دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

موجتەبا خامنەیی لە یەکەمین پەیامیدا وەک ڕێبەری نوێی ئێران هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز دەکات

هەرێم نیوز 

موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە یەکەمین پەیامیدا دوای دیاریکردنی بۆ ئەو پۆستە، هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز و بەئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکەدا دەکات و جەختیش لەسەر تۆڵەسەندنەوەی خوێنی عەلی خامنەیی و قوربانییانی هێرشەکانی ئەم دواییە دەکاتەوە.

لە پەیامێکدا کە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی بڵاویکردووەتەوە، سەید موجتەبا خامنەیی سوپاسی ئەنجومەنی شارەزایان (خوبرەگان)ی کرد بۆ هەڵبژاردنی وەک جێگرەوەی باوکی و ڕایگەیاند، پڕکردنەوەی شوێنی "عەلی خامنەیی" کارێکی قورسە و پێویستی بە پشتیوانیی خەڵک هەیە لەم دۆخە هەستیارەی وڵاتدا.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ڕێبەری نوێی ئێران هەڕەشەی ئاراستەی وڵاتانی ناوچەکە کرد و ڕایگەیاند، ئێران بۆ لێدان لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، ئەو بنکە سەربازییانەی کردووەتە ئامانج کە لەو وڵاتانەدان و داواشی کرد بە زووترین کات ئەو بنکانە دابخرێن. ناوبراو وتیشی: "بە دڵنیاییەوە دەبێت وەک پێشتر ئامرازی داخستنی گەرووی هورمز بەکار بهێنرێت."

هەروەها، سەید موجتەبا خامنەیی باسی لە کرانەوەی بەرەی نوێی جەنگ کرد و ئاشکرای کرد کە پلانیان هەیە بەرەی وا بکەنەوە کە دوژمن ئەزموونی تێیدا نییە و بە توندی تێیدا لاوازە، کاراکردنی ئەو بەرانەش پەیوەستە بە بەردەوامبوونی دۆخی جەنگییەوە.

سەبارەت بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ناوبراو ئاماژەی بە قوربانیانی "قوتابخانەی شەجەرەی تەییبەی میناب" کرد و بەڵێنی دا کە تۆڵەی توندیان لێ دەکەنەوە و دەبێت دوژمن قەرەبووی ئەو زیانانە بداتەوە، ئەگەرنا بەقەدەر ئەو زیانە لە سامانیان لەناو دەبەن.

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا، ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی پەیمانی دا کە بەردەوام بێت لەسەر ڕێبازەکەی عەلی خامنەیی و پشتگیری لە بەرەی موقاوەمە بکات لە ناوچەکەدا، و ستایشی ڕۆڵی گرووپە چەکدارەکانی عێراق، یەمەن و حیزبوڵڵای لوبنانیشی کرد لە بەرگریکردن لەو بەرەیە.

 

دەقی پەیامەکەی موجتەبا خامنەیی :

وەرگێڕانی پەیامەکە
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم:
یەکەمین پەیامی حەزرەتی ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا حوسێنی خامنەیی، ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی
▪️ بەشی یەکەم
بە ناوی خوای بەخشندە و میهرەبان
(مَا نَنسَخْ مِنْ ءَآیَةٍ أَوْ نُنسِهَا نَأتِ بِخَیْرٍ مِّنْهَآ اَوْ مِثْلِها).
سڵاوت لێ بێت ئەی بانگخواز بۆ لای خوا و پەروەردەکاری ئایەتەکانی، سڵاوت لێ بێت ئەی دەرگای خوا و دادوەری ئایینەکەی، سڵاوت لێ بێت ئەی جێنشینی خوا و یارمەتیدەری حەقەکەی، سڵاوت لێ بێت ئەی حوججەتی خوا و بەڵگەی ئیرادەکەی؛ سڵاوت لێ بێت ئەی پێشەوای ئاواتەخواز؛ سڵاوت لێ بێت بە هەموو سڵاوەکان؛ سڵاوت لێ بێت ئەی گەورەم ساحیبەززەمان.
لە سەرەتای قسەکانمدا دەبێت بە بۆنەی شەهیدبوونی دڵتەزێنی ڕێبەری مەزنی شۆڕش، خامنەیی ئازیز و حەکیمەوە، سەرەخۆشی لە گەورەم (عەجەلەڵڵاهو تَعالی فەرەجەه) بکەم و لەو حەزرەتە داوای دوعای خێر بۆ یەکە بە یەکەی نەتەوەی گەورەی ئێران و بگرە هەموو موسڵمانانی جیهان و هەموو خزمەتکارانی ئیسلام و شۆڕش و گیانبەختکاران و کەسوکاری شەهیدانی بزووتنەوەی ئیسلامی و بەتایبەتی جەنگی ئەم دواییە، و بۆ خۆم وەک کەسێکی بچووک بکەم.
بەشی دووەمی قسەکانم لەگەڵ نەتەوەی گەورەی ئێرانە. لە سەرەتادا دەبێت بە کورتی دۆخ و هەڵوێستی خۆم سەبارەت بە دەنگی مەجلیسی بەڕێزی خوبرەگان (شارەزایان) بەیان بکەم. ئەم خزمەتکارەتان، سەید موجتەبا حوسێنی خامنەیی، هاوکات لەگەڵ ئێوە و لە ڕێگەی تەلەڤزیۆنی کۆماری ئیسلامییەوە لە ئەنجامی دەنگی مەجلیسی بەڕێزی خوبرەگان ئاگادار بوومەوە. بۆ من دانیشتن لە شوێنێکدا کە جێگەی دانیشتنی دوو پێشەوای مەزن، خومەینیی کەبیر و خامنەیی شەهید بووە، کارێکی قورسە. چونکە ئەم کورسییە پێشینەی دانیشتنی کەسێکی هەیە کە دوای زیاتر لە ٦٠ ساڵ تێکۆشان لە ڕێگەی خوا و وازهێنان لە جۆرەها چێژ و ئیسراحەت، بووەتە گەوهەرێکی درەوشاوە و کەسایەتییەکی دیار، نەک تەنها لە سەردەمی ئێستادا، بەڵکوو لە درێژایی مێژووی فەرمانڕەوایانی ئەم وڵاتەدا. هەم ژیانی و هەم جۆری مردنیشی تێکەڵ بوو بە شکۆ و عیززەتێک کە سەرچاوەکەی پشت‌بەستن بە حەق بوو.
من ئەو توفیقەم هەبوو کە دوای شەهیدبوونەکەی، زیارەتی تەرمەکەی بکەم؛ ئەوەی بینیم کێوێک لە پتەویی بوو، و بیستم کە دەستە ساغەکەی مشت کردبوو. سەبارەت بە لایەنە جیاوازەکانی کەسایەتیی ئەو، دەبێت کەسانی شارەزا بۆ ماوەیەکی زۆر شت بڵێن. لەم دەرفەتەدا بە کورتکردنەوەی لەمەدا دەوەستم، وردەکارییەکان بۆ کات و شوێنی گونجاوی دیکە جێدەهێڵم. ئەمە هۆکاری قورسیی دانیشتنە لەسەر کورسیی ڕێبەرایەتی دوای کەسێکی وا، پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییەش تەنها بە یارمەتیی حەزرەتی حەق و هاوکاریی ئێوەی خەڵک دەکرێت.
لە درێژەدا پێویستە جەخت لەسەر خاڵێک بکەمەوە کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە کرۆکی قسەکانمەوە هەیە. ئەو خاڵە ئەوەیە کە یەکێک لە هونەرەکانی ڕێبەری شەهید و پێشینە مەزنەکەی، هێنانە ناوەوەی خەڵک بوو بۆ هەموو گۆڕەپانەکان و پێدانی بەصیرەت و هۆشیاریی بەردەوام پێیان، و لە کاتی کردەوەدا پشت‌بەستن بوو بە هێزی ئەوان. ئەوان بەم شێوەیە مانای ڕاستەقینەی گەل و سیستەمی کۆمارییان کردە کردار و لە قوڵایی گیانیشەوە باوەڕیان پێی هەبوو. کاریگەریی ڕوونی ئەم بابەتە لەم چەند ڕۆژەدا بینرا کە وڵات بێ ڕێبەر و بێ فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بوو. بەصیرەت و ژیریی نەتەوەی گەورەی ئێران لە ڕووداوەکەی ئەم دواییەدا و خۆڕاگری و ئازایەتی و ئامادەبوونی، دۆستی خستە سەرسامی و دوژمنی خستە حەیرەتەوە. ئەمە ئێوەی خەڵک بوون کە ڕێبەرایەتیی وڵاتتان کرد و دەسەڵاتەکەی مسۆگەر کرد. ئەو ئایەتەی کە لە سەرەتای ئەم نووسراوەیەدا هێنام، بەو مانایەیە کە هیچ ئایەتێک لە ئایەتە ئیلاهییەکان نییە کە یان مۆڵەتەکەی تەواو بێت یان لەبیر ببرێتەوە، مەگەر ئەوەی لە لایەن حەزرەتی حەق جەللە و عەلاوە، هاوشێوە یان باشتر لەوەی لە جێگەدا پێبدرێت.
هۆکاری بەکارهێنانی ئەم ئایەتە پیرۆزە ئەوە نییە کە ئەم بەندەیە لە ئاستی ڕێبەری شەهیددا بم، چ جای ئەوەی بمهەوێت وا دابنێم کە لەو باشترم؛ بەڵکوو مەبەست لە هێنانی ئایەتە پیرۆزەکە ڕاکێشانی سەرنجە بۆ ڕۆڵی لەجێ و پڕڕەنگی ئێوەی نەتەوەی ئازیز. ئەگەر ئەو نیعمەتە مەزنەمان لێ سەندرایەوە، لە جێگەیدا جارێکی دیکە ئامادەبوونی عەممارئاسای نەتەوەی ئێران بەم نیزامە بەخشرا. ئەمە بزانن ئەگەر هێزی ئێوە لە گۆڕەپانەکەدا دەرنەکەوێت، نە ڕێبەرایەتی و نە هیچ یەک لە دەزگا جیاوازەکان کە شانی ڕاستەقینەیان خزمەتکردنی خەڵکە، کارایی پێویستیان نابێت. بۆ ئەوەی ئەم مانایە باشتر بێتە دی، یەکەم دەبێت یادی خوای تەبارەک و تەعالا و پشت‌بەستن بەو حەزرەتە و پاڕانەوە بە نوورە پاکەکانی مەعسوومین سەلاواتی خوایان لەسەر بێت، وەک گەورەترین ئیکسیر و دەگمەنترین شت سەیر بکرێت کە گەرەنتیکەری جۆرەها کرانەوە و سەرکەوتنی حتمییە بەسەر دوژمندا. ئەمە تایبەتمەندییەکی گەورەیە کە ئێوە هەتانە و دوژمنەکانتان نییانە.
دووەم، نابێت هیچ درزێک بکەوێتە ناو یەکڕیزیی نێوان تاکەکان و چینەکانی نەتەوە کە بە شێوەیەکی ئاسایی لە کاتی تەنگانەدا دەرکەوتنی تایبەتی هەیە. ئەم کارە بە چاوپۆشیکردن لە خاڵە جێناکۆکەکان بەدەست دێت.
▪️ بەشی دووەم
سێیەم، دەبێت ئامادەبوونی کاریگەر لە گۆڕەپانەکەدا بپارێزرێت؛ چ بەو شێوەیەی کە لەم ڕۆژ و شەوانەی جەنگدا لە خۆتان نیشان دا و چ بە شێوەی جۆرەها ڕۆڵ‌گێڕانی کاریگەر لە گۆڕەپانە جیاوازەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، پەروەردەیی، فەرهەنگی و تەنانەت ئەمنیشدا. گرنگ ئەوەیە کە ڕۆڵی دروست، بێ خەوش خستنە ناو یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی، بە باشی تێبگەین و تا ئاستی پێویست جێبەجێی بکەین. یەکێک لە ئەرکەکانی ڕێبەرایەتی و هەندێک لە بەرپرسانی دیکە وەبیرهێنانەوەی هەندێک لەم ڕۆڵانەیە بە تاکەکان یان چینەکانی کۆمەڵگە. لەم ڕووەوە گرنگیی ئامادەبوون لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی قودسی ١٤٤٧ وەبیر دەهێنمەوە کە دەبێت ڕەگەزی دوژمن‌شکاندن تێیدا ببێتە جێی سەرنجی هەمووان.
چوارەم، لە یارمەتی و هاوکاریکردنی یەکتر کەمتەرخەمی مەکەن. سوپاس بۆ خوا تایبەتمەندیی هەمیشەیی زۆربەی ئێرانییەکان جگە لەمە نەبووە و چاوەڕوان دەکرێت کە لەم ڕۆژە تایبەتانەدا کە بێگومان بەسەر هەندێک لە تاکەکانی نەتەوەدا قورستر لەوانی دیکە تێدەپەڕێت، ئەم بابەتە ڕەنگدانەوەی زیاتری هەبێت. هەر لەم دەرفەتەدا لە دەزگا خزمەتگوزارییەکان داوا دەکەم کە لەم پێناوەدا لە هیچ یارمەتی و هاوکارییەک بۆ ئەو تاکە ئازیزانەی نەتەوە و بۆ پێکهاتە فریاگوزارییە جەماوەرییەکان درێغی نەکەن.
ئەگەر ئەم لایەنانە ڕەچاو بکرێن، ڕێگەی گەیشتنی ئێوەی نەتەوەی ئازیز بە ڕۆژانی مەزنی و شکۆ هەموار دەبێت. نزیکترین نموونەی ئەمە دەتوانێت بە ئیزنی خوا سەرکەوتن بەسەر دوژمندا لە جەنگی ئێستادا بێت.
بەشی سێیەمی قسەکانم، سوپاسێکی دڵسۆزانەیە لە جەنگاوەرە ئازاکانمان کە لە هەلومەرجێکدا کە نەتەوە و نیشتمانی ئازیزمان بە شێوەیەکی مەزڵوومانە کەوتووەتە بەر هێرشی سەرانی بەرەی ئیستیکبار، بە گورزە کەمەرشکێنەکانیان ڕێگەی دوژمنیان گرتووە و ئەوانیان لە وەهمی توانای دەستبەسەرداگرتنی نیشتمانی ئازیز و لەوانەشە دابەشکردنی دەرهێناوە.
برا جەنگاوەرە ئازیزەکان! ویستی جەماوەری خەڵک، بەردەوامبوونی بەرگرییەکی کاریگەر و پەشیمانکەرەوەیە. هەروەها بێگومان دەبێت وەک پێشتر ئامرازی داخستنی گەرووی هورمز بەکار بهێنرێت. سەبارەت بە کردنەوەی بەرەی دیکە کە دوژمن ئەزموونێکی کەمی تێیاندا هەیە و بە توندی تێیاندا لاواز دەبێت، لێکۆڵینەوە کراوە و کاراکردنی لە ئەگەری بەردەوامبوونی دۆخی جەنگی و بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکان ئەنجام دەدرێت.
هەروەها سوپاسێکی دڵسۆزانەم هەیە بۆ جەنگاوەرانی بەرەی موقاوەمە. ئێمە وڵاتانی بەرەی موقاوەمە بە باشترین دۆستەکانی خۆمان دەزانین و پرسی موقاوەمە و بەرەی موقاوەمە، بەشێکی دانەبڕاوە لە بەهاکانی شۆڕشی ئیسلامی. بێگومان هاوڕێیەتیی پێکهاتەکانی ئەم بەرەیە پێکەوە، ڕێگەی ڕزگاربوون لە ئاژاوەی سەهیۆنی کورتتر دەکاتەوە؛ هەروەک چۆن بینیمان یەمەنی ئازا و باوەڕدار دەستی لە بەرگریکردن لە خەڵکی مەزڵوومی غەززە هەڵنەگرت و حیزبوڵڵای فیداکار سەرباری هەموو ئاستەنگەکان بە هانای کۆماری ئیسلامییەوە هاتووە و موقاوەمەی عێراقیش ئازایانە هەر ئەم هێڵەی گرتووەتە بەر.
لە بەشی چوارەمدا، ڕووی قسەم لەگەڵ ئەو کەسانەیە کە لەم چەند ڕۆژەدا بە جۆرێک لە جۆرەکان زیانیان بەرکەوتووە. چ ئەوانەی کە خەمی شەهیدبوونی ئازیزێک یان ئازیزانیان چەشتووە؛ چ ئەوانەی کە بریندار بوون و چ ئەو کەسانەی کە ماڵ و حاڵ یان شوێنی کارەکەیان زیانی بەرکەوتووە. لەم بەشەدا، یەکەم، هاوسۆزیی قووڵی خۆم بۆ کەسوکاری شەهیدە پایەبەرزەکان ڕادەگەیەنم. ئەمە لەسەر بنەمای ئەو ئەزموونە هاوبەشەیە کە من لەگەڵ ئەم بەڕێزانە هەمە؛ جگە لە باوکم کە خەمی لەدەستدانی بووەتە بابەتێکی گشتی، هاوسەرە ئازیز و وەفادارەکەم کە هیوام پێی بوو، و خوشکە فیداکارەکەم کە خۆی تەرخان کردبوو بۆ خزمەتکردنی دایک و باوکی و لە کۆتاییدا پاداشتی خۆی وەرگرت و هەروەها منداڵە بچووکەکەی، و هاوسەری خوشکەکەی دیکەم کە مرۆڤێکی زانا و شەریف بوو، بە کاروانی شەهیدانم سپاردووە. بەڵام ئەوەی کە ئارامگرتن لەسەر کارەساتەکان مومکین و تەنانەت ئاسان دەکات، سەرنجدانە بە بەڵێنی حتمی و بڕاوەی ئیلاهی بۆ پاداشتێکی گەورە بۆ ئارامگران. بۆیە دەبێت ئارام بگرین و بە لوتف و دەستگیریی حەزرەتی حەق جەللە و عەلا، هیوا و متمانەمان هەبێت.
دووەم، ئەم دڵنیاییە بە هەمووان دەدەم کە ئێمە لە تۆڵەی خوێنی شەهیدەکانتان خۆش نابین. ئەو تۆڵەیەی کە لەبەرچاومانە تەنها پەیوەندی بە شەهیدبوونی ڕێبەری مەزنی شۆڕشەوە نییە؛ بەڵکوو هەر ئەندامێکی نەتەوە کە لە لایەن دوژمنەوە شەهید دەکرێت، خۆی بابەتێکی سەربەخۆیە بۆ دۆسیەی تۆڵەسەندنەوە. بێگومان بڕێکی سنووردار لەم تۆڵەیە تا ئێستا شێوەیەکی کرداریی بەخۆوە بینیوە، بەڵام تا بە شێوەیەکی تەواو بەدەست نەیەت، ئەم دۆسیەیە هەروا لەسەر باقیی دۆسیەکان دەبێت و بەتایبەتی سەبارەت بە خوێنی منداڵەکانمان هەستیارییەکی زیاترمان دەبێت. بۆیە ئەو تاوانەی کە دوژمن بە شێوەیەکی ئەنقەست سەبارەت بە قوتابخانەی شەجەرەی تەییبەی میناب و هەندێک حاڵەتی هاوشێوە ئەنجامی داوە، پێگەیەکی تایبەتی لەم بەدواداچوونەدا هەیە.
سێیەم، حەتمەن دەبێت بریندارانی ئەم هێرشانە بە بێبەرامبەر خزمەتگوزاریی پزیشکیی گونجاو وەربگرن و لە هەندێک ئیمتیازی دیکە سوودمەند ببن.
چوارەم، تا ئەو جێگەیەی دۆخی ئێستا ڕێگە بدات، دەبێت بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانە داراییەکانی بەرکەوتوو بە شوێن و ماڵ و سامانی کەسی، ڕێوشوێنی پێویست پێناسە بکرێت و جێبەجێ بکرێت. دوو خاڵی کۆتایی وەک ئەرکێکی پێویست بۆ جێبەجێکردنە لەسەر شانی بەرپرسانی بەڕێز کە دەبێت جێبەجێی بکەن و ڕاپۆرتەکەی بە من بدەن.
▪️ بەشی سێیەم
ئەو خاڵەی کە دەبێت وەبیری بهێنمەوە ئەوەیە کە بە هەر شێوەیەک بێت ئێمە قەرەبوو (غەرامەت) لە دوژمن وەردەگرین و ئەگەر ئامادە نەبوو، بەو ئەندازەیەی کە دیاری دەکەین لە سامانەکەی دەبەین و ئەگەر ئەوەش نەکرێت، بە هەمان ئەندازە لە سامانەکەی لەناو دەبەین.
بەشی پێنجەمی قسەکانم، ئاراستەی سەرکردەکان و ئاستە کاریگەرەکانە لە هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکەدا. ئێمە لەگەڵ ١٥ وڵاتدا دراوسێیەتیی خاکی یان ئاویمان هەیە و هەمیشە ئارەزووی پەیوەندییەکی گەرم و بنیاتنەرانەمان لەگەڵ هەموویاندا هەبووە و هەمانە. بەڵام دوژمن لە چەندین ساڵ پێشەوە وردە وردە بنکەی سەربازی و دارایی لە هەندێک لەم وڵاتانەدا دروست کردووە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆی بەسەر ناوچەکەدا دەستەبەر بکات. لە هێرشی ئەم دواییەدا، هەندێک لەو بنکە سەربازییانە بەکارهێنران کە بێگومان ئێمە هەروەک چۆن هۆشداریی ڕوونمان دابوو و بەبێ ئەوەی دەستدرێژی بۆ سەر ئەو وڵاتانە بکەین، تەنها هەمان ئەو بنکانەمان کردووەتە ئامانج. لەمەودواش بە ناچاری بەردەوام دەبین لەم کارە؛ هەرچەندە هێشتا باوەڕمان بە پێویستیی دۆستایەتی هەیە لە نێوان خۆمان و ئەو دراوسێیانەماندا. ئەم وڵاتانە دەبێت هەڵوێستی خۆیان لەگەڵ دەستدرێژکاران بۆ سەر نیشتمانی ئازیزمان و بکوژانی تاکەکانی گەلەکەمان یەکلا بکەنەوە. من ئامۆژگارییان دەکەم کە هەرچی زووە ئەو بنکانە دابخەن؛ چونکە دیارە تا ئێستا تێگەیشتوون کە بانگەشەی چەسپاندنی ئاسایش و ئاشتی لە لایەن ئەمریکاوە تەنها درۆیەک زیاتر نەبووە.
ئەم کارە وا دەکات تا لەگەڵ نەتەوەکانی خۆیاندا کە بەگشتی لە هاوڕێیەتیکردنی بەرەی کوفر و ڕەفتارە سووکایەتیپێکارەکانی ناڕازین، پەیوەندییەکی زیاتر پەیدا بکەن و سامان و هێزیان زیاتر بێت. دیسان دووبارەی دەکەمەوە کۆماری ئیسلامی بەبێ ئەوەی بیەوێت هەژموون و داگیرکارییەک لە ناوچەکەدا وەڕێ بخات، ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ یەکگرتوویی و پەیوەندیی دوولایەنەی گەرم و دۆستانە لەگەڵ هەموو دراوسێکاندا.
لە بەشی شەشەمی قسەکانمدا، ڕووی قسەم لەگەڵ ڕێبەرە شەهیدەکەمانە. ئەی ڕێبەر! بە ڕۆیشتنی خۆت خەمێکی قورست خستە ناو دڵی هەمووانەوە. تۆ هەمیشە تامەزرۆی ئەم کۆتاییە بوویت تا لە کۆتاییدا حەزرەتی حەق لە کاتی خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز لە بەرەبەیانی ڕۆژی دەیەمی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا پێی بەخشیت. مەزڵوومییەتێکی زۆرت بە شێوەیەکی پڕدەسەڵاتانە و بە داناییەوە تەحەممول کرد و برۆت تێک نەنا. زۆر کەس قەدری ڕاستەقینەی تۆیان نەزانی و لەوانەیە کاتێکی زۆری پێ بچێت تا جۆرەها پەردە و ئاستەنگەکان لابچن و لایەنەکانی ئەو ئاشکرا ببن.
هیوادارین لە ڕێگەی ئەو پێگەیەی قوربەتەی کە لە تەنیشت نوورە پاکەکان و ڕاستگۆیان و شەهیدان و ئەولیا بۆت ڕەخساوە، دیسانیش لە بیری پێشکەوتنی ئەم نەتەوەیە و هەموو نەتەوەکانی بەرەی موقاوەمەدا ببیت و نێوەندگیری بۆ بکەیت؛ هەروەک چۆن لە ژیانی دنیاییدا وات دەکرد. ئێمە پەیمانت لەگەڵدا دەبەستین کە بۆ بەرزکردنەوەی ئەم ئاڵایە کە ئاڵای سەرەکیی بەرەی حەقە، و بۆ گەیشتن بە ئامانجە پیرۆزەکانی جەنابت، بە هەموو بوونمانەوە هەوڵ بدەین.
لە بەشی حەوتەمدا سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەم کە پاڵپشتیی منیان کردووە، لەوانەش مەرجەعە گەورەکانی تەقلید و کەسایەتییە جیاوازە فەرهەنگی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، و ئەو تاکانەی خەڵک کە لە کۆبوونەوەیەکی پڕشکۆدا بۆ دەربڕینی بەیعەتی دووبارە بە نیزام ئامادە بوون، و هەروەها لە بەرپرسانی هەر سێ دەسەڵاتەکە و ئەنجومەنی کاتیی ڕێبەرایەتی بەهۆی ڕێوشوێن و هەنگاوە باشەکانیان.
هیوادارم لوتفە تایبەتەکانی ئیلاهی لەم سات و ڕۆژە پڕپیتانەدا ببێتە نسیبی هەموو نەتەوەی ئێران و بگرە هەموو موسڵمانان و چەوساوەکانی جیهان.
و لە کۆتاییدا لە گەورەمان (عەجەلەڵڵاهو تَعالی فەرەجەهوش شەریف) داوا دەکەم لەم ماوەیەی کە ماوە لە شەو و ڕۆژەکانی قەدر و مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، لە دەرباری حەزرەتی حەق جەللە و عەلا، بۆ نەتەوەکەمان زاڵبوونی یەکلاکەرەوە بەسەر دوژمندا و هەروەها عیززەت و فراوانی و سەلامەتی، و بۆ کۆچکردووەکانیان پێگەی بەرز و عافیەتی قیامەت داوا بکەن.
وَالسَّلامُ عَلَيْكُمْ وَرَحْمَةُ اللَّهِ وَبَرَكَاتُهُ وَتَحِيَّاتُهُ
سەید موجتەبا حوسێنی خامنەیی



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP