دەبێت فێربین وەک برا پێکەوەبژین ، یان وەک کۆمەڵە گەمژە پێکەوە لەناوبچین .
مارتن لۆسەر کینگ
دوای حەفتی ئۆکتۆبەری 2023 گۆڕانکاری لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ڕوویدا و پارسەنگی هێز لەنێوان وڵاتانی ئیقلیمی تێکچوو ، حەماس شکستێکی گەورەی خوارد و شوێنی سیاسیی و سەربازی بۆ چارەسەرکردنی سەربازیانەی کێشەی فەڵەستی لەدەستدا ، هەروەک لەدانپێدانانەکەی موسا ئەبومەڕزوق گەورە سەرکردەی حەماس لەگەڵ ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمزدا کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئەنجامیدابوو و ئەوەی خستیە ڕوو کە لە «7»ی ئۆکتۆبەردا چ ماڵوێرانی و کاولکاریەکیان بەسەرهات ، حزب اڵله کە وەک تارمایەکی ترسناک لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بوو کە کەس نەیدەوێرا تخونی کەوێت و بوبووە باوکی ملیشیا شیعەکانی ناوچەکە و حکومەتی لوبنان و سوریا ، لە پەلوپۆکەوت و وا لەگیانەڵادایە ، سوریای بەشاری دیکتاتۆری هەڵاتوو کەوت ، بەکورتیەکەی ئیرادەیەکی نێودەوڵەتی هەیە کە چیتر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست شوێنی دەوڵەتی دیکتاتۆر و وڵاتی ستەمکاری ئیقلیمیی لێنابێتەوە و ئەو ناوچەیە بەگۆڕانکاریەکی ڕیشەیی قۆناغ قۆناغ دادەڕوات نەخشەکەی زیاتر دەگۆڕێت و ، دەبێت وڵاتانی ناوچەکە خۆیان لەگەڵ دۆخی نوێ بگونجێنن ئەگەر نا دەبێت بەروەڕوی ئەو تۆفانە ببنەوە کە هەڵیکردووە ، ئەوەتا ئیسرائیل لە دەوڵەتێکی ئیقلیمیەوە بۆتە ئیمڕاتۆری ناوچەکە و ، کورد توخمێکی بنچینەیی دەبێت لەو گۆڕەپانەدا و هەرچوار وڵاتی کە کوردستانی بەسەردا دابەشکراوە پێویستیان بە کوردە و پێویستیان بە هاوکاری و هاوپەیمانێتی لەگەڵ کوردا هەیە ، کورد دەبێت بە باشی و زیرەکی ئەم دۆخە بقۆزێتەوە ، بۆیە بانگەوازەکەی عەبدللە ئۆجەلان بۆ ئاشتی و خستنەبەردەمی سەرکردایەتی کوردی باشوور کە بە هەنگاوێکی مەزن-یان دانا ، هەمووی لە چواچێوەی ئەو گۆڕانکاریانەن کە بەڕێوەن ، چاودێران ئەو پەیامەی ئۆجەلان بە ميژوویی وەسفدەکەن کە دەرگای ئەگەری کۆتاییهاتنی ململانێی زیاتر لە چل ساڵ لەنێوان حزبەکەی و دەوڵەتی تورکیا دەکاتەوە ، ئەمە دەستپێکی کاروانی ڕاستکردنەوەیە و هەلێکە پێویستە بەبایەخێکی زۆرەوە لێیبڕوانرێت چونکە چارەنووسازە بۆ هەمووان و ، دەبێتە مایەی سوقامگیری ناوچەکە و پوژانەوەی تورکیا لە هەموو بوارەکان و خەبات و بەشداری کارای سیاسیی و دبلۆماسیانەی کوردانی باکوور لە پەرلەمانی وڵاتەکەیان بۆ هێنانەدی ماف و داواکاریەکانیان ، هەروەها لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستان-یشە لە نەمانی هێزی چەکداری لە چیا و گوندە سەرسنووریەکان و سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەیان .
نکۆڵی لەوەناکرێت کە ئاشتی فەزیلەیە و ڕێگایەکی هێمنانەیە بۆ گۆڕینی واقع و پێشخستنی و ، بونیاتنانی متمانە و کاری هاوبەش و کارێکی قورسیشە ، دەشێت بانگەوازەکەی ئۆجەلان ئەو پێشنیارانە پتەو بکات کە سەفقەیەکی سیاسیی هەیە لەپشت پەردەوە ئامادەکرابێت و ، سەرۆک کۆماری تورکیا بە بایەخەوە سەیری بکات ، «ئەو» پێویستی بە پشتگیری کوردە بۆ زامنکردنی مانەوەی لە دەسەڵات و پێویستی بە زۆرینەی پێویستی پەرلەمان هەیە بۆ تەعدیلکردنی دەستور و ڕێگەدان بۆ خۆپاڵاوکردنی بۆ چوارەم ویلایەتی سەرۆکایەتی بۆ ساڵی 2028 ، پڕۆسەی ئاشتی هەروەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ کرد ، پیاسەیەکی هێمنانەی خۆش و ئارام نیە ، بەپێچەوانەوە گەشتێکی دوور و دەرێژ و سەختە و بێ لەمپەر و کۆسب نابێت ، ئاشتی ئاڵۆز و قورسە کە مەترسی خەراپ بەکارهێنان هەڵدەگرێت ، هەموو سەرۆک و سەرکردەکان و گەلی کوردستان و ناوچەکە و وڵاتان بە پەرۆشەوە لە پڕۆسەی ئاشتی دەڕوانن و بەهێزەوە پاڵپشتی دەکەن بۆ سەرخستنی کە لە قازانج و بەرژەوەندی هەموو لایەک دایە .