ئامادەکردنی ماڵپەڕی : بی بی سی
وەرگێران: هەرێم نیوز
بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی هەندێک لە ئەندامانی خێزانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەو پرسیارەی دروست کردووە کە ئەوان لە چ پلەیەکی خزمایەتیدا بوون؛ عەلی خامنەیی چەند زاوا و بووکی هەیە و لەو ڕێگەیەوە خزمایەتی لەگەڵ کام لە خێزانە دەستڕۆیشتووەکانی ئێراندا پەیدا کردووە؟
لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتیی خۆیدا، عەلی خامنەیی ژمارەیەک لە خزمەکانی لە پۆستە سیاسییە گرنگەکان، یان لەو دامەزراوانەی کە بودجەی حکومەتییان هەیە، دامەزراندووە. لە بەرامبەریشدا، ژمارەیەک لە خزمەکانی لە نەیارە سەرسەختەکانی بوون و تەنانەت هەندێکیان زیندانی کراون یان دوورخراونەتەوە. لەم بابەتەدا، ئەو زانیارییە گشتییانەی دەربارەی ئەندامانی خێزانی عەلی خامنەیی لەبەردەستدان، کۆکراونەتەوە.

دایک، باوک و باپیران
حوسێن تەفرەشی خامنەیی، یەکێک بووە لە زانا ئاینییەکانی لایەنگری مەشرووتە لە تەورێز، کە دەکاتە باپیری عەلی خامنەیی و میرحوسێن موسەوی. لە ڕاستیدا یەکێک لە کچەکانی ئەو، داپیرەی میرحوسێن موسەوییە و یەکێک لە کوڕەکانیشی بە ناوی حوسێن موجتەهید خامنە، باپیری عەلی خامنەیی بووە.
کچەکەی تری حوسێن تەفرەشی خامنە، هاوسەرگیری لەگەڵ شێخ محەمەد خیابانی کردووە کە یەکێک لە ڕێبەرانی مەشرووتە بووە لە تەورێز. شێخ محەمەد خیابانی، کە لە هەندێک میدیادا وەک مێردی پووری عەلی خامنەیی ناوی هاتووە، لە ڕاستیدا مێردی پووری باوکی عەلی خامنەیی بووە. بە هەمان شێوە، شێخ محەمەد خیابانی ئاوەڵزاوای (باجەناخی) باپیری میرحوسێن موسەویش بووە.
حوسێن موجتەهید خامنەیی (باپیری عەلی خامنەیی) لەگەڵ ژنێکی تورک بە ناوی "ماە خانم" هاوسەرگیری دەکات. بەرهەمی ئەم هاوسەرگیرییە جەواد حوسێنی خامنەییە، کە دەکاتە باوکی عەلی خامنەیی. جەواد حوسێنی خامنەیی کە لە نەجەف لەدایکبووە، لە کاتی گەڕانەوەی لە عێراق، سەرەتا لە تەورێز و دواتر لە مەشهەد نیشتەجێ دەبێت و دەبێتە پێشنوێژی مزگەوتی تورکەکان لە مەشهەد.
جەواد حوسێنی خامنەیی سەرەتا لەگەڵ ژنێکی تورک زمان بە ناوی "ڕازیە" هاوسەرگیری دەکات و سێ کچی لێی دەبێت بە ناوەکانی: عەلەوییە، بەتول و فاتیمە سوڵتان. دوای کۆچی دوایی ڕازیە، جەواد لەگەڵ ژنێکی تری بنەماڵەیەکی ئاینی بە ناوی خەدیجە میردامادی هاوسەرگیری دەکات.
باوکی خەدیجە میردامادی (هاشم نەجەف ئابادی میردامادی)، لە مزگەوتی گەوهەرشادی مەشهەد پێشنوێژی و تەفسیری قورئانی دەکرد. ئەو دوو هاوسەری هەبووە و خەدیجە، دایکی عەلی خامنەیی، تاکە منداڵی هاوسەری یەکەمی بووە بە ناوی ڕوبابە. خەدیجە میردامادی لە نەجەف لەدایکبووە و لە تەمەنی دوو ساڵیدا دایکی کۆچی دوایی کردووە. لە گەنجیدا لەگەڵ باوکی چووەتە مەشهەد.
خەدیجە میردامادی جگە لە عەرەبی و فارسی، لە مەشهەد فێری تورکیش بووە. ئەو بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ سێ کچەکەی جەواد حوسێنی خامنەیی (لە هاوسەری پێشووی)، بە تورکی قسەی دەکرد و ئەو منداڵانەشی کە دواتر لەدایکبوون، زمانی تورکییان لە ئەو و باوکیانەوە فێربوون. خانم میردامادی، بە وتەی عەلی خامنەیی، بەهۆی "دەنگە خۆشەکەی" و پەروەردەی ئاینییەوە، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ژیانی منداڵەکانی هەبووە. ئەو و باوکی عەلی خامنەیی چوار کوڕ و کچێکیان بووە بە ناوەکانی: محەمەد، عەلی، بەدرولسادات، هادی و حەسەن.

براکان و خوشکەکانی
محەمەد خامنەیی: کوڕە گەورەی خێزانەکەیە و ٤ ساڵ لە عەلی خامنەیی گەورەترە. لەدایکبووی ساڵی ١٣١٤ی هەتاوییە (١٩٣٥ی زاینی) و لە زانکۆی تاران یاسای خوێندووە. چەندین پۆستی هەبووە، وەک: نوێنەری پەرلەمان لە مەشهەد، ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایانی دەستوور، و خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەری گۆڤاری "مسائل ایران". پەیوەندی ئەو لەگەڵ ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە هەمووان نزیکتر بووە و لە حەوزەی زانستیی مەشهەد هاوژوور بوون. محەمەد خامنەیی لە کاتی سەرۆک کۆماریی براکەیدا، یەکێک بوو لەو ٩٩ نوێنەرەی پەرلەمان کە دەنگی متمانەیان بە میرحوسێن موسەوی وەک سەرۆک وەزیران نەدا. لە ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوییەوە (١٩٩٤ی زاینی) سەرۆکی "بنیاد حکمت اسلامی صدرا" بووە کە لەژێر چاودێریی عەلی خامنەییدا دامەزراوە. بەپێی بەڵگەیەک کە گرووپێکی هاککەر بە ناوی "عدالت علی" بڵاویان کردووەتەوە (کە ڕاستییەکەی بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست نەکراوەتەوە)، لەسەر داوای داواکاری گشتیی ئەوکات لە ١٧ی ڕەشەممەی ١٤٠٠ (ئازاری ٢٠٢٢)، ڕاپۆرتێک دەربارەی "سەرپێچییەکانی" کۆمپانیای گواستنەوەی کاروان (سەر بە بنیادی سەدرا) تۆمارکراوە، کە تێیدا ناوی وەحید ڕەزا تاڵەقانی (زاوای محەمەد خامنەیی) و ئەحمەد حوسێنی خامنەیی (کوڕی محەمەد خامنەیی) هاتووە بە تۆمەتی "خیانەت لە ئەمانەت، بەدەستهێنانی ماڵ لە ڕێگەی نایاسایی و دزینی سامانی گشتی".
ڕوبابە یان بەدرولسادات خامنەیی: لەدایکبووی ١٣٢١ی هەتاوییە (١٩٤٢ی زاینی)، منداڵی سێیەمی خێزانەکەیە و خوشکە بچووکەکەی عەلی خامنەییە. ئەو تاکە خزمە پلە یەکەکەی عەلی خامنەییە کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا ڕەخنەی لە براکەی دەگرت. لە ساڵی ١٤٠١ (٢٠٢٢) و دوای کوژرانی مەهسا (ژینا) ئەمینی، ڕێگەی خۆی لە براکەی جیا کردەوە و ڕایگەیاند کە ئەو دەنگی ڕاستەقینەی خەڵک و ڕەخنەگران نابیستێت. خوشکەکەی خامنەیی جەختی کردبووەوە کە بەهۆی ئەوەی براکەی "ڕێگەی خومەینی لە سەرکوتکردن و کوشتنی خەڵکی بێتاوان بەردەوام کردووە"، پەیوەندیی لەگەڵ پچڕاندووە. هاوسەرەکەی، عەلی مورادخانی ئەرەنگە (ناسراو بە شێخ عەلی تێرانی)، یەکێک بوو لە قوتابییەکانی ڕووحوڵڵا خومەینی کە لە دەیەی یەکەمی شۆڕشدا چووە عێراق و بە ئاشکرا دژایەتیی کۆماری ئیسلامیی کرد. دوای حەوت ساڵ لە ١٣٧٣ (١٩٩٤) گەڕایەوە ئێران و زیندانی کرا، و سێ ساڵ لەمەوبەر لە تەمەنی ٩٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. لە نێوان پێنج منداڵەکەیان، فەریدە و مەحموود مورادخانی ڕێگەی دژایەتیی ئاشکرایان لەگەڵ خاڵیان بەردەوام کرد. مەحموود چووە دەرەوەی ئێران، بەڵام فەریدە لە ناوخۆی ئێراندا بەشدارییەکی چالاکانەی لە پشتگیریکردنی زیندانیانی سیاسی هەبوو و سێ جار زیندانی کرا، هەروەها پشتگیری لە بنەماڵەی پەهلەوی کردووە.
هادی خامنەیی: لەدایکبووی ١٣٢٦ی هەتاوییە (١٩٤٧ی زاینی)، برای بچووکەکەی عەلی خامنەییە. دوو ساڵ لە مەشهەد چووەتە زانکۆ و وەک خۆی دەڵێت، دواتر دەستبەسەر کراوە و لە خوێندن بێبەش کراوە. دوای شۆڕش بووە یەکێک لە ئەندامە چالاکەکانی گرووپە نزیکەکان لە ئایەتوڵڵا خومەینی. هادی سەرەتا ڕۆژنامەی "جهان اسلام" و لە سەردەمی چاکسازیخوازاندا ڕۆژنامەی "حیات نو"ی بەڕێوە دەبرد، کە ڕۆژنامەیەکی ڕەخنەگرانە بوو و دوو جار (لە ٢٠٠٢ و ٢٠٠٩) داخرا. ئەو سکرتێری گشتیی "مجمع نیروهای خط امام" بووە و لە هەڵبژاردنە پڕ کێشەکەی ١٣٨٨دا پشتگیری لە خۆپیشاندەران کرد و ڕەخنەی لە زیندانیکردنی مەهدی کەڕووبی و میرحوسێن موسەوی گرت. هەرچەندە سەر بە باڵی چاکسازیخوازانە و بەڕێوەبەری توێژینگەی مێژووی ئیسلامە (کە بودجەی حکومەتی هەیە)، بەڵام لە چاوپێکەوتنەکانیدا هەمیشە بە ڕێزەوە باسی عەلی خامنەیی کردووە و ڕەخنەی توندی لە کەسی براکەی نەگرتووە.
حەسەن خامنەیی: لەدایکبووی ١٣٢٩ی هەتاوییە (١٩٥٠ی زاینی)، منداڵی کۆتایی جەواد خامنەییە و تاکە برای نائاینیی عەلی خامنەییە. بڕوانامەی دیپلۆمی باڵای (فەوقی دیپلۆم) لە زانستە مرۆییەکاندا هەیە. ئەویش لەگەڵ عەلی و هادی ماوەیەک لە زیندانی "کومیتەی هاوبەش" (کمیته مشترک) بووە. پێش و دوای شۆڕش مامۆستای قوتابخانە بووە و شەش ساڵ بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی مەشهەد بووە. هەروەها ئەندامی ئەنجومەنی پێداچوونەوەی فیلمە سینەماییەکان و جێگری سەرۆکی کۆمپانیای نیشتمانیی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران بووە و چاودێریی بودجە نەوتییەکانی کردووە.
عەلی خامنەیی لە هاوسەرگیریی یەکەمی باوکی سێ زڕخوشکی هەیە. لە نێوانیاندا ناوی فاتیمە سوڵتان بەهۆی نەوە ڕەخنەگرەکەیەوە زیاتر بیستراوە. حەمیدڕەزا شەمسوڵڵاهی (ناسراو بە حەمیدڕەزا فرووزانفەر)، لە ساڵی ١٣٨٨ (٢٠٠٩) بەدواوە دەستی بە ڕەخنەگرتن لە ماڵی عەلی خامنەیی کرد و لە دەرەوەی ئێران باسی لە دەستڕاگەیشتنی فراوانی خاڵەکەی تری (محەمەد خامنەیی) بە سەرچاوە داراییەکانی بنیادی سەدرا کرد. ئەو وتبووی دوای ڕووداوەکانی ١٣٨٨، خزمەکانی خامنەیی بوون بە دوو دەستە: دەستەیەکیان لەگەڵ ئەون، و دەستەکەی تریش بە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەوە سەیری دەکەن؛ لەوانە خێزانەکەی خۆی لە لایەن فاتیمە سوڵتان، خێزانی بەدرولسادات خامنەیی و خێزانی هادی خامنەیی.

خزمەکانی لای دایک
خەدیجە میردامادی، دایکی عەلی خامنەیی، ٩ برا و زڕخوشکی لە ئەنیسە (هاوسەری دووەمی باوکی) هەبووە بە ناوەکانی: محەمەد، حەمید، عەلی، سەفیە، حەسەن، حوسێن، فاتیمە، حەمیدە و زەهرا نەجەف ئابادی میردامادی.
حوسێن میردامادی، زڕخاڵی عەلی خامنەیی، پەنابەری وڵاتی بەریتانیا بووە و منداڵەکانیشی لە میدیاکاندا ناسراون. سەراجەدین میردامادی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی سیاسیی چاکسازیخوازە کە پێشینەی زیندانیی هەیە. یاسر میردامادی، دەرچووی خوێندنی ئایینناسی و فەلسەفەی ئیسلامییە لە بەریتانیا.
سادق واعیز زادە، کە سەردەمێک جێگری کاروباری زانستیی مەحموود ئەحمەدی نەژاد بوو، کوڕی فاتیمەیە (زڕپووری عەلی خامنەیی) و محەمەد واعیز زادەی خۆراسانییە کە یەکێک بوو لە زانا ئاینییە پلە باڵاکانی مەشهەد و دامەزرێنەری زانکۆی مەزهەبە ئیسلامییەکان بوو. سادق ئەندامی چەندین ئەنجومەنی باڵا بووە، لەوانە ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی فەرهەنگی، ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕژێم و سەرۆکی بنیادی نیشتمانیی بلیمەتەکان.

خزمەکانی لای باوک
باوکی میرحوسێن موسەوی (سەرۆک وەزیرانی کاتی شەڕ)، ئامۆزای باوکی عەلی خامنەییە و لە مەشهەد هاتوچۆیان پێکەوە هەبووە. میرحوسێن موسەوی و عەلی خامنەیی لەو سەردەمەی یەکێکیان سەرۆک وەزیران و ئەوی تریان سەرۆک کۆمار بوو، کێشەی بنەڕەتییان لە نێواندا هەبوو. میرحوسێن موسەوی لە ساڵی ١٣٨٨دا بە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، لە بەرامبەر عەلی خامنەییدا وەستایەوە و خرایە ژێر ماڵبەندکردنەوە (حەسر).
زەهرا موسەوی، کچەئامۆزای باوکی عەلی خامنەییە، کە کوڕەکەی (عەلی حەبیبی موسەوی) لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی دوای هەڵبژاردنی ١٣٨٨دا کوژرا. منداڵێکی تریشی لە شەڕی ئێران و عێراقدا کوژرابوو. مەحموود موسەوی، برای میرحوسێن موسەوی، دیپلۆمات و باڵیۆزی پێشووی ئێران بووە لە هیندستان و پاکستان.

خزمەکانی هاوسەرەکە
مەنسوورە خۆجەستە باقرزادە، کچی بازرگانێکی مەشهەدی، لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا هاوسەرگیری لەگەڵ عەلی خامنەیی تەمەن ٢٥ ساڵ کرد. مەنسوورە، کە لە کاتی هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر تاران لەگەڵ هاوسەرەکەی بوو، سێ ڕۆژ دوای مانەوەی لە کۆمادا کۆچی دوایی کرد. ئەو شەش برا و خوشکی هەیە بە ناوەکانی: حەسەن، محەمەد، جەواد، حوسێن، مەرزییە و مەهدی.
حەسەن خۆجەستە باقرزادە: بۆ ماوەیەک جێگری ڕێکخراوی دەنگ و ڕەنگی ئێران (صدا و سیما) بوو. مەحموود ئەحمەدی نەژاد تۆمەتباری کردبوو بە پەیوەندیکردن و هەبوونی بەرنامەی گەشتکردن بۆ ئیسرائیل، کە ئەم تۆمەتە بەبێ لێکۆڵینەوە مایەوە، هەرچەندە ئەحمەدی نەژاد دەڵێت بەهۆی دەستتێوەردانی ئەو لە ڕادیۆ لادراوە.
محەمەد خۆجەستە باقرزادە: بنیادی خێرخوازیی خۆجەستەی لە مەشهەد بەڕێوە دەبرد کە تایبەتە بە تووشبووانی نەخۆشییەکانی گورچیلە.
کومەیل خۆجەستە (برازای هاوسەرەکەی): بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەی "تبیان" بووە کە سەر بە ڕێکخراوی پڕوپاگەندەی ئیسلامییە. هەروەها بەرپرسی وێبسایتی ئایەتوڵڵا خامنەییش بووە.
فەرشاد مەهدی پوور (زاوای برای هاوسەرەکەی): بۆ ماوەی چوار ساڵ بەڕێوەبەری ڕۆژنامەی بنەماخوازی (اصولگرا) "صبح نو" بووە و تا تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ جێگری فەرهەنگ و پەیوەندییەکانی سکرتارییەتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی بووە.

کوڕەکان و بووکەکانی
لە میدیاکانی ئێراندا جەخت لەوە دەکرێتەوە کە ئایەتوڵڵا خامنەیی کوڕەکانی لە چالاکییە ئابوورییەکان یان وەرگرتنی پۆستی حکومی قەدەغە کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا کوڕەکانی و خزمەکانی تری چاودێریی دامەزراوە سیاسی و داراییە پڕ دەسەڵاتەکانیان کردووە.
مستەفا: لەدایکبووی ١٣٤٤ (١٩٦٥)، کوڕە گەورەی عەلی خامنەییە و زیاتر خەریکی خوێندنی ئاینییە لە حەوزە. ئەو لەگەڵ سەعیدە خۆشوەقت (کچی عەزیزولڵا خۆشوەقت کە پشتیوانێکی سەرسەختی خامنەیی بوو) هاوسەرگیری کردووە. محەمەد حوسێن خۆشوەقت (کوڕی عەزیزولڵا) لە حکومەتی چاکسازیخوازاندا بەڕێوەبەری چاپەمەنییە بیانییەکان بوو و ڕۆڵی هەبوو لە ئاشکراکردنی چۆنیەتی کوژرانی ڕۆژنامەنووس زەهرا کازمی لە زینداندا.
موجتەبا خامنەیی: لەدایکبووی ١٣٤٩ (١٩٧٠)، سیاسیترین و پڕ دەسەڵاتترین کەسە لە ماڵی خامنەییدا. ناوی ئەو دوای هەڵبژاردنەکانی ١٣٨٨ زیاتر هاتە ئاراوە کاتێک مەهدی کەڕووبی تۆمەتباری کرد بە "ساختەکاری و ئەندازیاریکردنی" هەڵبژاردنەکان. موجتەبا لەگەڵ زەهرا حەداد عادل (کچی غولام عەلی حەداد عادل، سەرۆکی پێشووی پەرلەمان) هاوسەرگیری کردووە. زەهرا لە ڕۆژی هێرشەکەی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران کوژرا. تەیبە ماهرووزادە (خەسووی موجتەبا) دامەزرێنەری قوتابخانەی ناحکومیی "فەرهەنگ"ـە کە کێشەی دارایی و قەرزی لەگەڵ ڕێکخراوی موستەزعەفاندا هەبوو. فەریدەدین حەداد عادل (خەسوری موجتەبا) و ڕووحوڵڵا ڕەحمانی (ئاوەڵزاوای موجتەبا) پۆست و کاریگەریی گەورەیان لە میدیا و کەرتی تەکنەلۆژیادا هەبووە.
مەسعوود خامنەیی: لەدایکبووی ١٣٥٢ (١٩٧٣)، لەگەڵ سۆسەن خەرازی (کچی موحسین خەرازی، مامۆستای حەوزەی قوم) هاوسەرگیری کردووە. بنەماڵەی خەرازی پۆستی دیپلۆماتی باڵایان هەبووە، لەوانە سادق خەرازی و کەمال خەرازی کە وەزیری دەرەوەی پێشوو بووە.
مەیسەم خامنەیی: بچووکترین کوڕیەتی، لەدایکبووی ١٣٥٦ (١٩٧٧)ە. ئەو بە پێچەوانەی براکانی، لەگەڵ کچێکی خێزانێکی نائاینی بە ناوی زۆهرە لۆلاچیان هاوسەرگیری کردووە، کە کچی بازرگانێکی دەوڵەمەندی تارانە.
کچەکان و زاواکانی
بوشرا خامنەیی، یەکێک لە دوو کچەکەی عەلی خامنەییە، کە لەدایکبووی ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوییە (١٩٨٠ی زایینی). ئەو لەگەڵ محەمەد جەواد، کوڕی محەمەد محەمەدی گوڵپایگانی (سەرۆکی نووسینگەی ڕێبەری ئێران) هاوسەرگیری کردووە. محەمەد جەواد محەمەدی گوڵپایگانی لە شاری قوم وانەی "خارج فقه"ی دەگوتەوە. ڕاپۆرت کراوە کە دوو منداڵی بچووکی بوشراش لە ڕۆژی هێرشەکە بۆ سەر ماڵی ڕێبەری کوژراون.
هودا خامنەیی، بچووکترین منداڵی عەلی خامنەییە، لەدایکبووی ١٣٦٠ی هەتاوییە (١٩٨١ی زایینی) و لەگەڵ میسباحولهودا باقری کەنی هاوسەرگیری کردووە، کە کوڕی محەمەد باقر باقری کەنییە. زاوای عەلی خامنەیی یەکێکە لە مامۆستایانی زانکۆی ئیمام سادق و برا بچووکەکەشی بە ناوی محەمەد ئەمین، توێژەرە لە هەمان زانکۆ.
