دواین هەواڵ

گورزی یەکلاکەرەوە ئەمریکا چۆن شەڕی ئێران دەکات؟

‌ هێرش عەبدولڕەحمان

پێش 2 هەفتە

ئەمریکا وانەی باشی لە ئەزموونی ئەفغانستان و عێراق وەرگرتووە و چیتر نایەوێت بچێتە ناو شەڕێکی درێژخایەنەوە کە قوربانی گیانی و دارایی زۆری تێدا بدات.

لەبری ئەوە، واشنتۆن ستراتیژییەک پەیڕەو دەکات کە لەسەر بنەمای تەکنەلۆژیای بێوێنە و گورزی کەمەرشکێن بنیات نراوە؛ شەڕێکی کورت، پڕ زیان بۆ بەرامبەر و مسۆگەر بۆ خۆیان.

بەهۆی ئەو بودجە خەیاڵییەی پەنتاگۆن هەیەتی، ئەوان بەردەوام چەک و تەکنەلۆجیاکانیان نوێ دەکەنەوە. ئەمریکا چیتر سەربازەکانی ناداتە دەست قەدەر، بۆیە لە ڕێگەی کەشتییە جەنگییەکان، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێزی ئاسمانییەوە هەوڵ دەدات شەڕەکە یەکلا بکاتەوە. لەبری ناردنی هەزاران سەرباز، فڕۆکە نھێنییەکانی وەک F35 و B2 Spirit وەک تارمایی بە ئاسمانی تاران و شارە گرنگەکاندا دەسوڕێنەوە؛ ئەرکی سەرەکی ئەمانە ئیفلیجکردنی دڵ و مێشکی بەرگریی ئێرانە پێش ئەوەی ڕادارەکان هەستیان پێ بکەن لەگەڵ ئەمەشدا، لە ڕێگەی هێرشی سایبەری و جەنگی ئەلیکترۆنییەوە، ژێرخانی پەیوەندییەکان، تۆڕی کارەبا و سیستەمی موشەکی پەکدەخرێن. ئامانجەکە تەنیا وێرانکردن نییە، بەڵکو کوژاندنەوەی توانای جوڵەی ئێرانە، تا لە یەکەم هەنگاودا سوپاکەیان هیچ دەرفەتێکی وەڵامدانەوەی بۆ نەمێنێتەوە.

هاوشێوەی تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی و کردنە ئامانجی فەرماندەکان لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا، ستراتیژیی هەر شەڕێکی نوێ بە هەمان شێوە دەست پێدەکات و بە خامنەیی کۆتایی دێت؛ ئامانجەکەش گۆڕینی هاوکێشە سیاسییەکانە لەڕێگەی نەمانی لوتکەی هەرەمی دەسەڵات. ئەمە چیتر جەنگی تانک و سەنگەر نییە؛ ئەمە جەنگی کات و وردکارییە. ئەمریکا دەیەوێت تەنیا یەک گورز بوەشێنێت، بەڵام ئەو گورزە دەبێت هێندە قورس بێت کە دەرفەتی هیچ وەڵامدانەوەیەک بۆ تاران نەمێنێتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP