دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 پێش 3 هەفتە

هاوسەرگیریی عەقڵانیی

بەگشتیی هۆکارەکانی جیابوونەوەی هاوسەران، تێگەیشتنی هەڵەیە لە هەڵبژاردنی جۆری هاوسەر.

بڕوابوون بەوەی کە هاوسەرگیریی قەدەرە و ناچارییە، ئەم بۆچوونە هەڵەیە و دژی خوودی دینی ئیسلامە. چونکە هاوسەرگیریی قەدەرێکی ئیختیارییە نەک ئیجباری. زۆرینەی ئەوانەی باوەڕیان وایە زەواج قەدەرێکی ئیجبارییە هەڵەن، ئەوانەن کە لەپڕۆسەی زەواج فەشەلیان هێناوە و بەم قسەیە دەروونی خۆیان ئارام دەکەنەوە. مێشک بۆئەوەیە بیربکەیتەوەو خاڵی هاوبەش بدۆزییەوە بۆ ئەم پڕۆسەیە. هاوسەرگیریی لەدەست خوودی مرۆڤدایە.

هاوسەرگیریی ستراتیژ و تووندوتۆڵ بە خۆشەویستی بەردەوام نابێت، خۆشەویستی دەرگای هاوسەرگیریی دەکاتەوە، بەڵام یەکترقبووڵکردن بنەمای بەردەوامیی و چوونە ناو دەزگای خێزانە. هاوسەرگیریی چرایەکە و یەکترقبووڵکردن سووتەمەنیەکەیەتی. لە زۆرینە دۆسییەکانی جیابوونەوەدا پەیوەندی خۆشەویستی هەبووە لەنێوان لایەنەکان، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. وەک گوتمان یەکترقبووڵکردن بنەمای درێژخایەنی ژیانکردنی خێزانە نەک خۆشەویستی و هەڵچوونە دەروونیەکان.

ژینگەی کۆمەڵایەتیی جیاواز، هۆکارێکی کاریگەرە بۆ جیابوونەوەی هاوسەران. چونکە مرۆڤ پەروەردەی ژینگەکەیەتی و ئەم ژینگەیەش کاریگەری درێژخایەنی دەبێت لە هەست و نەستدا. زۆر دۆسیەی جیابوونەوە هۆکارەکەی جیاوازی تێگەیشتن و ژینگەی جیاوازە. کاتێ کەسێک دیاری دەکەی بۆ زەواج، هەر خوودی کەسەکە گرنگ نییە، ژینگەی خێزانەکە لەکەسەکە زۆر گرنگترە.

هاوسەرگیرییەک بەبێ فلتەری عەقڵانیی، کۆتاییەکەی جیابوونەوەیە یان دۆزەخێکی ناچارییە. هەموو تێگەیشتنە سادەکانی سەرەتای زەواج دواتر دەبنە هۆکاری گەورەی جیابوونەوە. هەمیشە باخاڵی هاوبەش هەبێت لەنێوان تۆ و ئەو کەسەی دەبێتە هاوسەرت. لەپاڵ چاو و دڵت فلتەری عەقڵ لە هەموویان گرنگترە. ئەگەر خاڵی هاوبەش نەبوو، جوانیی و دەوڵەمەندیی و عەشق و خۆشەویستیی فریات ناکەون.

ئەگەر بەعەقڵانی هاوسەرگیریی نەکەی، دەرگای دۆزەخ دەکەیتەوە بۆ ژیانکردن. چونکە ئێمە لەدادگا ڕۆژانە لەم دۆسیانەداین، بۆیە وریابەو ژمارەی هەڵە لێ نەدەی. با عەقڵ بەسەر ئارەزووەکانتدا زاڵبێت، ئامادەکارییەکانت لەڕووی دارایی و بەڕێوەبردن و شوێنی نیشتەجێبوونی سەربەخۆت لەبەر چاوبێت. چونکە ئارەزووەکان کاتیین و عەقڵ درێژخایەنە. فەلسەفەی هاوسەرگیریی تەواوکردنی یەکترییە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP