هەرێم نیوز
وەزارەتی دەرەوەی ئێران مەرجی سەرەکیی خۆی بۆ ڕاگرتنی جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل ڕادەگەیەنێت و جەخت دەکاتەوە کە بەبێ وەرگرتنی گەرەنتیی ئەمنی وەک مەرجێکی سیاسی، باسکردن لە کۆتاییهێنانی شەڕ هیچ مانایەکی نییە.
ئەمڕۆ سێشەممە 10ی ئاداری 2026، کازم غەریب عەبادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، لێدوانێکی گرنگی بۆ ڕۆژنامەی (شەرق)ی ئێرانی داوە.
لە لێدوانەکەیدا ڕایگەیاندووە کە مەرجی سەرەکییان بۆ ڕاگرتنی ئەم جەنگە بریتییە لە پێدانی گەرەنتیی ئەمنی.
هاوکات داوای کردووە کە وەک مەرجێکی سیاسیی گرنگ مامەڵە لەگەڵ ئەو داواکارییەیاندا بکرێت.
جەختیشی کردووەتەوە کە دەبێت ئەمە بکرێت پێش ئەوەی ڕێککەوتن لەسەر ڕاگیرانی جەنگەکە بکەن.
غەریب عەبادی بەڕاشکاوی وتوویەتی ئەگەر ئەو مەرجەیان بۆ جێبەجێ نەکرێت، باسکردنی کۆتاییهێنانی جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل هیچ مانایەکی نییە.
لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەوان دەستپێشخەری دروستبوونی ئەم جەنگە نەبوون.
لە کۆتاییشدا جەختی کردووەتەوە کە دەبێت دڵنیا بکرێنەوە لەوەی جارێکی دیکە هێرش ناکرێتەوە سەر وڵاتەکەیان.