هەرێم نیوز
باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەغداد لە نوێترین ڕاگەیەندراوی ئەمنیی خۆیدا (ژمارە ٥)، داوا لە سەرجەم هاووڵاتییانی ئەمریکی دەکات کە هەرچی زووە عێراق جێبهێڵن. ئەم داواکارییە بەهۆی مەترسییەکانی هەڵگیرسانی ململانێی چەکداری و بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەکان لە سەرتاسەری وڵاتدا هاتووە.
حکومەتی ئەمریکا لە ڕۆژی ٢ی ئاداردا بڕیاریدا سەرجەم کارمەندە ناپێویستەکانی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکان لە عێراق بکشێنێتەوە. لە ئێستادا سەرجەم خزمەتگوزارییە کۆنسوڵییە ئاساییەکان ڕاگیراون و ئاسمانی عێراقیش بەڕووی گەشتەکاندا داخراوە، ئەمەش گواستنەوەی هاووڵاتییان و دەرچوونیان لە وڵاتەکەی زیاتر سەخت کردووە.
تیمی دیپلۆماسی ئەمریکا هۆشداری دەدات لەوەی کە خۆپیشاندان و توندوتیژی دژی ئەمریکا لە ناوچەکانی وەک گۆڕەپانی تەحریر و پردی ١٤ی تەمموز لە بەغداد سەریانهەڵداوە. هاوکات مەترسی بەکارهێنانی درۆن، موشەک و ڕاکێت لە ئاسمانی عێراقدا وەک هەڕەشەیەکی جدی بۆ سەر سەلامەتی گشتی دەمێنێتەوە و داوا لە هاووڵاتییان کراوە خۆیان لەو ناوچانە بەدوور بگرن.
ئەو هاووڵاتییانەی کە لە ئێستادا ناتوانن بە سەلامەتی عێراق جێبهێڵن، پێویستە لە شوێنی مانەوەیان خۆیان حەشار بدەن و لە پەنجەرەکان دوور بکەونەوە. داوایان لێکراوە پێداویستییە سەرەکییەکان وەک خۆراک، ئاو و دەرمان دابین بکەن و پەیوەندییان لەگەڵ خێزانەکانیان بە بەردەوامی بمێنێتەوە، هەروەها خۆیان لە هەر جۆرە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی بەدوور بگرن.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا جەخت دەکاتەوە کە ناتوانێت گەرەنتی سەلامەتی هاووڵاتییانی بکات و ئاستی مەترسی گەشتکردن بۆ عێراق هێشتا لە پلەی چوارەم (مەترسیدارترین ئاست) دایە. لە کاتی ڕوودانی هەر حاڵەتێکی نائاساییدا، هاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەی ئیمەیڵ یان ژمارە تەلەفۆنە تایبەتەکانەوە پەیوەندی بە بەشی خزمەتگوزاری هاووڵاتییانی ئەمریکییەوە بکەن، بەڵام جەختکراوەتەوە کە پێویستە لەم دۆخەدا بەهیچ شێوەیەک نزیکی باڵیۆزخانەی بەغداد یان کونسوڵخانەی هەولێر نەبنەوە.