دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 29/08/2024

بۆچی زۆربەی حزبەکان مووچەخۆران بێ ئومێد دەکەن؟!

‎هەرێم نیوز

‎لە کاتێکدا عێراق بەپێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی ڕاگرتووە، هاوڵاتییان لە نیگەرانیدا بوون، بەشێکی زۆری میدیاکان بەبڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و بێهیواکەر، هێندەی تر دۆخەکەیان لای مووچەخۆران ناخۆشتر کرد.

‎ئەمڕۆ چەند هەواڵی خۆش ڕاگەیەندرا، لەوانەی دابەشکردنی مووچەی مانگی حەوت و هەشتی مووچەخۆران کە بەئەگەری زۆرەوە یەکشەممە دابەش دەکرێت.

‎بەڵام میدیاکانی ئۆپۆزسیۆن و بەناو ئۆپۆزسیۆن، بەدەر لەمیدیاکانی پارتی، چەند ڕۆژێکە بۆردوومانی هەواڵی نەرێنییان لەسەر ڕێکنەکەوتنی شاندی هەرێم و بەغداد و نەهاتنی مووچە بڵاودەکردەوە، هەر کاتەی بەناوی سەرچاوەی نادیارەوە خەڵکیان بۆردومان دەکرد بەهەواڵی ناراست و لێدوانی چەواشەکارانە، ئەگەرچی لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە هیچ لێدوان و ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لەسەر نەناردن و هۆکاری نەناردنی مووچە بڵاونەکرابوویەوە. لەم کارەشدا مەبەستیان لێدان بوولە حکومەتی هەرێم و زیادکردنی دەنگەکانیان لەسەر هەست و شعوری هاوڵاتیان، بەم کارەش هاوڵاتییانی هەرێمیان خستبووە دڵەڕاوکێوە.

‎ئێستا؛ بەپێی زانیارییەکان، هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی حەوت دابەش دەکرێت،  بەدوای ئەویشدا موچەی مانگی هەشت، ئەمە لە پاڵ هەواڵێکی خۆشی دیکە کە هەر ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە؛ ئەویش وەزارەتی خوێندنی باڵا ناوی سێ یەکەمەکانی بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم ناردبوو بەمەبەستى دامەزراندنیان.

‎جێی ئاماژەیە، نەناردنی مووچە و دواخستنی لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، بەپێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق بووە، کە بڕیاربوو مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەکرێتە کارتی سیاسی و بەبارمتە نەگیرێت، بەڵام وەک وتەبێژی حکومەت ڕایگەیاند، عێراق مووچەی هەرێمی بەدیل گرتووە و بیانوو و پەڵپی سیاسی دەگرێت بۆ نەناردنی مووچە.

‎هەر ئەمڕۆ ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەران وتی، وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ناردنی مووچەی مانگی تەمموز داوای لەهەرێم كردووە پاكتاوی ژمێری چەند مانگی رابردووی لەگەڵدا بكات، ئەگەر وەزارەتی دارایی عیراق بەم بیانووە مووچەی مانگی تەمموزی مووچەخۆرانی هەرێمی راگرتبێت پێچەوانەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵییەو ناكرێت مووچەی مووچەخۆران بەبارمتە بگیرێت".

‎لە کاتێکدا، بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم لە رۆژی 21-7-2024 ەوە حکومەتی هەرێم لیستی مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی هەرێمی بۆ بەغدا ناردووە، هاوکات لیستی مووچەی خانەنشینانیشی بەهاوتاکراوی لەگەڵ عیراق بۆ دارایی حکومەتی فیدراڵ ناردووە. ئەمەش بەبڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بوو کە بڕیاری دابوو وەزارەتی هەرێم ناردنی لیستی مووچە پێشبخات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP