هەرێم نیوز
درەنگانی شەوی ڕابردوو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن ژۆن نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنساوە پێگەیشت و تێیدا دۆخی نالەباری ناوچەکە و پاراستنی قەوارەی هەرێم تاوتوێ کرا.
لە پەیوەندییەکەدا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە فەرمی هاوسۆزی و پشتگیریی تەواوی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە. ئەم پشتگیرییەی پاریس لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان لەژێر فشاری هێرشە بەردەوامەکاندایە؛ فەرەنسا جەختی کردەوە کە لە تەنیشت هەولێر دەمێنێتەوە بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە.
هەردوولا بە وردی پەرەسەندنە خێراکانی ناوچەکە و ئاسۆکانی چارەسەرییان گۆنگۆ کرد. سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت هاوئاهەنگییەکی نزیک و بەردەوام لە نێوانیاندا هەبێت بۆ:
• پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.
• دوورخستنەوەی ناوچەکە لە مەترسییەکانی جەنگێکی وێرانکەر.
لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پێگەی مێژوویی و پشتگیرییە بەردەوامەکانی فەرەنسای کرد. سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بەوە دا کە لەم قۆناغە هەستیارەدا، ڕۆڵی فەرەنسا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یەکلاکەرەوەیە بۆ هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و پاراستنی ئاشتی.