دواین هەواڵ

ئاكەپە چۆن پەیامەكەی ئۆجەلان دەخوێنێتەوە؟

‌كارزان گلی

6 رۆژ پێش ئێستا

دوای ئەوەی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، لە پەیامێكدا داوای لە پەكەكە كرد كۆنگرە ببەستن و چەك دابنێن و خۆیان هەڵوەشێننەوە، دەسەڵاتی توركیا دەڵێن توركیایەكی بێتیرۆرمان دەوێت و دەم پارتییەكانیش دەڵێن، بەدیموكراتیكردن و ئاشتیمان دەوێت، بۆیە هەڵوێستی هەردوو پارت جێی پرسیار و مشتومڕە.

دەم پارتی و جەهەپە، داوا دەكەن لەناو پەرلەمانی توركیا لیژنەیەك بۆ مەبەستی چەكدانانی پەكەكە و پرسی چارەسەری كورد دروست ببێت و لە پەرلەمان زەمینە بۆ ئەو پڕۆسەیە دابنرێت، بەڵام دامەزراوەكانی سەر بە ئاكەپە، دەڵێن دەبێت پەكەكە بەپەلەیی كۆنگرە ببەستێت و چەكەكانیان رادەستی توركیا بكەنەوە، بۆ مەبەستی ئەوەی لەناو پەرلەمان لیژنەیەك دروست بكرێت و زەمینە بۆ ئەو پڕۆسەیە دروست بكەن، لای ئاكەپە ئەوە بابەتە ریزبەندی ٥٠یەمینە.

دوای ئەوەی دەوڵەت باخچەلی داوای كرد، ئۆجەلان بهێنرێتە پەرلەمانی توركیا و لەوێ وتارێك پێشكەش بكات و داوا بكات پەكەكە هەڵوەشێتەوە، رەجەب تەییب ئەردۆغان، بابەتەكەی بەنهێنی كرد و نەیانهێشت شەفافییەتی پێوە دیار بێت، بەگوێرەی زانیارییەكانیش بەهۆی ئەوەوە بووە، لە پرسی چارەسەری ٢٠١٣، زۆر شەفافانە پرسەكەیان بەڕای گشتی توركیادا، بەڵام پرسەكە شكستی هێناو شەڕی خەندەقی لێهاتە بەرهەم، بۆیە لە هەڵبژاردنی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥، بۆ یەكەمجاربوو ئاكەپە زۆرینەی پەرلەمانی لەدەستدا. ئەردۆغان ترسی لەوەیە دووبارە شەفافبوونی ئەو پرسە كاریگەریی لەسەر دەنگەكانی هەبێت، بەڵام ئەگەر پڕۆسەكە سەركەوتنی بەدەستهێنا، ئەوكات دەنگی ئاكەپە بەرەو هەڵكشان دەچێت.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی گەیشتووەتە دەست ئاژانسی (BBC)ی توركی، ئەردۆغان لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەركردایەتی تازەی ئاكەپە، گوتویەتی پێویست دەكات كار بكەن بۆ ئەوەی هەموو كۆمەڵگەی توركیا بزانێت و پاڵشتمان بكەن.

باسی لەوەش كرد، پرسەكە هەنگاوی زۆر باش و قورسی بڕیوە، دەبێت هەر بگەین بەو ئامانجەی توركیایەكی بێتیرۆرە، بۆ ئەمەش هەنگاوەكانمان بەشێوەیەكی دروست گرنگە و دەبێت بە هەستیارییەوە مامەڵە بكەن.

ئەردۆغان ئەوەشی نەشاردووەتەوە، كە لەناوەخۆی توركیا و دەرەوەی توركیا، كەسانێك هەن دەیانەوێت ئەو پرسە تێك بدەن و لەباری ببەن، بۆیە گرنگە لە ناوەخۆی توركیادا ئۆپۆزسیۆنیش رۆڵی پێبدرێت و پاڵپشتی ئەو پڕۆسەیە بكات.

پرسی هاووڵاتیبوون چاوی پێدادەخشێنرێتەوە

دەم پارتی چاوەڕێی ئەوەیە، پەكەكە بریار بدات چەك فڕێ بدات و پاشان دەسەڵات هەنگاو بهاوێت بۆ ئەوەی هەموو زیندانییە سیاسییەكان ئازاد ببن. هەروەها سیاسەتی قەیوم كۆتایی پێ بێت و پرسی هاووڵاتیبوونیش لە توركیا چاوی پێدا بخشێنرێتەوە.

بەڵام وەكوو ئەوەی زانراوە، ئاكەپە پەلەیەتی پەكەكە خۆی هەڵوەشێنێتەوە و گوتویانە جاری زووە یاسا بۆ ئەو پرسە دەربكەین و دەكرێت ئەو بابەتە دوا بكەوێت.

ئەوەی ئاكەپە دەیەوێت و هەڵسەنگاندنیان لەبارەوە كردووە ئەم بابەتانەی خوارەوەن:

١. دروستكردنی لیژنەیەك لە پەرلەماندا و هەروەها بابەتی لێبوردنی گشتی نابێت لەم قۆناغەدا بوونی هەبێت، بەڵكوو دروستبوونی لیژنەیەك لەناو پەرلەمان دەكرێت لە ریزبەندی ٥٠ەمین بێت.
٢. دەبێت پەكەكە بەپەلەیی بچێتە ناو كۆنگرەوە، بەبێ مەرج چەك فری بدەن و خۆیان هەڵوەشێننەوە، پاشان سەركردایەتی پەكەكە بچنە وڵاتی سێیەم و نابێت بێنە توركیا.

٣. لە قۆناغێكدا كە پەكەكە چەكی نەمێنێت، كوردەكان چۆن بتوانن خۆیان لەناو سیاسەتیێكی مەدەنیدا ببیننەوە و بنكەی جەماوەری وەڵامی چی دەبێت؟ ئایە دەبێت یاسایەكی تایبەت بۆ ئەوان دەربكرێت، واتە چەكدارانی پەكەكە؟ دەبێت ئاكەپە بەتەواوی هەڵسەنگانن بۆ ئەو لایەنە بكات.

٤. دەستووری تازە بۆ توركیا گرنگە، بەڵام نابێت لە دەستوووری تازەدا دەستكاری مادەی ١ تا ٤ بكرێت، هەروەها چەمكی هاووڵاتیبوونیش نابێت گۆڕانی بەسەردا بێت، چونكە لەم بابەتەدا دەبێت هەستیاری مەهەپە لەبەرچاو بگیرێت.

٥. لە ٢٠١٢ ئاكەپە لەناو پەرلەمانی توركیا لیژنەیەكی دروست كرد بەناوی لیژنەی (دانوستاندنی دەستوور)، پیشنیاریان كردبوو چەمكی هاووڵاتیبوون گۆڕانی بەسەردا بێت، بۆیە بیناڵی یڵدرم، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی توركیا لە چەند رۆژی رابردوو گوتی ”دەكرێت چەمی هاووڵاتیبوون لە دەستووردا چاوی پێدا بخشێنرێتەوە“ لەناو ئاكەپەشدا بەشێك لەگەڵ ئەو بۆچوونەی یڵدرمن، بەشێكیش رەتی دەكەنەوە.

٦. بەڵام لەناو دەمەزراوەكانی حكوومەتدا، پێیانوایە پرسەكە زۆر هەستیارە و مەهەپە لەوبارەیەوە زۆر توندە و دەبێت ئاگاداری هەستیاری ئەوان بن، بۆیە لەم كاتەدا پێویست ناكات باس لە گۆڕینی چەمكی هاووڵاتیبوون بكرێت.

ئایە ئۆجەلان كۆنگرەی پەكەكە بەڕێوە دەبات؟

پەكەكە لە راگەیێدراوێكدا، بەئەرێنی پێشوازییان لە پەیامەكەی ئۆجەلان كرد و گوتیان چەك دادەنێین، بەو مەرجەی ئۆجەلان بۆ خۆی سەرپەرستی كۆنگرە بكات، بۆیە ئەو پرسیارە هاوتووەتە گۆڕی، ئایە حكوومەتی توركیا رێگە دەدات ئۆجەلان سەرپەرشتی كۆنگرەی پەكەكە بكات؟

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی گەیشتووەتە دەستی ئاژانسی ناوبراو، ئاكەپە لەگەڵ ئەوە نییە بەشێوەیەكی فیزیكی ئۆجەلان سەرپەرشتی كۆنگرە بكات و ئەمە بەمەحاڵ دەزانن، بەڵام دەكرێت بۆ ئەوەی لە كۆنگرەدا ئۆجەلان پەیامی هەبێت، ئاسانكاری بكرێت و ئەو ئاسانكارییەش دەبێت هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت كە بەچی شێوەیەك بێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP