هەرێم نیوز
پەیامنێرمان تارا ئازاد پێی ڕاگەیاندین لەگوندی شەمەووێلەکەی ناوچەی عەربەتی سەر بەپارێزگای سلێمانی بەهۆی کێشەی قەرزاییەوە شەڕ لە نێوان دوو بنەماڵەدا ڕوودەدات و لە ئاکامی شەڕەکەش دوو کەس دەکوژرێت و برای یەکێک لە کوژراوەکانیش بەسەختی بریندار دەبێت.
لە هەمانکاتدا پۆلیسی شارەکەش ڕاگەیاندراوێکی لەو بارەوە بڵاو کردەوەو دەڵێت: بەرواری 4 / 3 / 2023 ئاگادار کراینەوە لە شاری عەربەت شەرێک ڕویداوەو کوژراو برینداری لێکەوتەوە پاش ئەوەی هێزەکانمان گەشتنە شوێنی روداوەکە و دوای لێکۆڵینەوەو بەدواداچونەکانمان دەرکەوت کێشە لەنێوان دوو بنەماڵەدا بەهۆی قەرزارییەوە ڕویداوە.
پۆلیس ناسنامەی قوربانیەکانی ئاشکرا کردووە؛ ئەو دوو کەسەی کوژراون ناویان ( ئازاد احمد ) پلەی عەقیدە لە هێزەکانی حەفتای پێشمەرگە، ( جلال قادر ) کوژراوەکەی دیکەیە، کە پیشەی جوتیارەو پێش گەشتنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە، بریندارەکەش ناوی ( عمر احمد ) ە و برای ئازادە بەهەمانشێوە لەهێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیەو پلەی نەقیبە و گوازراوتەوە نەخۆشخانەی شۆڕش و لە ژێر چاودێری وردی پزیشیکدایە.
ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیس دەڵێت؛ (چۆمان جلال قادر ) کوڕێکی قەرزارەکەیەو هەوڵیداوە باوکی بەبرینداری بگەیەنێتە ( نەخۆشخانەی شار )، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەی باوکی لەڕێگەدا گیانی لەدەستداوە.
هەر لەو بارەیەوە دکتۆر (چالاک قەشانی) بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شۆڕش دەڵێت؛ بەهۆی ئەوەی نەخۆشخانەکەمان تایبەتە بەچارەسەری پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکان، تەنیا یەکێک لە بریندارەکانی ئەو ڕوداوە کە سەر بە هێزی پێشمەرگەیە لە نەخۆشخانەکەمانە ناوی (عمر احمد) ە بەهۆی سەختی برینەکەی ژیانی لەمەترسیدایە.
پۆلیس لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی کرۆک وپشتپەردەی ڕوداوەکەی بۆ میدیاکان ئاشکرا کردوەو دەڵێت؛ پێشتر جلال قادر نزیکەی ( 60 ) هەزار دۆلار قەرزاری ئازاد احمد بووە، بەڵام ناوبراو پاش چەندین بەڵین پارەکەی نەگەڕاندۆتەوە، تا کار گەشت بەوەی خاوەن قەرز و براکەی هەڵیانکوتایە سەر زەوییە کشتوکاڵیەکانی قەرزاری ناوبراو ویستیویانە زەوییەکان داگیر بکەن،لە ئەنجامدا شەڕو ڕوبەڕوبونەوە ڕویدا.
سەرچاوەکەی پۆلیس ئەوەشی ڕونکردەوە کە جلال قادری قەرزار و خاوەن زەوییە کشتوکاڵیەکە بەهۆی هەڕەشە و ترس لە کوشتنی خۆی و چۆمان ی کوڕی و داگیر کردنی زەوییەکان سکاڵای لەسەر لایەنی بەرامبەر تۆمارکردبوو، بەڵام ئاشکرایە بەهۆی دەسەڵات و پێگەی ئەمنیان ئامادەی خۆ ڕادەست کردن نەبوون.
پەیامنێرمان لەڕێگەی بەدواداچونەکانی زانیاری ئەوەی دەستکەوتووە، دوای ڕوداوەکە هەوڵدراوە لە ڕێگەی کەسایەتی و پیاوانی ئاینی شارەکەوە سوڵح و ئاشتەوایی ئەنجام بدرێ، بەڵام و عەشرەتی ئازاد احمد و عمر ی برای ڕەتیانکردۆتەوەو لەهەمان کاتدا هەڕەشەی کوشتن و تۆڵەکردنەوە لە ( چۆمان جلال ) ی کوڕی قەرزارەکە دەکەن.
پۆلیسی عەربەت دەڵێت؛ دوای ڕوداوەکە چۆمان جلال بێ سەروشوێنە، بەهۆی ئەوەی هەڕەشەکان جدین لە سەری و کەسوکارو بنەماڵەی بەرامبەریان زۆربەیان دەستڕۆشتوی ناو عەشیرەتی جاف و هێزە ئەمنیەکانن.