رێکەوتنەکەی شەرع- عەبدی کاردانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆدا هێنا، گووتارو دەنگ و هەستی زاڵ گەشبینی زۆر و وەسفکردنی هەنگاوەکە بوو بە مێژوویی؟! گەشبینیەکە لای هەندێ کەس و ناوەند دەتووانم بڵێم گەیشتە ئاستی جۆرێك لەخۆش باوەری، رەنگە مرۆڤ بە ئاسانیش بتوانێت هەندێ رەگی هەست بەکەمیکردنی مرۆڤی کورد کە لەژێر زەبری چەوسانەوەو هەست بە سووکایەتیپێکردنێکی مێژوویی دوورو درێژ دووچاری بووە، لەم میانەدا هەست پێ بکات، دەنا لەگەڵ رێزگرتنمان لە خەبات و قوربانیدانی کوران و کچانی رۆژئاوا، دۆخەکە لەوە ئاڵۆزترەو پرۆسەی بەدیموکراتیزەکردنی سووریا ئاستەنگی لەوە گەورەتری لەپێشدایە، زیاد لە پێویست بەئایندەی رەوشەکە گەشبین بین. ئەمە جگە لەوەی سووریا وەك قەوارەیەكی سەرهەڵداوی چوارچێوەی سایکس بیکۆ ، هێندەی قەوارەی نێودەوڵەتیەو ئەندامێتی نەتەوە یەکگرتووەکان هێشتوویەتیەوە، بەو ئەندازەو بە واتای وشە دەوڵەت نیە، مەرجی بوون بەدەوڵەتیشی تێدا لاوازە. دۆخەکەش لەئێستادا بەرووی زیاد لە ئەگەرێکدا کراوەیە لەوانەش کەوتنە ناو هەڵقەیەکی تری شەری ناوخۆو بەهێزبوونی پایەکانی فۆرمێکی نوێ لە سیستمێکی دەسەڵاتخواز.
لە دۆخێکی لەو جۆرە وێرانەو وڵاتێکی تازە هاتووە دەر لە جەنگێکی ناوخۆی وەحشیگەرانەدا( کەناشزانرێت تەواو بووە یان نا) عەقڵی سەرکردایەتی نابێت سەقفی چاوەروانی جەماوەرو ڕای گشتی بەرامبەر هیچ هەنگاوێکی لەم جۆرە زیاد لە پێویست بەرزکاتەوە، یاخوود مامەڵەی پڕوپاگەندانەی لە گەڵدا بکات چونکە دەکرێت لە حاڵەتی پێچەوانە دەرچوونیدا، جۆرێك لە نائومێدی و شڵەژان و بێمتمانەیی بە سەرکردایەتی بەدواوە بێت، بۆیە دەبێت رێك بە پێچەوانەوە، گەشبینییەکە هووشییارمەندانە بێت، دوا لە هێزەکان و جەماوەرو رای گشتی بکرێت بەهووشیارییەوە چاودێری بارودۆخەکەو ئەگەری تێکچوون و پاشەکشە لە هەنگاوەکان بکەن و بەئەرکە مەیدانییەکانیان هووشیار بن.
لە راستیدا بۆ تێگەیشتن لە رەهەندەکانی رێکەوتنەکە خوێندنەوەی مێژووی بیست ساڵی رابردووی ناوچەکەو واقیعی دوای (٧)ی ئۆکتۆبەرو ئەزموونی کۆماری تورکیاو زۆر شتی تری دەوێت ، چوونکە ئەگەر کوورد لە هەندێ روەوە بکەرو خاوەندیدو داوا بێت، لە هەندێ رووی ترەوە بابەتی سازشی هەندێ لە پەیوەندییە نێو دەوڵەتیەکانە، بەداخەوە ئەم ماوەیەو تائێستا بەهۆی هەندێ دۆخی تایبەت بەخۆمەوە نەمتوانی بەدرێژی قسە لەسەر هەندێ لە بکەرەکانی پشتی رێکەوتنەکەو پێوەرەکانیان و ئاستی هەلپەرستیان بکەم.بەڵکو لەداهاتوودا بتووانین هەندێ لەو ئەرکە جێ بەجێ بکەین.