دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 28/08/2024

جەمال عەبدوڵا: یەکگرتووی ئیسلامی تاکو پێش ساڵی ٢٠٠٣ دەیان هەزار دۆلاری لە موخابەرات و ئەمنی عێراقی وەرگرتووە

محەمەد جەمال - هەولێر

جەمال عەبدوڵا، نووسەر و ڕۆژنامەنووس وڵامی پەرلەمانتارێکی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەداتەوە کە هۆکاری نەهاتنی مووچەی لەلایەن بەغداوە خستۆتە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

جەمال عەبدوڵا، نووسەر و ڕۆژنامەنووس لە لێدوانێکی بۆ هەرێم نیوز دەڵێت، ئەگەر مێژووی قوڵی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان وەک بەشێک لە ئیخوانی دونیا وەر بگری، هەر لەپێش ڕاپەڕینی ١٩٩١ـی خەڵکی کوردستان، یەکگرتوو نەک هەر عێراقچی، بەڵکو سەدامچیش بووە.

باس لەوەش دەکات، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان تاکو پێش ساڵی ٢٠٠٣ دەیان هەزار دۆلاری لە موخابەرات و ئەمنی عێراقی وەرگرتووە.

دەشڵێت، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بیرکردنەوەکانی دژی نەتەوایەتییە، لەبەرئەوەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان خەمی مسولمانێکی ئەفغانی لەلا زیاترە وەک لەوەی کە خەمی کوردستانی بێت.

سەبارەت بە دژایەتیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تۆمەتبارکردنی لەلایەن پەرلەمانتارێکی یەکگرتوو کە هۆکاری نەناردنی مووچەیە لەلایەن بەغداوە، جەمال عەبدوڵا وتی، ئەوان هەمیشە پێداگیرییان لەوە دەکرد کە حکومەتی هەرێم دەبێ نەوت ڕادەستی بەغدا بکات، ئەو کاتە بەبێ دواخستن مووچەی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت، بەڵام فەرموو نەوتیشمان ڕادەست کرد و مووچەش هەر نەهات.

دەشڵێت، مەبەستی ئەوان لە دژایەتیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پووکانەوەی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستانە جا بە هەر شێوەیەک بێت.

ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو پەرلەمانتارە کوردانەی کە لەبەغدا هەمیشە لەدژی حکومەتی هەرێم قسە دەکەن، دەیانەوێ کوردستان هەمیشە لەو گێژاوەیەدا بێت و مووچەش نەیەت و خەڵکیش بێزاڕ بن و خۆپیشاندان بکەن، بۆئەوەی لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا نانی پێوە بخۆن و دەنگێک بۆخۆیان کۆبکەنەوە و خەڵک چەواشە بکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP