بەر لە 62 ساڵ ڕێک ساڵی 1963ی سەدەی ڕابردوو کۆنگرەی میونشن بۆ ئاسایش دەستی بە چالاکیەکانی کرد ، پێشتر تەنها وەزاراتە بەرگریەکانی وڵاتانی «ناتۆ» دیداریان لەوێ هەبوو ، بەڵام دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت دیدارەکان ڕوسیا و وڵاتانی بەڵتیک و ئەوروپای ڕۆژئاوا و ئاسیا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی گرتەوە کە لەنێوانیاندا هەرێمی کوردستانیش ، ئەو مەکۆیە لەچواچێوەی جەنگی سارد لەنێوان سەربازگەی خۆرئاوای سەرمایەداری و سەربازگەی خۆرهەڵاتی سۆشیالیزمی لەدایک بوو کە لە ئەدەبیاتی پەیوەندی نێودەوڵەتی پێیدەڵێن « دووانەی جەمسەری » ، ڕاپۆرتی ئەمساڵی کۆنگرەی میونشن «151» ڵاپەڕە لەخۆدەگرێت بۆ دانان ستراتیژیەتی پێویست بۆ ئاییندەی ئاسایشی ڕۆژئاوایی لەهەموو بوارەکاندا ، هەروەها دیدگای مەکۆکە سەبارەت بە سیستەمی هەنووکەیی جیهان دەخاتەڕوو ، جیهانێک کە وا لە فرەجەمسەریدا دەژیت ،
مەکۆی میونشن فرەجەمسەری بە سیفەتێکی ئیجابی دادەنێت چونکە سنوورێک بۆ مۆنۆپۆلکردنی یەک جەمسەر دادەنێت و ، بواریش بۆ کێبڕکێی جەمسەرەکان دەکاتەوە ، لە ڕاپۆرتی ئەمجارەی مینشن باس لەوەدەکات کە تاچەند دەتوانرێت سوود لە فرەجەمسەری وەرگیرێت لەپێناو جیهانێک کە هەموو بەشداربن کە تێیدا دادپەروەری و ئاشتی بەرقرار بێت ، گرنگی ڕاپۆرتەکە لە وەسفە ووردەکانیدایە بۆ ئەو داینەمێکیانەی کە سیستەمی نێودەوڵەتی پێداتێپەڕ دەبیت و هۆشداری پێشوەختەش بۆ گۆڕانکاریەکان دەخاتەڕوو ، جگە لەمە لەو کۆنگرەیە دیدار لەنێوان سەرکردە و دبلۆماتکار و وەزیر و کەسە کاریگەرەکان لەسەر ئاستی جیهان ئەنجامدەدرێت کە بوار و هەلێکە بۆ کاری دبلۆماسی و دەبێتە مایەی هاوبەشی و هاریکاری کە بۆ هەرێمی کوردستانی بێ پشت و پەنا زۆر گرنگ و کاریگەرە ، بۆیە بەشداری ساڵانەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک چالاکیەکی کاریگەری دبلۆماسیی لەو کۆنگرەیەدا بەتایبەتی لەو زڕوفە ناخۆش و نالەبارەی جیهان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە وەک دەریایەکی هاروهاجدا شەپۆڵ دەدات پڕبایەخە و ڕێگایەکە بۆ ڕوودانی کاریگەر لەسەر بڕیار و ڕەفتاری حکومەتەکان و گەلان ، کە بەشداری هەرێمی کوردستانیش وەک ئەستێرەیەک و سروودێک مێژوو تۆماری دەکات ، نکوڵی لەوە ناکرێت کە ئەوڕۆ دبلۆماسیەت بۆتە ئامرازێکی بنچینەیی وڵاتان بۆ پتەوکردنی پێگە و وێنەی خۆی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا و پردێکی زۆر کاریگەرە بۆ پەیوەندی ، ناتوانرێت ئینکاری ئەوە بکرێت کە وەبەرهێنان لە هێزی نەرم بۆتە زەڕورەتێکی ستراتتژی کە سەرۆکی هەرێم پیادەی دەکات ، لەکن ئەو پیاوە دبلۆماسیەت هەر تەنها هەڵمەتی کاتیی دیدار و پەیوەندی گشتیی نیە ،
بەڵکو پڕۆسەیەکی پەیوەندی ستراتیژی بەردەوامە کە پێویستی بە پلاندانانی درێژخایەن و وەبەرهێنانی بەردەوام هەیە بەتایبەتی لەو دۆخە نالەبارەی ئێشتای جیهان و ئەو تەحدیانەی کە بەروڕوومان بۆتەوە ، گرتنەبەری ئەم ڕێبازی دبلۆماسیەت زەڕوڕەتێکی بە پەلەیە بۆ بونیاتنانی وێنەیەک کە ڕەنگدانەوەی بەهاکانمان و کێشە ڕواکانمان بەرانبەر ئامادەبووان لەو کۆنگرەیە بێت ، جیهانی ئەوڕۆ چاوەڕێی ئەوانە ناکات کە دەستەوەستان ڕاوەستاون ، ئەگەر ئێمە ئەو بۆشاییە پڕ نەکەینەوە ئەوە خەڵکی تر پڕیدەکەنەوە کە ئەمەش خزمەت بە بەرژەوەندیەکانمان ناکات ، وەبەرهێنان لە دبلۆمەسیەتی گشتی بریتیە لە وەبەرهێنان بۆ ئاییندە بۆ بونیاتنانی پەیوەندی و لێکتێگەیشتن لەگەڵ گەل و وڵاتان .
دبلۆماسیەتی کوردستان لەسەردەستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چالاکیەکی گەرم و چڕی بەخۆوە بینیووە کە بۆتە پردێکی کاریگەر بۆ پەیوەندیکردن و پێشخستن و زامنکردنی بونیاتنانی متمانە و کاری هاوبەش کە لەو دیدارانەی کۆنگرەی ئاسایشی میونشن-دا خۆی دەبینێتەوە کە ئەمەش تەئکید لەسەرسەرکەوتنی ڕێبازی دبلۆماسیەتی کوردستان دەکاتەوە .