دواین هەواڵ

عێراق‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت: عێراق نابێتە گۆڕەپانی ململانێکان

هەرێم نیوز

هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت کە پێکهێنەری حکومەتی عێراقە، بەتوندی بەکارهێنانی خاکی وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر دراوسێکان ڕەت دەکاتەوە.

ئەمڕۆ شەممە 7ی ئاداری 2026، هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت دوای کۆبوونەوەیەکی گرنگ، بەیاننامەیەکی فراوانی لەسەر دۆخی ناوچەکە بڵاوکردەوە.

لە بەیاننامەکەدا بەتوندی ئیدانەی هەر هێرشێک کراوە کە سەروەریی عێراقی کردبێتە ئامانج و، جەخت لە پاراستنی سەربەخۆیی وڵات کراوەتەوە.

هاوپەیمانییەکە دووپاتی کردووەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک نابێت عێراق ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێ و جەنگە نێودەوڵەتییەکان.

هەروەها بەکارهێنانی خاک، ئاو و ئاسمانی عێراقی بۆ هەر کردەوەیەکی دوژمنکارانە دژی وڵاتانی دراوسێ بەتەواوی ڕەت کردووەتەوە.

هاوکات هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێکاری توندی یاسایی لەو لایەن و گرووپانە کردووە کە سەرپێچیی ئەم بڕیارە نیشتمانییە دەکەن.

لە بەشێکی دیکەدا، پاڵپشتیی تەواوی خۆیان بۆ هێزە چەکدارەکان دەربڕیوە بۆ پاراستنی سنوورەکان و ڕێگریکردن لە هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ناوچەکە.

لە کۆتاییشدا داوایان لە وڵاتانی زلهێز کردووە کە بەرپرسیارێتیی خۆیان بۆ هێورکردنەوەی ناوچەکە و جێبەجێکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان هەڵبگرن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP