دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 پێش 4 هەفتە

کام پەیوەندییە ترسناکترینە؟

د. نیاز نەجمەدین
باسی دووجۆر کەسایەتیی دەکەم. یەکەمیان تەنگژەی دەروونیی بۆدەرلاین(borderline)ی هەیە و بە ناسەقامگیرەکان تەرجەمەی ئەکەم، دووەمیان نەرجسییە (خودشەیداییە، یان نارسیسیستە)کانن، ئیدی ئەم کەسانە باوک و برات بن، خوشک و دایکت بن، هاوسەر و خۆشەویستت بن، هاوکار و هاوڕێت بن، بەڕێوەبەرەکەت یان بەرپرسە سیاسییەکەت بن.

ژیانکردن یان کارکردن لەگەڵ ناسەقامگیرەکان ترسناکە. بەڵام ژیانکردن یان کارکردن لەگەڵ نەرجسییەکان ترسناکترە. ئەگەر ئەم دووانە پێکەوە کار بکەن یان بژین، ئەوا ترسناکترینە.

با سەرەتا بزانین بۆ ئەم جووتە دەچنە پەیوەندییەوە لەگەڵ یەکتر. بەدەر لە هۆکاری خزمایەتیی، سەیری جیاوازییەکانیان بکەیت تێدەگەیت ناسەقامگیر و نەرجسیی بۆچی بۆ یەکتر فیتن و ئاسان نابێت بۆیان یەکتر جێهێڵن. تێشدەگەیت بۆچی ناتوانن چاک ببنەوە، بەتایبەت نەرجسییەکە.

ناسەقامگیر خۆبەکەمزانە، نەرجسیی دەردەمەزنیی هەیە. ناسەقامگیرەکە بە کاریزمای نەرجسییەکە ناتەواوییەکەی خۆی دادەپۆشێت. ناسەقامگیر خۆوێرانەکەرە، پتر لۆمەی خۆی دەکات کاتێک هەڵەیەک روودەدات، هەندێک جار لەلای دەبێت بە قەناعەت کە خراپە. بەم هۆیەوە ئازاری ویژدانی زۆرە. نەرجسیی خۆی وەک قوربانیی دەبینێت، پتر لۆمەی بەرامبەرەکەی دەکات و خۆی لێ بێبەریی دەکات، هەندێکجار وات لێ دەکات قەناعەت بکەیت کە تۆ خراپەکەیت. واتە بەرامبەرەکەی وێراندەکات. نەرجسیی ئازاری ویژدانی کەمە و لە شوێنێکدا دڵی دەبێت بە بەرد، ئەگەرچی وادەزانێت ئەو لەسەر هەقە. ناسەقامگیرەکە بڕێک لەم نەبوونی ویژدانە لە نەرجسییەکە وەردەگرێت تا ئازاری خۆی بشکێنێت. ناسەقامگیر هەست بە نادڵنیایی دەکات و بەردەوام خەمێتی جێیهێڵیت. نەرجسییەکە کەمێک لەو خەمەش دەڕەوێنێتەوە کاتێک خۆشەویستییەکی بێ سنوری پێ دەدات، بێ ئاگا لەوەی مەبەستەکە کۆنتڕۆڵە. بەو پێیەی نەرجسیی کەسێکە خۆی وەک شاز و پلە یەک دەبینێت، ئەوا پێویستی بە کەسایەتییەکی لاواز هەیە تا وەک ئاوێنە رۆژانە سەیری مەزنیی و نایابیی خۆی تیادا بکات. بۆ ئەم مەبەستە، کێ لە ناسەقامگیرەکە باشترە؟ کەس.

ناسەقامگیر و نەرجسیی بازنەیەکی نیمچە هاوبەشیان هەیە، بەڵام بە پاڵنەری جیاواز، کە لە چوار ئەڵقە (قۆناغ)ی سەرەکیی پێکهاتووە و لێرەشدایە مەترسییە گەورەکە روودەدات. (مەرج نییە لایەکیان نەرجسیی و لایەکەیتر ناسەقامگیر بن، بەڵام من باسی ئەمەیان دەکەم. هەمان شیکاریی و روونکردنەوە خۆت دەتوانیت بەسەر خۆت و نەرجسییەک یان خۆت و ناسەقامگیرێک تەتبیق بکەیت).