خێزانی کەنی، پەیوەندی و دەسەڵاتێکی سیاسیی فراوانیان لە حکومەتدا هەیە. سەرۆکایەتی و سەرپەرشتیکردنی زانکۆی ئیمام سادق لە ئەستۆی براکانی کەنی بووە. ئەم زانکۆیە یەکێکە لە زانکۆ دەستڕۆیشتووەکان لە نێوان سەرکردە سیاسییەکاندا کە زۆرێک لە دەرچووەکانی دەبنە بەڕێوەبەر لەناو حکومەتدا. لە سەرەتاوە تا ساڵی ١٣٩٤، محەمەد ڕەزا مەهدەوی کەنی، دواتر محەمەد سەعیدی کوڕی و پاشان محەمەد باقر باقری کەنیی برای، سەرۆکایەتیی زانکۆکەیان کردووە.
محەمەد سەعید مەهدەوی کەنی، زاوای محەمەد عەلی شەهیدی مەحەلاتی (سەرۆکی پێشووی بنیادی شەهید)ە. خودی شەهیدی مەحەلاتی زاوای ڕەسووڵی مەحەلاتی بوو (کە بەرپرسی پارە و بابەتە شەرعییەکانی نووسینگەی خامنەیی بوو)، هەروەها ئاوەڵزاوای (باجەناخی) عەلی ئەکبەر ناتق نووری و عەباس ئاخوندی بوو.
عەلی باقری کەنی، کوڕێکی تری بەڕێز کەنی و برای هاوسەری هودا خامنەییە. ئەو جێگری سەعید جەلیلی بووە لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و بە فەرمانی ئیبراهیم ڕەئیسی، لە دەسەڵاتی دادوەریدا پۆستی جێگری هەبووە. هەروەها عەلی باقری کەنی، جێگری وەزیری دەرەوەی حکومەتی ئیبراهیم ڕەئیسی و یەکێک لە نەیارە سەرسەختەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بووە. ساڵی ڕابردووش بە فەرمانی عەلی خامنەیی بوو بە ئەندامی ئەنجومەنی ستراتیژیی پەیوەندییە دەرەکییەکان.
برای محەمەد باقر باقری کەنی، کە بە ناوی محەمەد ڕەزا مەهدەوی کەنی دەناسرێت، سەرۆکی خولی سێیەمی ئەنجومەنی شارەزایان بووە. کچی مەهدەوی کەنی بە ناوی مەهدییە مەهدەوی کەنی کە مێژووی ئیسلامیی خوێندووە، هاوسەری مستەفا میرلەوحییە. مستەفا میرلەوحی سەرۆکایەتیی دەستەی بەڕێوەبەریی "جامعة الصادق"ی لە ئەستۆ بووە. ئەم کۆمەڵەیە کۆنترۆڵی چەند کۆمپانیایەکی ئابووری دەکات، لەوانە "فولاد خزر" و "نخیران"، هەروەها چەند کارگەیەکی بەرهەمهێنانی قوماشیش لەژێر چاودێریی کۆمپانیاکانی سەر بە جامعة الصادقدان.
کچێکی تری مەهدەوی کەنی بە ناوی سدیقە، لەگەڵ ئیبراهیم ئەنساریان هاوسەرگیری کردووە، کە یەکێک بووە لە بەڕێوەبەرانی وەزارەتی دەرەوە و سەرۆکی نووسینگەی مەهدەوی کەنی بووە لە کاتی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی شارەزایاندا.
ئەم خێزانە لەگەڵ وتارخوێنەکانی ماڵی ڕێبەریش پەیوەندیی خزمایەتییان هەیە. محەمەد حوسێن میرلەوحی، کوڕی مستەفا میرلەوحی (یان لە ڕاستیدا نەوەی مامی زاوای عەلی خامنەیی)، لەگەڵ کچی عەلیڕەزا پەناهیان هاوسەرگیری کردووە، کە یەکێک بووە لە وتارخوێن و قسەکەرە پڕ مشتومڕەکانی نووسینگەی عەلی خامنەیی.