دواین هەواڵ

شاندی دەم پارتی بۆچی لە دەرگای بارزانی دەدات؟

‌كارزان گلی

پێش 4 هەفتە

بڕیارە لە ١٦ بۆ ١٧ی ئەم مانگە، شاندی دەم پارتی، كە پێكهاتوون لە پەروین بوڵدان و سری سوورەیا ئۆندەر، سەردانی هەولێر بكەن و چاویان بە سەرۆك مەسعوود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكەوێت. ئەو شاندە، هەمان شاندە كە سەردانی ئیمیڕاڵیان كردووە و دووجار چاویان بە عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە كەوتووە، پەیامی ئۆجەلان بە بارزانی دەگەیەنن و چەندین پرسی تریش تاوتوێ دەكەن.

هاتنی ئەو شاندە، گرنگییەكی بێوێنەی هەیە، چونكە لە كاتێكدایە سەردانی بارزانی دەكەن، كە رەوشی كورد لە رۆژئاوای كوردستان و باكوور خراپە، لە رۆژئاوا، توركیا هەڕەشەیەكی جیدی لە یەپەگە دەكات و وەكوو گروپێكی یرۆرستی دەیناسێنێت، لە باكووریش سیاسەتی قەیووم بەردەوامی هەیە، بەڵام كردنەوەی دەرگای ئیمیڕاڵی و هەوڵدان بۆ چارەسەری پرسی كورد لە توركیا، پێویستی بە چەندین عەقڵی گەورە هەیە، كە دەكرێت سوودیان لێ ببینرێت.

سەرەتا ئۆجەلان، پەیامی بۆ ئۆپۆزسیۆنی توركیا نارد، داوای لێكردن پشتگیری پرسی ئاشتی بكەن، شاندی دەم پارتی، سەردانی هەموو پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانیان كرد و پەیامی ئۆجەلانیان پێگەیاندن، پاشان دیدارەكان فراوانتر بوو، چونكە پرسەكە جیدییە و ئۆجەلان نایەوێت ئەمجارەیان بەدەست بەتاڵی لێی بچێتە دەرەوە.

بەگوێرەی بۆچوونی شڕۆڤەكارانی سیاسی، سەرۆك بارزانی، وەكوو سەركردەیەكی بە ئەزموون و حیساب بۆ كراوی ناوچەكە، رۆڵی باڵای هەیە بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد لە سووریا و توركیا، بۆیە لێدان لە دەرگای بارزانی، پرسی كورد چەندین هەنگاو دەباتە پێشەوە.

بەهۆی ئەوەی، هەرێمی كوردستان، هەرێمێكی شەرعییە و لە نەتەوە یەكگرتوەكاندا دانی پێدا نراوە، بۆیە وەكوو ناوەندێكی پرسی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان سەیر دەكرێت.

هاتنی مەزڵووم عەبدی بۆ لای سەرۆك بارزانی، بۆ ئەو مەبەستە بوو، كە سوود لە عەقڵی سەرۆك وەربگرن، هەروەها رۆڵی هەبێت لەوەی پێگەی كورد لە رۆژئاوای كوردستان بەهێز بێت، دیارە توركیاش پێی باشە بارزانی رۆڵی نێوەنگیر بگێڕێت تا بتوانن بەبێ شەڕ پرسی كورد لە رۆژئاوای كوردستان چارەسەر بكرێت.

مەبەستی هاتنی شاندی دەم پارتی بۆ لای سەرۆك بارزانی، گرنگیدانی ئۆجەلان و حكوومەتی توركیا و دەم پارتییە بە عەقلی بارزانی، چونكە كاریگەری بارزانی بەسەر كوردانی باكوور و توركیا زۆرە، هەروەها سەركردەكانی توركیا، بەتایبەت رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، وەكوو سەركردەیەكی گەورە سەیری بارزانی دەكات و بەردەوام حیسابی تایبەتی بۆی كردووە، بۆیە لە پرسی چارەسەری ٢٠١٣ش، گرنگ بوو بەلایەوە بارزانی رۆڵی هەبێت، بۆیە لە ئامەد پێشوازییەكی گەورەی لێی كرد و لە وتارێكدا سەرۆك بارزانی، باسی لە گرنگی پرسی چارەسەری كورد كرد و هەروەها داوای كرد، بە ئاشتیانە پرسی كورد هەنگاو بەرەو چارەسەری كۆتایی بنێت.

بۆ ئەم كاتە، یەكگرتووی كورد زۆر گرنگە، هەروەها دەبێت لە رۆژئاوا و لە باكووری كوردستان بە یەك خیتاب بچێتە سەر مێزی گفتوگۆ، بۆیە ئۆجەلان كاتێك پەیام بۆ سەرۆك بارزانی دەنێرێت، دەزانێت وەكوو سەركردەیەكی نەتەوەیی و گرنگی رۆڵی ئەو پرسی كورد دەباتە پێشەوە. پێشتریش سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، باسی لە گرنگی رۆڵی بارزانی كردبوو و داوای لێكرد، دەستبەرداری كۆنگرەی نەتەوەیی نەبێت، بۆیە پیرمام دەبێتە ئەو كلیلەی دەرگای پرسی چارەسەری كورد لە توركیا و سووریا دەكاتەوە.

راستە ئۆجەلان، وەكوو سەرۆكێكی گرنگ لە باكوور و رۆژئاوای كوردستان سەیر دەكرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی ٢٥ ساڵە زیندانی كراوە، كاریگەری بەسەر قەندیلەوە نییە، ئەمەشی بە ئاشكرا بە چەند بەرپرسێكی باڵای توركیا گوتووە. موراد قەرەیلانیش، لە تازەترین دیمانەیدا بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ ئاماژەی دا، كە ئەگەر پەیامی ئۆجەلان ئەوە بێت پەكەكە چەك دابنێت، ئەوان چەك دانانێن و مەرجیان بۆ ئەو لایەنە هەیە.

رۆژنامەنووسی بەناوبانگی توركیا ئێرتوغرول ئۆزكۆك، لە وتارێكدا ئاشكرای دەكات، ئۆجەلان كاتێك لەگەڵ بەرپرسە باڵاكانی توركیا دانیشتووە و گفتوگۆیان لەبارەی پرسی چارەسەری كورد كردووە، گوتویەتی، پەكەكە بووەتە چوار باڵ، باڵی رۆژئاوا ئاسانە و دەتوانم كاریگەریم بەسەری هەبێت و مەزڵوم عەبدی وەكوو كوڕی خۆم وایە، هەروەها باڵی ئەورووپاش بەهەمان شێوە و باڵی توركیاش هەر بە گوێی ئەو دەكەن، بەڵام باڵی قەندیل، زەحمەتە بچنە ژێر ئەو بڕیارەی ئۆجەلان دەیەوێت بیدات.

بۆیە لێرەدا رۆڵی بارزانی گرنگە، كە بتوانێت كوردانی باكوور و رۆژئاوا لەسەر مێزی دانوستاندن كۆ بكاتەوە و هەوڵی جیدی بدەن بۆ ئەوەی كورد بە دەستی بەتاڵ لەو گۆڕانكارییەی لەناوچەكە روو دەدات لێی نەچێتە دەرەوە.

عەقڵی فەرماندەیەكی باڵای سەربازی چەندە گرنگە، بۆ بردنەوەی جەنگێكی گەورە، عەقڵی سەركردەیەكی ئاشتیخوازیش ئەوەندە گرنگە، كە لەڕووی دیبلۆماسییەوە بتوانن سەركەوتن بەدەست بهێنێن، لێرەدا بارزانی رۆڵی ئەو سەركردەیە دەبینێت، كە بەشێوەیەكی ئاشتیانە و دوور لە شەڕ، پرسی كورد بباتە پێشەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP