دواین هەواڵ

کلتور‌

 پێش 2 هەفتە

ڕۆمانی IQ84 دەمانبات بۆ نێو قوڵایی و نهێنی خەیاڵێک

هەرێم نیوز
ڕۆمانی (IQ84) ئەدیب و چیرۆکنوس و ڕۆمان نوسی ژاپۆنی بەناوبانگ (هارۆکی مۆراکامی) دەمانبات بۆ نێو قوڵایی و نهێنی خەیاڵێک هیچ کەسێک نەیتوانیوە پێش ئەو ڕکابەری بکات لەو شێوە نوسینەدا، ئەو جیهانی خەیاڵی کۆن بەجۆرێک دەڕێسێت پێشتر باو باپیرانمان نەیانتوانیوە بەو شێوەیە حەقیقەت و ڕاستی ئێستا بەشێوەیەکی قوڵ و چڕ ئاڵۆز بنوسنەوە لەقاڵبی چیرۆک دا.


لەناو جیهانی ڕۆمانەکەدا دو مانگ دەردەکەوێت، کۆمەڵێک خەڵکی بچوک هەڵسوکەوت بەچارەنوسەوە دەکەن، خێر و شەڕ کێبڕکێی یەکتری دەکەن، بەڵام هێڵی جیاکردنەوەیان بەڕونی بەر یەکتریناکەون، ئەو زیاتر لەنێو پانتاییە خۆڵەمێشیەکاندا کار دەکات، پاڵەوانەکان وەک بوک و زاوایەکی هەڵواسراو جوڵەیان پێدەکرێت، لێرەدا نوسەر سەرکەوتنێکی نوێ بەدەستدەهێنێت، ئەو خوێنەر توشی شۆک دەکات ئاوێتەی چیرۆکی دەکات، بەجۆرێک ناتوانیت خۆت دەرباز بکەیت لە جادویی خەیاڵ یان دەستبەردارببیت لە خوێندنەوە.

سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی ڕۆمانەکە، گۆڤاری (نیوزویک)ی ئەمریکی دەڵێت؛ گەر ئەم ڕۆمانە ماڵێک بێت بۆ چێژ و خۆشی، چێژێکی بوێرانە بو، کاتێک دەڕۆیتە نێو قوڵایی پێکهاتەی ڕۆمانەکە بە هەمو باوەڕێکتەوە سەرکێشی دەکەیت.

‏IQ84
سەرەتا پرسیارت لا دروست دەبێت تۆ بڵێیت نوسەر مەبەستی چی بێت لەو ژمارانە، بۆ ئەو ژمارە و پیتانەی کردۆتە ناونیشانی ڕۆمانەکەی؟ دواتر تێدەگەین لەوەی ئەو ناونیشانێکی تایبەتی هەڵبژاردوە بۆ رۆمانەکەی پیتی (I) لە زمانی ژاپۆنیدا واتای ژمارە یەک دەگەیەنێت، هەروەها (Q) واتای ژمارە نۆ دەگەیەنێت، یان (کورتکراوەی وشەی پرسیار بەزمانی ئینگلیزی) ئیدی بەم شێوەیە ناوی ئەم رۆمانە دەبێتە هاوشێوەی رۆمانەکەی (جۆرج ئۆروێل) (1984) ئەمە لەکاتێکدا ڕوداوەکان لە هەمان ساڵدا ڕو دەدەن بەڵام لە ژاپۆن .. بەجۆرێک هێڵی درامی ڕوداوەکان دەڕوات تۆی خوێنەر دەستەوەستان دەبیت دەستهەڵگریت تا کۆتایی.

بەدڵنیایی بەکارهێنانی هەمان ناو هەڕەمەکی نەبوە، بەڵکو ئەو کۆمەڵێک بیرۆکەی ڕاست نمایشدەکات لەلایەن دەوڵەتان و کۆمەڵێک لایەنی دیاریکراوەوە کە یاری دەکەن بە ئاڕاستەکان و چارەنوسی خەڵکیەوە، ئەمە لەکاتێکدا ئاماژە دەدات بە ڕێکخراوە ئایینیەکان و کاریگەریان لەڕوی ئاڕاستەکردن و دەستگرتن بەسەر ئەندام و شوێنکەوتوانیاندا، هەمو ئەو لایەنانەی ئایین پەردەیەک دروست دەکەن بۆ پۆشینی خراپە و توندڕەوی ئایینی و لیبرالیزم، تەنانەت بەرژەوەندی گشتی، هەروەک چۆن ڕابردو پشتگوێ ناخات، چۆن خەڵکی دەخنکێنرێن و وابەستە دەکرێن و ئاڕاستە دەکرێن.

لە بەشی یەکەمدا؛ ڕوداوەکانی نێو پێکهاتەی چیرۆک دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1984 و بەدیاریکراوی لەنێوان مانگی نیسان و حوزەیران، بەشی دوەمدا؛ لەنێوان مانگی تەموز و ئەیلولدا، لەبەشی سێیەمدا؛  لەنێوان مانگەکانی تشرینی یەکەم و کانونی یەکەمدا.

شێوەی گێڕانەوەی چیرۆک و ڕوداوەکان
مۆراکامی دو هێڵ هەڵدەبژێرێت لەپێناو نوسینەوەی ڕوداوەکاندا، هەر یەک لەو دو هێڵە دایناوە تایبەتن بە پاڵەوانێک، سێ بەشی چاپکردوە، ئەوەی مایەی سەرنجە ئەو لەناو وردەکاریەکاندا مەلە دەکات بەبێ ئەوەی بکەوێتە تەڵە و ساردبونەوە، ئەوجۆرە لەگرفت زۆرکات یەخەی خوێنەر دەگرێت کاتێک رۆمان دەخوێنێتەوە.

(ئومامە.. تنگۆ) دو پاڵەوانی کاریگەری ڕابردویان لەسەرە، کاریگەری جیهانێکی سادە، ئەو ڕابردوەی باوباپیرانی لەسەر بوە، هەروەها جیهانێکی دیکەی خێرا و نوێ، ئەوەی ئێستا تێیدا دەژین، هەریەک لەو دو کارەکتەرە سروشتێکی تایبەتی هەیە، بەناو وێستگەیەکدا هاتون دەتوانرێت چیرۆک و ئەفسانەی ڕۆمانی لێدروست بکرێت، هەر یەک لەو دو کارەکتەرە پانتایی (1800) لاپەڕەیان داگیرکردوە.

پاش بڵاو بونەوەی ڕۆمانەکە گۆڤاری (زی کریستیان ساینس مۆنیتەر) بەمشێوەیە وێنای ئەو دو کارەکتەرە دەکات (ئومامە و تەنگۆ.. دو پاڵەوانی نێو پێکهاتەی ڕۆمانەکەن هەریەکەیان بەرەو ئەوی دیکەیان دەڕوات، وەک بڵێیت دوو کەشتی ژێر ئاویین ڕێگای خۆیان دەبڕن تا بگەنە سەر دەریا، کاتێک ڕۆمانی IQ84 خوێندەوە هەستم دەکرد ئەوی دیکەیان منم، بەرەو سەرەوی دەریا دەڕۆم، تەنانەت پاش چەندین ڕۆژ هەستم نەدەکرد دونیا وەک پێشو بێت) بۆ من جیهان گۆڕا بو.

ئومامە.. ڕوخسارێکی دیکەی حەقیقەت 
کچێکی پێگەیشتو، ڕاهێنەری وەرزشی جەستەیی، لەبنەڕەتدا بکوژێکی بەکرێگیراوی بەتوانایە، بەڵام تۆ ناتوانیت هاوسۆزی نەبیت، نوسەر ژەمێکت پێشکەش دەکات پڕیەتی لەپاڵنەر، دواتر کۆمەڵێک سەرەداوت بۆ ئاشکرا دەکات جار و بار ناچار دەبیت پشتیوانی بکەیت، دواتر لە وێستگەیەکی دیکەدا دەبیتە دژ.

تۆ لەگەڵ خۆتدا گفتوگۆ دەکەیت و هەمان ڕستەی شۆفێری تاکسیەکە دەڵێیتەوە پێش ئەوەی بچێتە جیهانێکی دیکە وتی (وادیارە شێوەی ناسراوی شتەکان گۆڕاوە، دەکرێت شتەکان لەچاوی تۆدا جیاوازبێت لەچاو پێشو، بەڵام مەهێڵە ڕوکەش فریوت بدات.. هەمیشە یەک حەقیقەت بونی هەیە).

لێرەدا لەگەڵ هەست و سۆز و ڕقی خۆتدا پێکدادانت بۆ دروست دەبێت، کاتێک تۆ لەدورەوە هێڵی درامی یاریەکان دەبینیت، چاودێری دەکەیت، لێرەدا تۆ بەشێک نیت لەیاریەکان، ئەی چۆن هەڵس و کەوت دەکەیت ژاتێک دەبینیت بەرگی بەزەیت پۆشیوە بەرامبەر بە بکوژێک کاتی مەرگی کەسێک دەگۆڕێت.

تەنگۆ .. حەقیقەت و خەون 
سەبارەت بە تەنگۆ، ئەو گەنجێکە هاوشێوەی هەر یەکێک لەئێمە لە وڵاتەکانماندا، بارودۆخ وایکردوە وەک وەک مامۆستایەک دەستبەکاربێت تا بژێوی ڕۆژانەی پەیدا بکات، بەڵام ئەو خەون دەبینیت ڕۆژێک لەڕۆژان ببێتە نوسەر، چونکە لەڕاستیدا مامۆستایی بەم دواییە داهاتێکی ئەوتۆی نییە، تابتوانێت بڕواتە نێو یاریەک سادە دیارە بەڵام نزیک بو ژیانی لەناو ببات، ئەو دەیەوێت وەبەرهێنان بکات لە تواناکانیدا لەبواری نوسیندا، تێکستێکی ئەدەبی دەستکاری بکات سەبارەت بەکچێکی 17 ساڵ، تا بتوانێت ئەو ڕۆمانەی خەڵات بەدەست بهێنێت، ئەو تەنها ڕێگای ئەو کچە ناگۆڕێت لەنێو پێکهاتەی ڕۆمانەکەدا، بەڵکو جیهانی ئەو بەگشتی دەگۆڕێت.
تەنگۆ دەکەوێتە ژێر فشار و قورسایی کۆمەڵێک گرفت، ئەو هەوڵ دەدات مرۆڤایەتی خۆی بپارێزێت گەرچی قۆناغی منداڵی زۆر سەخت بوە، ئەو بەناو دۆزەخدا گوزەری کردوە، تەنانەت هەستی باوکایەتی بۆ باوکی نییە، ئەو پێی وانیە باوکی ڕاستەقینەی بێت، ئەو بەردەوامە لەناو ڕوداوەکانی ڕۆمانەکەدا بەپاڵنەری بەرژەوەندی، هەروەها ئەوەی دێت بە خەیاڵیدا وەک مرۆڤێکی باش.

لەڕێگادا بۆی ئاشکرا دەبێت نوقمی خۆشەویستی کچێک بوە، هەمو ئەوەی لەیادگەیدا ماوەتەوە ڕۆژێک لە ڕۆژەکۆتاکانی قۆناغی خوێندنی بنەڕەتی دەستی بەر دەستی ئەو کەوتبو، لێرەدا مۆراکامی پشانمان دەدات چۆن خۆشەویستی دەکرێت بازنەیەکی دەرباز بون بێت، گەرچی دور بیت و بەریەک کەوتنی جەستەییت نەبێت، تەنانەت گەر ئەوەی بەرامبەر بێئاگا بێت.

خۆشەویستی و ترس، بێهیوایی و ئومێد، گومان و دڵنیایی، حەقیقەتێکی پوخت و خەیاڵێکی تەواو، ستەم و دادپەروەری، کۆمەڵێک بیرۆکەیە مۆراکامی لەناو پێکهاتەی ڕۆمانە مەزنەکەیدا بەشێوەیەکی ڕێژەیی نمایشی دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا خوێنەر پەلکێشی خوێندنەوە دەکات تا کۆتایی بەبێ ئەوەی بێزار ببیت.

ناتوانین ئەو هەمو لاپەڕە دور درێژە بە نوسینێکی سەرنجڕاکیش وێنا بکەین، گەر تۆ ئاشقی خوێندنەوەی ڕۆمانیت، ئەم ڕۆمانە لەدەست خۆت مەدە و گەشت بکە بەناو جیهانی جادویی مۆراکامیدا، جیهانێک پڕیەتی لەداهێنان، جیهانێک بەردی بناغە تا دەگات بەڕوداوەکان نوسەرێک دایڕشتوە خاوەنی خەیاڵدانێکی نمونەییە، خاوەنی بیرۆکەی هەتا هەتاییە، توانیویەتی لەڕوداوەکان چیرۆک بچنێت و ئاڵۆزی بکات بەمەتەڵ و نهێنی، دواتر جادویی نهێنی مەتەڵەکان شیکاری بکات و دوبارە ئاڵۆزی بکاتەوە، لەبەشی دوەم و سێیەمدا، کاتێک ڕۆمانەکەت تەواوکرد، لەشەقامێکەوە ڕۆشتی خەیاڵت دەڕوات بۆ نێو قەرەباڵغی، وێنای ئەوە دەکەیت چاڵێک بتبات بۆ جیهانێک دو مانگی تێدا بێت لەگەڵ خەڵکی بچوکدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP