شوان ئەحمەد
ئەدۆنیس لە گفتوگۆیەکی هەمەلایەندا کە ڕۆژنامە نووسی لوبنانی(بەیار ئەبی سەعب) لە گەڵیدا سازیداوە، بە بڕوابەخۆبوونێکی زۆرەوە دەڵێت:(دەتوانیت هەموو مێژووی عەرەب، لە میانەی شیعری منەوە بخوێنیتەوە). گەر بێتوو بۆ ئەم پرسە بەرهەمە تیۆری و شیعرییە بە ژمارە زۆرەکانیشی وەلاوە بنێین، ئەوا سێ بەرگی (الكتاب)، ڕاستی ئەو قسەیەی دەسەلمێنێ و دەتوانین لەوێدا مێژووی عەرەب و ئیسلام، وەک خۆی بخوێنینەوە.
بە هەمان شێوە لە سینەمای مارتن سکۆرسیزیش دا، بینەر دەتوانێ بە مێژووی دور و نزیکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاشنا بێت. هەر فیلمێکی ئەو، پارچەیەک یان بڕگەیەک یاخود ڕوداوگەلێکی مێژووی وڵاتی مام ساممان نیشان دەدات.
لە (چەتەکانی نیویۆرک و گازینۆ و تاکسی درایڤەر)ەوە، تا بە(کیلەرز ئۆف زەفلاوەر موون)دەگات، سکۆرسیزی لە هەوڵی بێوچانی خۆی بۆ هەڵکۆڵین و هەڵماڵین و توێکاریی مێژووی، پڕ توندوتیژی و ناشیرینی و خوێن و جەنگی ئەو جوگرافیایەی ساڵی ١٤٩٢ کۆڵۆمبۆس کەشفی دەکات دواتر دەبێتە سەردەستەی وڵاتانی جیهان، بەردەوامە.
سینەمای سکۆرسیزی، سینەمایەکی هونەری ئاست بەرز و پڕ چێژ و تایبەتە. بایەخ و گرنگیەکەشی لەوەدایە، ئەوە دەڵێ و ئەوە نیشان دەدا و ئەوە دەگەیەنێ کە سیاسەتی فەرمی وڵاتەکە و میدیای ئاڕاستەکراو و هەلپەرست، هەوڵی شاردنەوە و بێدەنگی لێکردن و بزرکردنی دەدەن.