دواین هەواڵ

پاپا-ی هەژاران، پاپا-ی ئاشتی

‌محەمەد خۆشناو

4 رۆژ پێش ئێستا

ماوەیەکە « پاپا » فەڕەنسیس پاپای فاتیگان نەخۆشە و لە قەیرانێکی تەندروستی ترسناکدایە و ، جیهان بەبایەخێکی زۆرەوە دەڕوانێتە دۆخی تەندروستی ، ئەو پاپایە لە « 19» ی ئازاری « 2013 » لە جەژنی قەدیس یوسف لە قەداسێکی ئاهەنگگێڕیدا دەستبەکاربوو ، ئەمن پێشتر بە شتێکی بێبایەخ و غەریب و لابەلا سەیری پاپا-م دەکرد ، بەڵام ئەوەی سەرنجی منی ڕاکێشا لەسەر ئەو پاپایە کە لە پاپاکانی پێش خۆی جیاواز بوو ، ئەوەبوو کە کەسێکی خاکەرا و ساددە بوو ، پاپا فەڕەنسیس بەرلەوەی نەخۆش بکەوێت ، هەموو سەرەمانگان بەخۆی دەچوو پارەی  کرێی خانووەکەی دەدا و ، لەکۆشکی پاپایی لە فاتیگان نەدەمایەوە ، ئەو زاتە بەپشتگیریکردنی بزووتنەوە مرۆییەکان و کارکردن بۆ هێنانەدی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و هاندانی حیوار و پەیوەندیکردن لەنێوان پاشخان و کلتوورە جیاوازەکان جیادەکرێتەوە و سۆزێکی وای هەبوو کە جیاوازینەدەکرد  لەنێوان کەسانی ئاینییەکان و ، هەمووانی وەک یەک سەیردەکرد و ، بەخەندەیەکی سۆفیگەرانە پێمان دەڵێت ، ڕێگا بەرەو خودا بە رەحمەت فەڕشکراوە نەک بە بۆمب ، ئەو پاپایە وێڕای مەترسی پەتای کۆڕۆنا و داعش هاتە عێڕاق و هەرێمی کوردستان و ، لە هەولێر ڕێوڕەسمێکی پێشوازی شکۆداری داهێنەرانەیان بۆ ڕێکخست و ، لە یاریگای فەڕەنسۆ هەریری سەرۆکایەتی قەداسێکی گەورەیکرد ، کە ژمارەیەکی زۆر لە کریستیانەکانی عێراق و تورکیا و ئێران و سوریا و کوردستان و پێکهاتە و ئایینە جیاوازەکانی تر بەشداربوون ، پاپا بەو هیلاکی و ماندووبونەوە  بەوشەی سازگار کە پڕبوون لە لێبووردەیی و خۆشەویستیی ( بێهاشوهوش و تۆقاندن و نەڕەنەڕی ئاگرین ) نزای بۆ هەمووان بێجاوازی کرد ، ئەمە ڕێز و خۆشەویستیی بوو بۆ کوردستان و گەلەکەی ، سەردانیکردنی پاپا بۆ کەمپی ئاوارەکان و پەنابەران سەلمێنەری ئەوەبوو کە پاپا لە هەوڵدابوو بۆ نزیکردنەوەی کەنیسە لە کێشەکانی سەردەم وەکو پشتگیریکردن لە کێشەی ئاوارە و کۆچبەران و پەنابەران و پێویستیی پاراستنی مافەکانیان و هۆشداریدان لە بڵاوکردنەوەی ڕق و ڕەگەزپەرستیی بەرانبەریان ، ئەو پاپایە هەمیشە لەگەڵ هەژاران و پەڕاوێزکراوان دابوو ، هەروەک لە ژیننامەکەیدا تەئکید لە خەمی هەمیشەیی بۆ یارمەتیدانی هەژاران بێجیاوازی ئایین و نەژاد و ڕەگەز دا دەکاتەوە ، هەر بۆیەش نازناوی « پاپای هەژاران » « پاپای ئاشتی » لێنرابوو ، ئەو پیاوە ئایینیە گەورەیە ڕەخنەی تووندی لە سەرمایەداری چڵێس دەگرت و ، وایدەبینی کە سەرمایەداری  بەرزەفتنەکراو  دەبێتە مایەی فراوانبوونی کەلێن لەنێوان هەژاران و سەرمایەداراندا ، هەروەها بایەخێکی زۆری بە ژینگە دەدا و ، لە پەیامەکەیدا سەبارەت بە کەشوهەوا ڕەخنەی لە تێکدانی ژینگە بەهۆی زیادەڕۆیی لە خواردن و چاوبرسیی سەرمایەداریی دەگرت ، ئەو پاپایە لە چواچێوەی هەموراکردنەکانیدا ڕێگەی بە ئافرەت دا بەشداربن وەک ئەندام مافی دەنگدانیان هەبێت لە چواچێوەی کۆمەڵگەی ئەساقیفەکان و بۆ یەکەمین جار ئافرەتی دامەزراندن پۆستێکی باڵای لەناو کەنیسە هەبێت ، کەواتە ئێمە لەبەردەم دەسەڵاتدارێکی دەوڵەتی چاکسازی و پیاوێکی ئایینی لیبڕاڵی کراوە بەروەڕووی جیهان داین ، ئەمەش بە تەئکیدکردنەوەی لەوەی کە رەحمی خوادیی جیاوازییە ئاینییەکان تێدەپەڕێنێت و ، خودا هەرتەنها بە ئیمانە ڕواڵەتیەکەی حوکم لەسەر مرۆڤ ناکات ، بەڵکو بەکاروکردەوە و ئەخلاق ، ئەگەر مرۆڤ بەشێوەیەکی تەقلیدیش ئیماندار نەبێت ، بەڵام خير و ڕەوشت مرۆڤ بەرەو خودا دەبات .

پاپا فەڕەنسیس پەیامنەری مەحەبەت و مرۆڤایەتیی و ئایینیی لە ویژدانی جیهاندا هەر دەمێنێنێت ، دەمێنێت لەنێودڵی هەژاران و پەڕاوێزخراوان و قوربانیانی جەنگ و دووبەرەکی و ململانێ .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP