هەرێم نیوز
فۆکس نیوز لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە رایگەیاند "ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەریمان لەکاتی کۆبوونەوەیەکیاندا بۆ هەڵبژاردنی ڕێبەرێکی نوێ کردە ئامانج".
هاوکات بەپێی ڕاپۆرتێکی "کەناڵی ١٢"ی ئیسرائیل، هێزەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر کۆبوونەوەیەکی تایبەت و داخراوی ئەنجومەنی شارەزایانی سەرکردایەتی (مەجلیسی خوبرەگان) لە شاری تاران. کەناڵەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە کاتی هێرشەکەدا، ٨٨ ئەندامی ئەو ئەنجومەنە لە کۆبوونەوەدا بوون بۆ تاوتوێکردن و هەڵبژاردنی جێنشینێک بۆ عەلی خامنەیی.
تاوەکو ئێستا وردەکاری زیاتر دەربارەی چارەنووسی ئەو ٨٨ ئەندامە و قەبارەی زیانەکانی ئەو هێرشە لەلایەن سەرچاوە فەرمییەکانی ئێرانەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام ئەمە بە یەکێک لە گەورەترین گورزەکان بۆ سەر سەرکردایەتیی کۆماری ئیسلامی دادەنرێت لە دوای کوژرانی ڕێبەرەکەیانەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، دوای کوژرانی عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران، تاران ئەنجوومەنێکی کاتیی رێبەری کە پێکهاتووە لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمار، غوڵامحوسێن موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی داد و عەلیڕەزا ئەعرافی، ئەندامی فەقیهی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران، پێکهێنا.