دواین هەواڵ

کوردستان‌

 04/02/2023

حکومەتی هەرێمی کوردستان: لیژنەیەکی بۆپێداچونەوە بە پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران پێکهێناوە

هەرێم نیوز

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ڕایگەیاند، لیژنەیەک بۆ دەستنیشانکردنی گرفتەکانی جێبەجێکردنی رێنوێنیی دارایی ژمارە 12ـی تایبەت بە پێداچوونەوە بە راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و هەژمارکردنی خزمەتیان پێکهێندراوە.

لە راگەیێندراوەکەدا کە ئەمڕۆ شەممە، بڵاوکراوەتەوە هاتووە، لەسەر داوای سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، لیژنەیەک بۆ دەستنیشانکردنی گرفتەکانی جێبەجێکردنی رێنوێنیی دارایی ژمارە 12ـی تایبەت بە پێداچوونەوەی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و هەژمارکردنی خزمەتیان لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی پێکهێنراوە.

بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "لیژنەکە لە یەکەم هەنگاویدا تیمەکانی دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی دەستپاکی و لیژنەیەکی تایبەتی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ پرسی میلاکات راسپارد بە مەبەستی پێداچوونەوە و وردبینی بە دۆسیەی فەرمانبەران".

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە کۆی 32 دامەزراوەی هەر سێ دەسەڵاتی [دادوەری و یاسادانان و جێبەجێکردن]، پێداچوونەوە بە 365 هەزار و 452 دۆسێیەدا کرا کە 7 هەزار و 196 دۆسێیە پلەی زیادەیان بۆ بەسترابوو؛ 15 هەزار و 614 دۆسێیەشیان زیادە مووچەیان هەبوو کە کۆی جیاوازیی مووچەکەیان دەکاتە ملیارێک و 360 ملیۆن و 808 هەزار دینار".

حکومەتی هەرێمی کورددستان دەڵێت، بۆ یەکخستنەوەی دۆسیەی کەسیی ئەفسەر، پلەدار و پێشمەرگە، تاوەکو ئێستا لەکۆی 60 هەزار و 16 دۆسیە، 41 هەزار و 982 دۆسیە بۆ پێداچوونەوە ئامادەکراون و بڕیارە "بە زوویی دۆسیە نایاساییەکانیان لە رووی پلەبەرزکردنەوە و زیادە مووچە دەستنیشان بکرێن".

لە ساڵی 2016ـەوە پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران راگیراوە؛ رۆژی 12-11-2022، عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوونی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی پلە بەرزکردنەوە لە یاسای بودجەی هەرێمی کوردستاندا جێگیربکرێت، بەڵام ئەوەش پشت بەو بەشە بودجەیە دەبەستێت کە لە عێراقەوە بۆمان تەرخان دەکرێت".

لە هەرێمی کوردستاندا ملیۆنێک و251 هەزار مووچە خۆر هەن، لەو ژمارەیە 751 هەزار 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین. مانگانە حکومەت بۆ پێدانی مووچە 895 ملیار دیناری پێویستە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP