دواین هەواڵ

بۆچی کورد نابێت چیتر بە زمانێکی پاڕانەوە لە دەرگای زلهێزەکان بدات؟

‌ هێرش عەبدولڕەحمان

پێش 4 هەفتە

سەردەمێک کورد بە تابلۆی "کیمیاباران" و "ئاوارەیی" دەرگای ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی جیهانی دەکوتا، بەڵام ئەو قۆناغە بەسەرچوو. جیهانی ئەمڕۆ، جیهانی ڕیالیزمی ڕەقە. ئەگەر بمانەوێت هێزە کاریگەرەکانی وەک ئەمریکا یان هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان وەک هاوبەشێکی ڕاستەقینە مامەڵەمان لەگەڵ بکەن، پێویست ناکات چیرۆکی ئازارەکانمان بگێڕینەوە؛ بەڵکو دەبێت بیسەلمێنین کە بەبێ کورد، بەرژەوەندییەکانی ئەوان لە مەترسیدایە.
لێرەوە، پێویستە گوتاری سیاسیی کورد لە تکاکردن بۆ مانەوە بگۆڕدرێت بۆ سەپاندنی واقیعی مانەوە. لە زانستی سیاسیی هاوچەرخدا، مەزڵومیەت نابێتە زامنی مانەوە، چونکە زلهێزەکان لەسەر بنەمای پاڕانەوەو گریان هاوپەیمانی نابەستن، بەڵکو لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و هێز دەجووڵێنەوە. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، دەبێت کار لەسەر سێ ڕەهەندی ستراتیژی بکرێت.

کوردستان لە جەرگەی ئەو ناوچانەیە کە وەک هەژموونی نەیارانی ڕۆژئاوا دەبینرێن. کورد تاقە کارەکتەری نادەوڵەتییە کە خاوەنی هێزی کاریگەری وەک (پێشمەرگە و هەسەدە) بێت، بەڵام ئەمە بەس نییە:

 هیچ زلهێزێک پەیماننامەی بەرگریی درێژخایەن لەگەڵ "حیزب" یان "فەرماندەی شەخسی" واژۆ ناکات. یەکخستنی ئەم هێزانە لەژێر چەتری دامەزراوەیەکی نیشتمانی، مەرجی سەرەکیی واشنتۆنە بۆ ئەوەی وەک "هاوبەشێکی فەرمی" مامەڵەمان لەگەڵ بکات.

جیهانی ڕۆژئاوا تەنیا بۆ ئەو شوێنانە دەجەنگێت کە بەرژەوەندیی وزەی تێدایە. کوردستان بە یەدەگێکی گەورەی غازی سروشتییەوە نەوت، دەتوانێت ببێتە کلیلێکی گرنگی ئاسایشی وزەی جیهان ئەو کات پاراستنی ئاسایشی سلێمانی و هەولێر و قامیشلۆ دەبێتە بەشێک لە ئاسایشی ناوخۆیی پاریس و بەرلین و واشنتن. لە دنیای مۆدێرندا، بۆرییەکانی وزە لە سەنگەرەکان و قسەی حەماسی پاڕانەوە بەهێزترن."

لە ناوچەیەکدا کە پڕە لە سیستمە تاتۆلیتار و تیۆکراتییەکان، مۆدێلی حوکمڕانیی کورد سەرەڕای کەموکوڕییەکان مارکەیەکی بەهێزە. پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی، شەرعیەتێکی ئەخلاقیی پۆڵایین بە هاوپەیمانێتییەکان دەبەخشێت. بەهێزکردنی سەروەریی یاسا، تێچووی سیاسیی پشتگیریکردنی کورد بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا کەم دەکاتەوە.

بۆ ئەوەی کورد وەک "پێویستییەکی ستراتیژی" بمێنێتەوە، پێویستە ئەم گۆڕانکارییانە بکات:

دامەزراوەیی کردن: گۆڕینی پەیوەندییەکان لە "ئاستی شەخسیی سەرکردەکان"ەوە بۆ "پەیوەندی نێوان دامەزراوەکان".

لۆبیی یەکگرتوو: دامەزراندنی ناوەندێکی لۆبیی نیشتمانی لە ئەمریکا؛ چونکە پارچەپارچەبوونی نوێنەرایەتییەکان نیشانەی لاوازییە نەک دیموکراسی.

ڕاکێشانی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهان. کاتێک بەرژەوەندی دارایی ئەوان لێرە بێت، سوپاکانیان ڕێگە نادەن کوردستان تەنیا بکرێت.

کوردستان پێویستی بەوە نییە لە دەرگای وڵاتان بپاڕێتەوە، بەڵکو دەبێت خۆی وەک "کلیلێکی چارەسەر بسەلمێنێت. جیهان تەنیا ڕێز لەو کارەکتەرانە دەگرێت کە دەتوانن خزمەت بە سەقامگیری و بەرژەوەندییە گەورەکان بکەن. ڕاستگۆیی لە سیاسەتدا واتا ئێمە بەهێزین، وەک چۆن ئێوە پێویستتان بە ئێمەیە، ئێمەش پێویستمان بە ئێوەیە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP