دواین هەواڵ

بۆچی لای من ئەمریکا لە هەمووان گرنگترە؟

‌ هێرش عەبدولڕەحمان

4 رۆژ پێش ئێستا

زۆر کەس ڕەخنەم لێ دەگرن کە بۆچی تەنیا ئەمریکام بەلاوە گرنگە. لایەنگریی من پەیوەندی بەوەوە نییە کە ئەمریکیم یان کار بۆ ئەو وڵاتە دەکەم؛ بەڵکو با ڕاستگۆ بین: سیاسەت مەیدانی عاتیفە و دروشمی بریقەدار نییە، بەڵکو گۆڕەپانی ژمارە و واقیعی هێزە. من باش دەزانم کە کورد لەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا، جگە لە هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتیی وەک ئەمریکا، هیچ پاڵپشتێکی ڕاستەقینەی تری نییە. بۆ من، ئەمریکا لە تەواوی دەوروبەرم باشتر و جێی متمانەترە

ئێمە ٣٥ ساڵە لە سایەی ئەم هێزە نێودەوڵەتییەدا هەناسە دەدەین. با ڕاشکاو بین؛ ئەگەر ئەمڕۆ ئەمریکا تەنها بۆ دوو کاتژمێر پشت لە کورد بکات و بە عێراقی شیعی، تورک و فارس بڵێت من ئیتر لە پشتیان نیم، تەواوی ئەم دەوروبەرە بە یەک ڕۆژ ئەتروخێنن و دەتکەنەوە بە ژێردەستەکەی جاران.
هەندێک کەس باسی داگیرکاری و نەوت دزین و ئیمپریالیزم و بەرژەوەندی دەکەن. باشە، با وای دابنێین ئەمریکا تەنها بۆ بەرژەوەندیی خۆی لێرەیە، بەڵام وەرن بەراوردێکی ورد بکەین: ئەمریکا ئەگەر بەکاریشت بهێنێت، لانی کەم شوناسێکی نێودەوڵەتی پێ بەخشیوی، ناوی هەرێمی کوردستانی خستووەتە سەر نەخشەی سیاسیی جیهان، پەرلەمان و حکومەت و پێشمەرگەی بۆ هێشتووەتەوە.

بەڵام دەوروبەر کاتێک بەکارت دەهێنن، تەنها وەک کارتێکی فشار دژی یەکتر دەت بینن. ئەوان نەک هەر ناوت ناهێنن، بەڵکو ئامادە نین دان بە زمان و بوونیشتدا بنێن. ئێران یان تورکیا یان عەرەب ئەگەر دەرگایەکت بۆ بکەنەوە، دڵنیابە پێشتر سەدانی تریان لێ داخستووی. من دەتوانم لێرەدا سەدان فاکتت بۆ ڕیز بکەم کە بۆچی ئەمریکا باشترین بژاردەیە، لە بەرامبەریشدا ملیۆنێک نموونەت بۆ بژمێرم کە دەوروبەرمان چەند نەیارمانن.
سەیرەکە لەوەدایە، ئەو دژە ئەمریکایانەی حەز بە شکان و کەوتنی ئەمریکا دەکەن لە ناوچەکە، لە ژێر ئەو ئارامییەدا دەژین کە فڕۆکەکانی ئەمریکا دابینیان کردووە. ئەمانە لە دەرەوەی ئەم چەترە نێودەوڵەتییە، ناتوانن یەک چرکە بەرگری لە خاکەکەیان بکەن. دراوسێکانمان نایانەوێت کورد وەک قەوارە و هێز بوونی هەبێت؛ ئەوان ئەوەی ئێمە لەم ٣٥ ساڵەدا بە خوێن و ڕەنج دروستمان کردووە، بە کاتژمێرێک تێکی دەدەن ئەگەر دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت.

هەڵبژاردنی من ڕوونە؛ لە نێوان هێزێکی دوورە دەست کە بەرژەوەندییەکەی لە مانەوە و پاراستنی تۆدایە، لەگەڵ دراوسێیەک کە خەون بە نەمانتەوە دەبینێت، بێگومان یەکەمیان هەڵدەبژێرم. با واز لە دروشم بێنین؛ پاراستنی قەوارەی کوردستان بەندە بەو هاوسەنگییەی ئەمریکا دروستی کردووە، نەک بە بەزەیی و برایەتیی درۆینەی دەوروبەرمان. ئەمریکا تا ئێستا نە درۆنێکی بە هەڵە لێ داوین، نە مووشەکێکی گرتووەتە هەولێر؛ بەڵام ئەوانەی ناویان ناوە دۆست، تەنها دوێنێ ١٥ درۆنیان ئاراستە کردین!

من ناڵێم بڕۆ شەڕ بۆ ئەمریکا بکە، دەڵێم واقیعبین بە. خۆت بە کەم مەزانە و بەرژەوەندی خۆت لە سەروو هەمووانەوە دابنێ، چونکە مێژوو سەلماندوویەتی: ئەگەر پشت بە خۆت و هاوپەیمانە ڕاستەقینەکانت نەبەستیت، ئەوانەی دەوروبەرت تەنها بۆ ئەوە دەستت دەگرن کە نوقمت بکەن.
هەمان لۆژیک بۆ پرسی ئیسرائیل و موسادیش ڕاستە. لە بری ئەوەی وەک مەترسی لێیان بڕوانین، وەرە ئاقڵ بەو وەک ئامراز بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆت بەکاریان بهێنە. لە بری ئەوەی بترسیت و وەک قوربانییەک دەربکەویت، دەبێت وەک یاریزانێکی ژیر مامەڵە بکەیت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP