دواین هەواڵ

کوردستان‌

 20/03/2023

ئەژی ئەمین: دۆخی یەكێتی راست دەكەینەوە

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ دووشەمە، 20ی 3ی 2023، ئەژی ئەمین بەناوی (سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری) پەیامێكی بەبۆنەی نەورۆزەوە بڵاوكردووەتەوە رایگەیاند، "دۆخی یەكێتی راست دەكەینەوە". 

دەشڵێت، "ئەوەی ئێستا هەیە تاقمێک لە حزبی شەهیدان ڕۆژانە خەریکی پەلاماری کچ و ژن و کادیرانی دڵسۆزی یەکێتی و دامودەزگا فەرمیەکانی سلێمانین، جگە لە تاڵانی بانکەکان و فرۆشتنی خاک و زەویوزاری سلێمانی هیچی دی ناکەن. بەڵام دڵنیاتان دەکەمەوە ئەو دۆخە وەکو ئێستا نامێنێتەوە. داوای ئارامگرتن و دانبەخۆداگرتن لە تەواوی کارمەندو ئەفسەرانی دەزگا ئەمنییە فەرمییەکان دەکەین و دڵنیابن ئەو تاکڕەوی و یاساشکێنییە بەردەوام نابێ، چونکە یەکێتی حیزبی هەزاران شەهیدو سەرکردەیە نەک شێتخانە".

دەقی پەیامەكەی ئەژی ئەمین:
‎بەبۆنەی هاتنەوەی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی پیرۆزبایی لە تەواوی کوردانی هەرچوار پارچەی کوردستان دەکەم بە تایبەتی لە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە دلێرەکان، زیندانیانی سیاسی و کارمەندو سەربازە ونەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و تەواوی هێزە فەرمییەکانی کوردستان.
‎لێرەدا بەپێویستی دەزانین پشتیوانی خۆمان دەرببڕین بۆ راستکردنەوەی دۆخی هەرێمی کوردستان، ئەمەش بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەئەمساڵدا. نابێ چیتر هەڵبژاردن بەهۆی ترس و شکستی تاقمێک دوابخرێت و ئەزموونی هەرێمی کوردستان لەکەدار بکرێ.
‎لەم نەورۆزە بەڵێن بە هاوسەنگەرو خوشک و براکانمان لە حزبی شەهیدان دەدەین کە کۆڵنادەین بۆ راستکردنەوەی دۆخی یەکێتی و بەرپاکردنی ئاشتەوایی لەگەڵ بنکەو جەماوەری حیزبەکەی سەرۆک مام جەلال.

‎ ئەوەی ئێستا هەیە تاقمێک لە حزبی شەهیدان ڕۆژانە خەریکی پەلاماری کچ و ژن و کادیرانی دڵسۆزی یەکێتی و دامودەزگا فەرمیەکانی سلێمانین، جگە لە تاڵانی بانکەکان و فرۆشتنی خاک و زەویوزاری سلێمانی هیچی دی ناکەن. بەڵام دڵنیاتان دەکەمەوە ئەو دۆخە وەکو ئێستا نامێنێتەوە. داوای ئارامگرتن و دانبەخۆداگرتن لە تەواوی کارمەندو ئەفسەرانی دەزگا ئەمنییە فەرمییەکان دەکەین و دڵنیابن ئەو تاکڕەوی و یاساشکێنییە بەردەوام نابێ، چونکە یەکێتی حیزبی هەزاران شەهیدو سەرکردەیە نەک شێتخانە.

بۆجارێکی تر بەبۆنەی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی پیرۆزبایی و پشتیوانی دەردەبڕم بۆ بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان. سەری ڕێزو نەوازش دادەنەوێنین بۆ هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان.
سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP