دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 02/08/2024

(لە کۆتایی شەودا) ،نەژن دەبێت بە دایک بۆ پیاو، نە پیاو دەبێت بە باوک بۆ ژن

هێمن عەبدولقادر
(خیانەتی لێئەکردیت؟ نا ،ئالوودە بوو؟ نا ، لێی ئەدایت ؟ نا ، ئەو ئەیویست من دایکی بم نەک هاوسەری)
......

کە ژنێک وەڵامی غەریزەی سێکسی پیاوێک دەداتەوە ، دوای پڕۆسەکە نائاگاهیمان دەمانکاتەوە بە منداڵ ، ئیتر پیاوان حەز ئەکەن ژنەکان وەکو دایکیان بن ،ئاخر ژنیش تەنها لەو کاتەدا دەتوانێت بەبێ مەرج و پێداویستی خۆشەویستی و قوربانی بدات کە دەبێتە دایک بۆ مندالەکانی نەک بۆ هاوسەرەکەی، بەلام کاتێک دەبیتە هاوسەر و هاوژینی کەسێک ناتوانێت ئەمە بکات ، پیاو حەز ئەکات ئەگەر درەنگ ڕۆشتەوە ژنەکەی وەکو دایکی نیگەرانی بێت ، نەک لێی بپرسێتەوە ،

بۆیە مامەلەکە نادروست دەبێت و ئیتر دەست ئەکرێت بە کێشە ، ئاخر ژن ناتوانێت بۆ پیاو ببێت بە دایک ، کارەکە دیسان پێچەوانە دەبێتەوە.

کاتێک پیاوێک وەڵامی (غەریزە -رەمەک)ی سێکسی ژنێک دەداتەوە ، ئیتر ژنەکە حەز ئەکات پیاوەکە ببێت بە باوکی ، پیاویش ناتوانێت بۆ هاوسەرەکەی ببێت بە باوک ، باوک تەنها بۆ کچەکەی دەتوانێت بەبێ مەرج ببەخشێت ، زۆرینەی کچەکان نازداری باوکیانن ، هەروەکو چۆن زۆرینەی کوڕەکانیش نازداری دایکیانن ،کاتێک ژن بەردەوام داوا ئەکات داوای چونە دەرەوە داوای ماڵ ، داوای سەفەر ، مەرج و مەرج کاری ، پیاو ناتوانێت ئەمە بکات ، ئەمانە تەنها بۆ منداڵ بە بێ مەرج دەکرێت ، دیسان کێشە سەر هەڵدەداتەوە.

.........................................
(ڕۆشنبیر کە سێکە کە هۆشیاری زیاترە لە زانین)

زانین بەرکەوتنە لەگەڵ کەڵکە بوون، بەڵام هۆشیاری کشانە بەرەو ڕوناکی ، ئامێرێکی مۆسیقی لە ماڵدا دەتکات بە خاوەنی ئامێرەکە ، بەڵام ناتکات بەژەنیار ، مرۆڤ بۆ ئەوەی ببێتە ژەنیارێکی باش تەنها ناسینەوەی نۆتە و ژێ بەس نییە ، دەبێت ئەزموونی هەبێت ، ئازاری هەبێت ، شادی هەبێت ، گریانی هەبێت ، پێکەنینی هەبێت.

هەبوونی پارجەیەک کاگەز وەک بڕوانامە، دەیسەلمێنێ کە ئێمە خوێنەوارین بەڵام نایسەلمێنێ کە ئێمە هۆشیارین ،بزنس و سەرمایەیەکی گەورە دەیسەلمێنێ تۆ پارەداریت ، وەلێ نایسەلمێنێ کە تۆ خاوەن ویژدان و ئاکاریت ، تاج و نەجمەیەک دەیسەلمێنێ سەربازیت ، بەڵام نایسەلمێنێت سەرکردەیت ، سەرکردە کەسێکە کە لەسەر سفرەی مالەکەی دواین کەسە نان دەخوات ، سەرکردە کەسێکە تا ئەوانی تر تێر نەبن ، دەست نابات بۆ نان ، لەم غەریزەیەدا زۆرجار ئاژەڵەکان لە ئێمە فامیدەتر و هۆشیارترن ، سەرکردەی گەلە گورگێک یان رەوە باڵندەیەک کە کۆچ دەکەن هۆشیاری و ئەزموونەکەی دەیخاتە پێش کاروان ، نەک لە دواوە خۆی بپارێزێت.

ڕۆشنبیر کەسێک نییە پارێزەرە یان توێژەرە، یان پزیشکە ، یان دکتۆرای هەیە ، یان خەریکی شیکاری چەمکە گەورەکانی فەلسەفەیە، ئەمانە بەرهەمی زانین ، ئەمڕۆ براوسەرێکی وەک گوگڵ هاردێکی کۆمپیوتەر ، ئەشێ لە هەموومان توانای زیاتر بێت ، هەر بۆیە پیشەسازی نوێ بوکەڵەی پلاستیکت بۆ دروست ئەکات ، تا چێژ ببینین نەک ئەزموون بکەین ، زانین چێژە ، کورت و تێپەڕە بەڵام هۆشیاری قورس و سەنگینە دەزانێت درێژخایەنە ، تەنهایی و دڵتەنگی و شادی دوای بوکەڵە دەست پێدەکات، هۆشیاری دوای زانین دەست پێئەکات.

بەکورتی مەرج نییە ئەوانەی بروانامەی بەرزیان هەیە ،نازناو و پاشناوی جۆراو جۆریان هەیە ژیانی کۆمەڵایەتی و خێزانیان جێگیر بێت ، کێشەکە ئەوەیە زانین سەر بەگۆبەنە ، خاوەنەکەی دەکاتە مرۆڤێکی فوتێکراو ، لەهەموو وردەکاریەک دەپرسێتەوە ، بەڵام هۆشیاری نا ، هۆشیاری تێڕادەمێنێت و بیر دەکاتەوە.

....................
(ئەگەر گفتوگۆی نێوانمان کۆتایی هات ، ئەگەر رێگاکان دووبارە داخران ،، ئەگەر جیابووینەوە و بەیەکتری نامۆبووین ، دوبارە با یەکتری بناسینەیەوە)

دوبارە بیری یەکتری بهێننەوە ، کاتێک لەناو هەزاران کەسدا ئێوە یەکتریتان هەڵبژارد ، کاتێک پارەتان نەبوو بەڵام دڵشاد بوون ، کاتێک خەریکە بەیەکتری نامۆ دەبن ، دووبارە دانیشتن بیر بکەنەوە چیتان چەشت ؟ چەندتان بەڕێکرد ؟ چەندتان ماوە ؟ چی لەدەست ئەدەن ؟ چی بەدەست ئەهێننەوە؟ ئەوکاتە باشتر لە شتەکان تێدەگەن.

...............................
درەختێک هێلانەی (تاق تاقکەرە)ی لەسەر بوو ، کۆمەلێک منداڵ درەختیان بڕیەوە.
پرسیان (هۆ درەختی بە ئەزموون و پیر بۆچی بڕایتەوە؟)
درەخت وەڵامی دایەوە (نەمتوانی هیچ قسەیەکیان لەگەڵ بکەم)
پرسیان (هۆ تاقتاقکەرە، هێلانەی تۆ بۆچی کاولکرا؟)
تاقتاقکەرە وەلامی دایەوە لەبەر ئەوەی (شەو و ڕۆژ قسەم ئەکرد)

ئەڵێن وشە و قسە وەکو باران وایە یەکەمجار باری زۆر گەورە و پیرۆزە ، دووەمجارە باشە ، سێیەمجار ئیتر ناجاریت بەرگەی بگریت ، چوارەمجار دەبێتە کێشە.

هەرکەسێک نامەکانی نێوان (فروغی فروغ زاد) و (پەروێز شاپوور)ی هاوسەری خوێندبێتەوە ، تێدەگات ، کەژیانی هاوسەرانی خوێنەواریش بێکێشە و گرێ و گۆڵ نین ، ئەسڵەن ژیانکردن لەگەڵ ژن و پیاوی خوێنەوار کێشەی ورد و تایبەتی خۆی هەیە ، وەک درەخت بەبێ دەنگی دەبرێنەوە و وەک تاقتاقکەرە بە هۆی زۆر قسەکردن و پرسیارکردنەوە تێکدەچێت ، بێ ئەوەی لێدان و ناپاکی و ئاڵودەبوون و دڵپیسی و رەزیلیشی تێدابێت.
...............

کورد ئەڵێت (هەر جادەیەک دز لێی بدات تا چل ڕۆژ ئەمینە) هەم خەڵک پیایدا ناروات و هەم دزیش لەترسا دزی تێدا ناکات نەوەک ئاشکراببێت، هەر مالێک کە کێشەیەک ، دەمەقاڵەیەک ، گرفتێک لێی ئەدات ، تا هەفتەیەک مانگێک ، بێ کێشەیە ، بێ قسەیە ، ئا لەو هەفتەیەدا لەو مانگەدا دووبارە بیر بکەنەوە ، دووبارە یەکتری بناسنەوە.

ئەگەر کوێریش بووین و یەکتری نابینین خۆ مەولەوی گوتەنی

(باز هەر تەسکینەن ، گۆش وە ئاوازم) ، برا خوشکم ، خۆ هێشتا گوێمان ماوە گوێمان لە چیرۆک و ئازار و بیانووەکانی یەکتری بێت.
نوقتە سەری دێڕ ......
.....................................................
*(در انتهای شب- لە کۆتایی شەودا) ناوی درامایەکی ئێرانییە ، کە پێویستە هەموو کەس بیبینێت ، باسی قوربانیەکانی منداڵم نەکردووە لە فیلەمەکەدا بیبینن



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP