دواین هەواڵ

عێراق‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

لەندەن؛ فوئاد حوسێن دۆخی ناوخۆی عێراق ئاشکرا دەکات

هەرێم نیوز

وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایدەگەیەنێت کە وڵاتەکەی ڕاستەوخۆ کەوتووەتە ناو جەنگەکەوە و هەولێر و باشووری عێراق بە سەختی بۆردوومان دەکرێن.

ئەمڕۆ دووشەممە 2ی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق وردەکاریی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان فوئاد حوسێن و هامیش فاڵکۆنەر، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیای بڵاوکردەوە.

لە پەیوەندییەکەدا وەزیرە بەریتانییەکە هەڵوێستی نوێی ئاشکرا کردووە، کە وڵاتەکەی بڕیاری داوە ڕێگە بە هێزەکانی ئەمەریکا بدات هەندێک لە دامەزراوەکانیان بەکار بهێنن.

لای خۆیەوە فوئاد حوسێن ڕاگەیاندووە کە عێراق بووەتە قوربانیی جەنگەکە و، ئێران بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت شاری هەولێر.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە لایەنەکەی دیکەی ململانێکەش بێدەنگ نین و، بەردەوام ناوچەکانی باشوور و ڕۆژئاوای عێراق دەکەنە ئامانجی هێرشەکانیان.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، هەردوولا جەختیان لە مەترسییەکانی بەئامانجگرتنی وڵاتانی کەنداو و تێکچوونی سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە کردووەتەوە.

وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداریی داوە کە بەردەوامبوونی ئەم جەنگە فراوانە، جگە لە پشێوی، ماڵوێرانی و کارەساتی مرۆیی، هیچ دەستکەوتێکی دیکەی نابێت.

لە کۆتاییشدا داوای چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکانی کردووە بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی دەستبەجێ و، دوورخستنەوەی عێراق لەم مەترسییانە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP