هەرێم نیوز
کەناڵی (CNN)ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکی هەستیاردا ئاشکرای کردووە کە ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) خەریکی داڕشتنی پلانێکی سەربازییە بۆ پڕچەککردنی هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە ئامانجی دروستکردنی ڕاپەڕینێکی جەماوەریی سەرتاسەری لە دژی تاران.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕاستەوخۆ هاتووەتە ناو هێڵەکەوە:
• ڕۆژی یەکشەممە: لەگەڵ سەرکردە کوردەکانی هەرێمی کوردستان قسەی کردووە بۆ هەماهەنگی ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکان.
• ڕۆژی سێشەممە: پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران ئەنجامداوە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانی ئێران، کە هەزاران چەکداریان لەسەر سنوورەکان هەیە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەشداری ئۆپەراسیۆنێکی زەمینیی بەرفراوان لە ڕۆژئاوای ئێران (ڕۆژهەڵاتی کوردستان) دەکەن. بۆ ئەم مەبەستەش ئەمریکا پێویستی بە پشتگیریی هەرێمی کوردستانە وەک
خاڵی دەستپێک و تێپەڕاندنی چەک.
سەرەڕای گفتوگۆ چڕەکان، لایەنی کوردی بە وریاییەوە مامەڵە دەکات. بەرپرسە کوردەکان داوای "گەرەنتی سیاسی" ڕوونیان لە ئیدارەی ترەمپ کردووە، پێش ئەوەی بچنە ناو هەر پڕۆسەیەکی سەربازییەوە. ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە ڕابردوودا چەندین جار هەستیان کردووە لەلایەن ئەمریکاوە بە تەنیا جێهێڵدراون و وەک کارتی فشار بەکارهێنراون.
لە ناوخۆی ئیدارەی ترەمپیشدا، چەند بەرپرسێک هۆشدارییان داوە کە کوردەکان متمانەی تەواویان بە بەڵێنەکانی ئەمریکا نییە، چونکە پێشتر لە ساتە هەستیارەکاندا واشنتن پشتی تێکردوون، بۆیە سەرکەوتنی ئەم پلانە بەندە بەوەی تا چەند ترەمپ دەتوانێت کوردەکان قایل بکات کە ئەمجارە جیاوازە.