راپۆرتى: الجزیرة نت
نووسینی: مەهدی ئەلزایدای
وەرگێڕانى هەرێم نیوز
"لەو شوێنەی پلانى تێدا نییە، گەل تێدا دەچێت"
ئەمەى لەم راپۆرتەدا دەخرێتە روو دیمەنێکی خەیاڵیی دێتە پێشچاو بەڵام لە هەمان کاتدا تەواو ڕاستەقینەیە: پیاوێکی نەناسراو، کە کەس ناسنامەکەی نازانێت، لەو شوێنەیە کە زۆرترین پرسیاری لەسەرە؛ ئەو شوێنەی کە "ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی" یەکێک لە گرنگترین کەسایەتییەکانی مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لێ کوژراوە، ئەو کەسەی کە بەپێی باوەڕی ملیۆنان موسڵمانی شیعە لە ئێران و دەرەوە، سێبەری خودا و جێنشینی مەهدییە لەسەر زەوی.
ئەم کەسە (پیاوێکە) کە "ئەندامی هەواڵگری"یی ئیسرائیلە و لە نزیک و ئەربابەکانى ڕێبەرە، وەک ئەوەی میدیا عیبرانییەکان وەسفی دەکەن، مۆبایلەکەی لە گیرفانی دەردەهێنێت، وێنەیەکى دەگرێت یان ڤیدیۆیەکی چەند چرکەیی تۆمار دەکات کە لە جیهانی ئەمڕۆى تەکنۆلۆژیادا نرخێکی بێوێنەی هەیە و بۆ شوێنێکی نەناسراوى ئاسایی دەنێرێت، بەڵام دواجار دەگاتە دەست نەتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و تڕەمپی سەرۆکی ئەمریکا.
دوای ئەوە یەکێک لەو وێنانە نیشاندەری ئەوەن خامنەیی ئامانجە سەرەکییەکە بووە و کوژراوە، چەند کاتژمێرێک دواتر ئێران بە فەرمی کوژرانی ڕێبەری باڵای شۆڕش بە بۆمبی ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان پشتڕاست دەکاتەوە. وەک دەردەکەوێت، ئەو پیاوە لە هەندێک لە دڵسۆزەکانی نزیکتربووە و دووریش نییە خۆیان (بەرپرسانى پلە باڵای ئێران) لە ڕێگەی پێدانی زانیاری پێشوەختە بە دوژمنان بەشدارییان لە کوشتنیدا کردبێت، یان ڕەنگە واش نەبێت، بەڵام ئەوەی مسۆگەرە ئەوەیە کە لە نزیکترین خاڵی ڕووداوەکەدا ئامادە بووە.
پێناسەیەکی کورت و پوخت:
موساد "دەزگایەکی بەهێز و مەترسیدارە کە توانای هەیە لە هەموو شوێنێک بگاتە دوژمنەکانی". ناوی فەرمی "دەزگای هەواڵگری و ئەرکە تایبەتەکان"ە و لە کانوونی یەکەمی ١٩٤٩ بە فەرمانی دەیڤید بن گۆریۆن دامەزراوە. فەلسەفەی کارکردنیان لە دروشمەکەیاندا کورت دەبێتەوە: "لەو شوێنەی پلان نییە، گەل تێدا دەچێت". ئەمەش واتای ئەوەیە کە کاری لەپێشینە هەمیشە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێشوەختەیە بۆ ئەوەی هەڕەشەکان نەبنە مەترسی لەسەر بوون و مانەوەى ئیسرائیل بە بەهێزیی.
کونەکانى رژێمی ئێران:
دیمەنەکە زۆر درامی دەردەکەوێت؛ لە وێنە نێرراوەکەدا تەرمی "ئایەتوڵڵا" کەوتووە کە ساڵانێکی درێژ سەرۆکایەتی ڕژێمێکبووە کە بە دوژمنێکی گەورەی ئەمریکا و ڕۆژئاوا دادەنرێت، لەدەرەوەش تارانیش زۆر ماندوو دەردەکەوێت، سەرەڕاى دۆخە ئابوریی و ئەمنییەکە؛ سیخوڕەکان لە هەموو لایەکەوە کونیان کردووەتە ئەو دەسەڵاتەى کە زۆر تۆکمە خۆی نمایشدەکرد، دزەیان کردووەتە ناو جومگە هەستیارەکانی و لە سەرکردە هەرە گەورەکانی نزیک بوونەتەوە. گەیشتوونەتە ناو ئەو پیاوانەی کە پێشتر سوێندی دڵسۆزییان بۆ تاران و دوژمنایەتییان بۆ ئەمریکا خواردبوو. کونەکان بوونەتە هۆی کوژرانى دەیان کەسى گرنگ لە عیماد موغنییەوە بیگرە تا خامنەیی کە بەدڵنیاییەوە دوایین کەس نییە کە لە لیستەکەى ئەمریکاو ئیسرائیلدا ئاماژەیان پێکراوە.
موساد لە نێوان پڕوپاگەندە و ڕاستیدا:
کاتێک بابەتەکە پەیوەندی بە کاری سیخوڕیی، تیرۆر و دزەکردنی ڕێکخراو بۆ ناو ڕیزەکانی نەیارەکان هەبێت، ئیسرائیل بە دەگمەن دان بەوەدا دەنێت کە دەستی تێداهەیە و هەمیشە لە درکاندنى زانیارییەکان خۆی دەپارێزێت، ئەمەش تەنیا بۆ ئەوە نییە کە تێوەگلانی یاسایی بۆ دروست نەبێت، بەڵکو بۆ پاراستنی ئەو تەمومژەیە کە هەمیشە هەوڵدەدات دەوری سیخوڕەکانى خۆی پێبدات. بەڵام ئەمجارەیان، کارەکە ئەوەندە چاوەڕوان نەکراوو گەورەبوو لەخۆباییبوون و خۆنواندن لە تەمومژەکە بەهێزتر بوو و سەرەداوێکی لێ درکاند.
غروروی ئیسرائیل و کاردانەوەکانى ئێران:
هەر کە ئاگری ئیسرائیلییەکان لە ١٣ی حوزەیرانی ڕابردوو گەیشتنە کۆماری ئیسلامی ئێران، ئیسرائیل نەیتوانی بەسەر لەخۆباییبوونی خۆیدا زاڵبێت؛ بەبێ پەردە ڕایگەیاند کە بەشێکی زۆری سەرکەوتنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سیخوڕانەی کە دزەیان کردووەتە ناو خاکی ئێران. ئەمە سەرەتاکە نەبوو؛ زۆری نەخایاند ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان وردەکاری دزەکردنی سیخوڕانی موسادیان بۆ ناو بەرنامە هەستیارەکانی ئێران وەک موشەک و چەکی ئەتۆمی گواستەوە. بۆیە هەر کە جەنگەکە کۆتایی هات تاران ئەم بابەتەی کردە لە پێشینەی کارەکانی.
ڕۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێران لە سەرەتای ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل نزیکەی ٧٠٠ سیخوڕی ئیسرائیلیی دەستگیرکردووە و هەندێکیان لە سێدارە دراون. بەڵام ئەم ژمارەیە هەموو چیرۆکەکە نییە.
تیرۆرکردنی زاناکان و "ڕۆبۆتی بکوژ"
ئیسرائیل لە ڕێگەی موسادەوە لیستی درێژی لەو زانایانە هەیە کە تیرۆری کردوون، لەوانە: ئەردەشیر حوسێن پور (٢٠٠٧)، مەسعود عەلی محەمەدی (٢٠١٠) و مەجید شەهریاری و چەندینى تر، بەڵام چیرۆکی تیرۆرکردنی موحسین فەخری زادە لە ٢٧ی تشرینی دووەمی 2010 دا، پڕە لە نهێنی.
سەرەتا وا بڵاوکرایەوە کە تیمی بکوژان هێرشیان کردووە، بەڵام دواتر دەرکەوت کە پرۆسەکە لە ڕێگەی "ڕۆبۆتێکی بکوژ"ەوە بووە کە بە تەکنەلۆژیایەکی زۆر پێشکەوتوو و زیرەکی دەستکرد کاریکردووە و لە ڕێگەی مانگی دەستکردەوە لە دوورەوە کۆنتڕۆڵ کراوە، ئەم ڕۆبۆتە توانای تەقاندنی ٦٠٠ فیشەکی هەبووە لە خولەکێکدا. ئەمە نیشانەی قووڵایی دزەکردنی هەواڵگرییە بۆ نێودڵی گەورەترین دوژمن؛ چونکە موساد پێشوەختە هەموو جووڵە و خاڵە لاوازەکانی پاسەوانانی فەخری زادەی دەزانی، بەڵام چۆن ئەوە نهێنییە گەورەکەیە.
گورگەکان لە ناوخۆدان:
کێشە گەورەکەی ئێران تەنیا "بیانییەکان" نین کە بە ناوی دیپلۆماتکار یان ئەکادیمی دێنە ناو وڵات (وەک دەستگیرکردنی جایلز ویتاکەر، جێگری نوێنەری بەریتانیا)، بەڵکو کێشەکە ئەوەیە کە ئیسرائیل توانیویەتی لە ناوخۆی ئێرانییەکان خۆیانەوە سیخوڕ پەیدا بکات.
میدیا عیبرییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە موساد توانیویەتی بە هاوکاری سیخوڕە ناوخۆییەکان، بنکەی سەربازیی لە ناوخۆی ئێران دروستبکات و درۆنی تێدا کۆگابکات بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان. دەرکەوتووە کە هەندێک ئۆتۆمبێل لە ناوخۆی ئێران بە سیستەمی هێرشبەریی ئامادە کراون کە توانیویانە سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێران پەکبخەن.
نموونەى حاشاهەڵنەگر:
نموونەی هەرە دیاری ئەم دزەکردنە، تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنییە بوو لە تەموزی ٢٠٢٤ لە ناوەڕاستى تاران و لەنێو کەمپێکی زۆر تایبەتى سوپاى پاسداراندا. لەو ژوورەی تێیدا دەمایەوە بۆمبێک چێنرابوو، کە دوو مانگ پێش گەیشتنی لەوێ شاردرابووەوە! ئەمە گەورەترین شکستی ئەمنی بوو بۆ سوپای پاسداران، ئاخر ئەگەر گورگەکان زۆر نزیک نەبن کێ زانیاریی لەسەر دوو مانگی داهاتوو دەبێت و تەنانەت ژوور و قەرەوێڵەى خەوتنەکەى دیاری بکەن، ئەو متمانەیە لەکوێوە هاتووە کە چێکی ئەو ژوورە نەکرێتەوە؟
کونێک لە " کەنارەکانى خۆرئاوا" و چیرۆکی تەقینەوەى پەیجەرەکان:
هەر بۆ وەبیرهێنانەوە، حەسەن نەسروڵڵا-ڕێبەری حیزبوڵڵاى لوبنان- ڕەنگە باوەڕی نەکردبێت ئیسرائیل دەستی پێی دەگات، بەڵام لە ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، لە کاتێکدا لە قووڵایی ١٠ مەتر لە ژێر زەویدا بوو، فڕۆکە ئیسرائیلییەکان پەناگەکەیان بەسەردا ڕوخاند.
وەک باسدەکرێت ئیسرائیل بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ کاری لەسەر دزەکردنە ناو حیزبوڵڵا کردبوو. تەنانەت توانیبوویان ئامێری گوێگرتن لە ناو ماڵی هەندێک لە سەرکردەکاندا بچێنن. گەورەترین گورزیش تەقاندنەوەی ئامێرەکانی "پەیجەر" بوو. ئیسرائیل لە ڕێگەی کۆمپانیای وەهمی و دزەکردنە ناو کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانى تەکنۆلۆژیا، وایکرد کە حیزبوڵڵا خۆی ئەو ئامێرە تەڵە ئاسایانە بکڕێت بەحساب خۆیان لە گوێگرتنی ئیسرائیلییەکان مسۆگەر دەکات. کاتێک حیزبوڵڵا گومانی لا دروستبوو کە بەشێک لە زانیارییەکانیان دزە دەکات چەند ئامێرێکی نارد بۆ ئێران بۆ پشکنین، پێش لەوەى ئەنجامى پشکنییەنەکان بگەڕێنەوە موساد بڕیاری تەقاندنەوەیانی دا.
موساد لە ڕۆژئاواش وێنەیەکی گەورەی هەیە، بەڵام...
هەرچەندە لەنێومیدیا و کۆڕو کۆبوونەوەکاندا موساد وەک دەزگایەکی " شکست نەخواردوو" نیشاندەدرێت، بەڵام لە ڕاستیدا شکستی زۆریشی هەبووە. کتێبی "سیخوڕە ناتەواوەکان" ئاماژە بەوە دەکات کە لەخۆباییبوون زۆر جار موسادی کوێرکردووە، وەک ئەوەی لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ ڕوویدا، تا ئێستاش شکستێکە بەنێوچاوانى ئەو دەزگایەوە (هەرچەندە باس لەوەش دەکرێت ئەوەش تەڵەیەک بووبێت بۆ ئەوەى ئەم رۆژەى لێ بەرهەم بێت).
ئێرانیش تەماشاکەر نییە:
لەلایەکی تریشەوە، تاران توانیویەتی دزە بکاتە نێو قوڵاییەکانى ئیسرائیل، تا نیسانی ٢٠٢٤، ئیسرائیل تۆمەتی سیخوڕیی داوەتە پاڵ زیاتر لە ٣٠ هاووڵاتی ئیسرائیلی کە بۆ ئێران کاریانکردووە. دەرکەوتووە ئێران لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیا و پارەوە، ئیسرائیلییەکانی ڕاو کردووە بۆ ئەوەی وێنەی بنکە سەربازییەکان و ماڵی زاناکانیان بۆ بگرن.
هێشتا کۆتایی نەهاتووە:
جەنگی سیخوڕی نێوان تاران و تەل ئەبیب پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە. ئەگەرچی دزەکردنی ئیسرائیل بۆ نێو ئێران قووڵتر و کوشندەتر بووە، بەڵام کۆمەڵگەی ئیسرائیلیش بێ کەلێن نییە. ئەم ململانێیەی نێو جیهانى تاریکی و نەدیتراوەکانى سیخوڕیی، بە رەهەندى قوڵ و ژمارەى کەمی سیخوڕ و خوێنێکی زۆرەوە بەردەوامە و رۆژانەش دەبینرێت گورگەکان چۆن بۆنی بەرپرس و شوێنە هەستیارەکانى ئێران دەنێرنە سەر مێزی گەورە بەرپرسەکانى ئیسرائیل و ئەمریکا و یەک لە دواى یەک دەیانپێکن.