رووى راستەقینەى کێشەى گوێگرتنەکە زیاتر دەرکەوتووە و سودانى زیاتر جەخت دەکاتەوە زووتر بگاتە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، لە هەمان کاتدا ژمارەیەکى دیى لەنێو چوارچێوەدا پییان خۆش نییە ئەو بابەتە گەورە بکرێت، بگرە هاوکاریی سودانیش دەکەن، چوون پێیان وایە ئەگەر ماڵی شیعە لەرزەى تێبکەوێت لەم بارودۆخەدا ئەوا تەنها بە پۆستەکەى سەرۆکوەزیرانەوە راناوەستێت و شوێنى دیکەش دەگرێتەوە..

هەربۆیە سەرەڕای ئەوەى هێشتا چوارچێوەى هەماهەنگی کۆبوونەوەشى نەکردووە بەڵام دوو لە سەرکردە دیارەکان پشتیوانى خۆیان بۆ حکومەتەکەى سودانى دەربڕیوە ئەوانیش بریتین لە عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتى حیکمە و قەیس خەزعەلى سەرکردەى عەسائیبی ئەهلی حەق و لە بارەیەوە بەیاننامەى پشتیوانییان بۆ حکومەتەکەى سودانی دەرکردووە.

بەڵام ئەو لایەنانەى کە دەیانەویست هەڵبژاردنى پێشوەختە  لە سەرەتاى ساڵی داهاتوو یان ناوەراستى ساڵى داهاتوودا ئەنجام بدرێت، بەڵام نەیانتوانیوە دەنگی پێویستى بۆ کۆبکەنەوە و زانیارییە دزە پێکراوەکان رایدەگەیەنن لە ئێستادا کار بۆ هەموارکردنەوەى یاساى هەڵبژاردن دەکەن و دەیانەوێت لە یەک بازنەییەوە بیکەن بە فرە بازنەیی، لەو بارەیەشەوە سودانى و زۆرینەى حکومەتەکەى رایان لەگەڵی نییە، ئەمەش رێگر دەبێت لەوەى لە خولەکانى داهاتوودا بتوانن حکومەت پێکبهێنن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP