هەرێم نیوز
لە پێشهاتێکی کتوپڕدا لە ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان، بڕیاری دا پەرلەمانتار مستەفا سەنەد لە دانیشتنەکانی پەرلەمان دوور بخاتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، شەوی ڕابردوو لە کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنێکی داخراوی پەرلەمان تایبەت بە دۆخی تەناهی (ئەمنی) عێراق، گرژیی توند لە نێوان پەرلەمانتاران دروست بووە. تێیدا مستەفا سەنەد هێرشی کردووەتە سەر بەها ئەعرەجی، سەرۆکی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان (کە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتی دەکات) و زلەیەکی لێداوە.
بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمی کە ئەمڕۆ یەکشەممە ٨ـی ئاداری ٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە، هەیبەت حەلبووسی بڕیاری داوە:
• مستەفا سەنەد لە سەرجەم دانیشتنەکانی پەرلەمان دوور بخرێتەوە.
• ئەم بڕیارە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی سەنەد داوای لێبوردنی فەرمی لە بەها ئەعرەجی و تەواوی ئەندامانی پەرلەمان دەکات.
مستەفا سەنەد وەک یەکێک لە پەرلەمانتارە نزیکەکانی ئێران و میلیشیاکان دەناسرێت. پێشتر لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا لەگەڵ ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران دەرکەوتووە، کە تێیدا قائانی بە "کەسێکی دڵسۆز بۆ ئێران" وەسفی کردبوو. ئەم ڕەفتارەی دوێنێ شەوی وەک ئاماژەیەک بۆ قووڵبوونەوەی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی لایەنە شیعەکان لە ناو پەرلەمان دەبینرێت.