بێینەوە سەر باسی بازنەی چەرخ و فەلەکەکە. لە ئەڵقەی یەکەمدا، نەرجسییەکە و ناسەقامگیرەکە یەکتر لە گۆمی رێز و موحیبەتدا نوقم دەکەن، پێی دەڵێن بۆمبارانکردن بە خۆشەویستیی (love bombing). ناسەقامگیرەکە وەک نمونەی باڵا سەیری بەرامبەرەکەی دەکات. "کەس هێندەی تۆ لێم تێناگات" رستەیەکی باوە لای ناسەقامگیرەکان. نەرجسییەکەش بە مەبەستی کۆنتڕۆڵ، خۆشەویستییەکی بێسنور بە بەرامبەرەکەی دەدات. بەڵام ئەم ئەڵقە هەنگوینییە زۆر ناخایەنێت.

 شەڕەکە بە زۆر هۆکار لە لایەنێکیانەوە دەبێت رووبدات. هۆکارێک ئەوەیە بۆ ناسەقامگیرەکە "شەڕ لە بەتاڵیی باشترە". بەتاڵیی تەنها گیرفانبەتاڵیی و بێکاریی نییە، بەڵکو ناخبەتاڵییشە کە ترسناکترە لە بەتاڵە (البطالة). ناسەقامگیرەکە دەبێت شەڕ بکات تا لە بەتاڵییەکەی ناخی دەربازی ببێت، تا بۆی دووپات بکەیتەوە ئەوت زۆر لەلا گرنگە و جێیناهێڵیت. لە ناکاوا نائومێدیی بەرامبەر بە نەرجسییەکە لای ناسەقامگیرەکە دروست دەبێت، دڵتەنگیی دەیگرێت و مۆن دەکات. زۆرجاریش گڕ و تین دەداتە بەر خۆی و رەخنەی نەرجسییەکە دەکات بە حساب چاکی دەکاتەوە و دەیخاتەوە ژێر رکیفی خۆی. نەرجسییەکەش کەسێکە دەعێکەی نە قبوڵی ئەوە دەکات مۆنی لێ بکەیت، نە رەخنەش وەک دڵسۆزیی دەبینێت، بەڵکو توڕەی دەکات. لە ئەسڵدا، رۆژانە پێویستییەکی زۆری بەوە هەیە پیایدا هەڵبەیت تا نەرجسییەتەکەی تێر بکات. ئەمانەش لە توانای هیچ کەسێکدا نییە چجای ئەوەی بە ناسەقامگیرەکە بکرێت، بۆیە هەر دەتەقێتەوە.

دەتەقێتەوە و دەکەونە یەکتر شکاندن. ئەم ئەڵقەیە پێی دەڵێن کەمنرخکردن(devalue). لە پەیوەندیی تەندروستدا، متمانە هەیە، درکاندنی نهێنیی مەترسی نابێت بۆ سەر یەکتر. بەپێچەوانەوە بۆ پەیوەندییەکی ناتەندروستی وەک نەرجسیی و ناسەقامگیرەکان. ئەو نهێنییانەی رۆژانی هێمنیی بۆ یەکیان گێڕاوەتەوە، رۆژانی شەڕ وشە بە وشە بەسەر یەکتردا دەیڕشێننەوە، لە نرخی یەکتر کەم دەکەنەوە و حەیا بەیەکەوە ناهێڵن جا رووبەڕوو یان لە پاشملە بێت. لە لای ناسەقامگیرەکەوە، رستەی زبری وەک "تۆ زۆر خۆویستیی، قەت چاوەڕێی ئەمەم لێ نەئەکردی" دەست پێ دەکات. لە لای نەرجسییەکەوە، رستەی وەک "خۆو زۆر بە موهیم ئەزانی؟ پففففف" دەست پێ دەکات. بەو هۆیەوە نەرجسیی قبوڵی دۆڕان ناکات و دەبێت هەر بیباتەوە، کۆتایی شەڕەکە دۆڕانی ناسەقامگیرەکەیە.

ئینجا هەڕەشەی ماڵ جێهێشتن، یان وازهێنان لە کار، یان "سەری خۆم هەڵئەگرم" لەلای ناسەقامگیرەکەوە دەست پێدەکات. هەڕەشەی "سەدی وەک تۆ و لە تۆ زۆر موهیمتر مەمنونمە"ش لای نەرجسییەکەوە غاررە دەکات. حاڵەتی تەندروست ئەوەیە داوای دابڕانێکی کورت بکەیت بەڵام بە مەبەستی هێمنبوونەوە و گفتوگۆی ژیرانە و ساڕێژکردنی برینەکانی هەردوولا. دوای ئەمە ئەگەر پەیوەندییەکە گەیشتووەتە بنبەست، لەسەرخۆ لە یەکتر جیاببنەوە (گرێبەستەکەیان کۆتایی پێبهێنن)، بەڵام ئەمە لە توانای ئەواندا نییە. بەپێچەوانەوە، یەکتر رسوا ئەکەن. هەر لە قۆناغی دوورکەوتنەوەدا (discard) خەریکە سوێیان دەبێتەوە بۆ یەکتر، چونکە ئالوودەی یارییەکە و رۆژە هەنگوینییەکان بوون. هەر لایەک چاوەڕێیە لایەکەی تر کۆنتاکتی بکاتەوە، بەڵام دەعێ و حەزی بردنەوە رێگەیان نادات. دیسانەوە ناتوانن ئاسودە بژین. قۆناغی چوارەمیش هەڵلوشینەوەیە (hovering)، پڕە لە یاریی و تاکتیک، وزەیەکی زۆریان دەبات. قۆناغێکیشە بەپەلە و بێ گفتوگۆ دەچنەوە لای یەکتر. وەک ئەوەی نە 'با' و نە بارانیان دیبێت، ناسەقامگیرەکە سەد دەربڕینی وەک "بەساقەوبم..بیرم کردووی زۆر زۆر زۆر....هتد"ی لە دەم دێتە دەرەوە و نەرجسییەکەش شتی وەک "تێگەیشتم کەس بە قەد تۆ باش نییە بۆم. دڵنیام ئەمجارە جیاوازە و زۆر دڵخۆش دەبین پێکەوە".

وەک دەبینییت، ئەمە خۆشەویستیی نییە و هەرگیزیش نابێت بە خۆشەویستیی تەنانەت ئەگەر کەسەکە دایک، باوک، خوشک، برا، یان خۆشەویستەکەت بێت. ئەم پەیوەندییە ناتەندروستە، پڕە لە لۆمەکردن و یەکتر بریندارکردن، پرە لە حەزی کۆنتڕۆڵ و دەسەڵات، رێزی دوولایەنە و سەقامگیریی تیادا نییە و هەرگیزیش دروست نابێت تەنانەت ئەگەر کەسەکە هاوڕێت، هاوکارت، بەرێوەبەری کارگێڕیی و بەرپرست بێت. تەنانەت ئەگەر لایەکیش تەندروست بێت، ئەوا چەند ساڵێک ژیان لەگەڵ نەرجسییەک یان ناسەقامگیرێک بەسە بۆ ئەوەی ژەهراویی ببێت و ئەمیش نەخۆش بکەوێت. وەک پسپۆڕێک دەڵێت، ژیانکردن لەگەڵ ناسەقامگیرەکان (بە هەمان شێوە نەرجسییەکان) جۆرێکە لە یاریی کورسیی کورسیی، ئەو یارییەی تیایدا دەخولێیتەوە، دەچیتە ئاسمان و لەو سەرەوە خۆشت تێناگەیت بۆ لە ناکاوا بەرەو خوارەوە دێیت و هاکا زانیت ئەکێشیت بە زەوییدا. ئەم پەیوەندییانە نە لە
خۆشەویستیی و نە لە شەر و نە لە ئاشتکردنەوەدا تەندروست نین.

دەروونناسانی بیانیی زۆر باش روونیان کردووەتەوە:

جەنگ و کاولکاریی، کۆمەڵگەی ژەهراویی و دەزگا سەرکوتکارەکانی، بە خێزانیشەوە، هەر لە منداڵییەوە پڕمان دەکەن لە نەخۆشیی دەروونیی. باشترین سیفەت بۆ مرۆڤ ئەوەیە خۆی ببینێت. تەمەن و خوێندەواریی و سەروەتمان هەرجەند بێت، دەبێت تەحقیق لە خۆمان بکەین تا بزانین ئەزمونی بازنەکەی سەرەوەمان نەکردووە؟ ئایا نیشانەکانی ترمان نەبووە و نییە؟ واتە ئایا ژەهراویی نەبووین؟ زۆر زەحمەتە نەبووبێتین. کارکردنی ورد و بە سەبر لەسەر خۆمان توانای ئەوەمان پێ دەبەخشێت خۆمان کۆنتڕۆڵ بکەینەوە، خۆمان بپارێزین و تەندروستر بژین تا کەمتر ببین بە ئازار بۆ خودی خۆمان و چواردەورمان.

...........
تێبینیی: بۆ ئەوانەی دەیانەوێت لە هۆکارەکانی ئەم نەخۆشییانە تێبگەن و بەدوای چارەسەردا بگەڕێن، لە یوتیوب پڕە لە ڤیدیۆ دەربارەی (narcissistic personality disorder) و (borderline personality disorder). خۆم زۆر سودم لێ بینیون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP