دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 پێش 3 هەفتە

ناشیرینیی، تاوانە؟

رۆزا دڵشاد مەریوانی

ئەو رووداوانەی لە ئۆڵۆمپیادی ئەمساڵی پاریس روویاندا ئەوەیان دووپات کردەوە کە ناشیرینی تاوانە، کاتێک بەو جۆرە هێرش کرایە سەر پاڵەوانی بۆکسێنی جەزائیری ئیمان خەلیف، زۆربەمان کەوتینە داوی حوکمدان لەسەر بنەمای جوانیی، لە کاتێکدا وەک هەمیشە وتراوە جوانیی بابەتێکی رێژەییە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات و زیادبوونی ئەو رێگایانەی لێیەوە مرۆڤ دەتوانێت «خۆی جوان بکات» پێوەرەکانی جوانیی گۆڕاوە، وایلێهاتووە کەسێک جوانە ئەگەر بەپێی پێوەرەکانی سەردەم جوان بێت، واتا تۆ جوان نیت ئەگەر وەک ئەو پێوەرانە نەبیت، بە رادەیەک ناشیرینیی بەتایبەت لەنێو ژناندا بۆتە تاوان و ئەگەر رازیش بیت بە روخساری خۆت هەر کەسێک ئامادەیە پێت بڵێ ئەوە فڵانە جوانکاریی بۆ ناکەیت؟

بۆ نموونە جارێکیان ناسیاوێک پێیوتم «ئەوە چۆنە تائێستا ئەو جۆرە نەشتەرگەریی جوانکارییەت نەکردووە؟» بەڕاستی ئەوە تووشی شۆکی کردم، چونکە چۆن کەسێک لەخۆی رادەبینیت تەدەخول لە بابەتێکی تایبەتیی لەوجۆرەدا بکات، بۆیە پێموت لەبەرئەوەی بەوشێوەیەی ئێستا خۆم لەلا جوانە. راستە رەنگە ئەگەر ئەو جۆرە نەشتەرگەرییە بکەم بەپێی پێوەرەکانی سەردەم جوانتر بم، بەڵام ئایا کاتێک لە ئاوێنەدا تەماشای خۆم دەکەم ئەو رووخسارە نوێیەم بەدڵ دەبێت؟ کە تازە جارێکی دیکە ناکرێتەوە بە کۆنەکە.

ئەوەی زۆربەی خەڵک نایزانن ئەوەیە چوونە نێو گێژاوی نەشتەرگەرییە جوانکارییەکان بەتایبەت لەنێو کچان و ژناندا هەندێکجار دەچێتە قاڵبی ئالوودەبوونەوە، تا وایلێدێت کەسەکە رووخسارێکی ترسناکی دەبێت، لەبەرئەوەی هۆکاری کردنی ئەو گۆڕانکارییانە بەهۆی ناجێگیریی دەروونەوە دەکرێت، ئەگەر ئەو ژنە یان کچە بۆ رزگاربوون لە مێژوویەکی بە ئازار وەک دەستدرێژی سێکسی یان توندوتیژیی..هتد پەنا بۆ ئەو جۆرە جوانکارییانە ببات بەبێئەوەی رێگە راستەکە هەڵبژێرێت و چارەسەری دەروونیی وەربگرێت.

دواجار بە رای من خۆ جوانکردن عەیبە نییە، بەڵام باوەڕیشم بەوە هەیە هەموو ژنێک جۆرێک لە جوانیی تێدایە، تەنانەت ئەو پاڵەوانی بۆکسێنەش، ئەگەر رەفتار و سروشتی خۆی جوان بێت، هەروەها گرنگە بزانیت تۆی مێینە لەبەر چی و کێ خۆت جوان دەکەیت، هەمیشە کەسی یەکەم خۆت بیت و لەبەر خودی خۆت هەوڵی جوانکردنی ناخ و تەندروستی خۆت بدەیت، ئینجا رووخسارت بە شێوەیەکی سروشتیی جوان بکەیت، واز لەو بیرکردنەوەیەش بێنین کە ناشیرینیی تاوانە و دەبێت جوانیی هەموومان وەک یەک و یەک قاڵب بێت.    



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP