هەرێم نیوز
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکی تونددا هێرشەکەی شەوی ڕابردووی سەر کۆنسوڵخانەی گشتیی دەوڵەتی ئیماراتی لە هەولێر سەرکۆنە کرد و داوای لە بەغدا کرد سنوورێک بۆ گرووپە لەیاسادەرچووەکان دابنێت.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئەمڕۆ سێشەممە ١٠ی ئازاری ٢٠٢٦، ڕایگەیاند کە ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هاووڵاتیان، دامەزراوە مەدەنییەکان و نێردە دیپلۆماسییەکان، بە تەواوی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە. ئاماژەی بەوەش کرد:"بەداخەوە شەوی ڕابردوو کۆنسوڵخانەی گشتیی ئیمارات کرایە ئامانج، بەڵام خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک بەشێک نییە لەو ململانێ و شەڕانەی لە ناوچەکەدا دەگوزەرێن، بەڵکو هەمیشە لایەنگری ئاشتی، سەقامگیری و پێکەوەژیان بووە.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، حکومەتی فیدراڵی بە بەرپرسیار زانی و داوای کرد:
• حکومەتی عێراق بەرپرسیارێتیی پاراستنی سەروەریی وڵات بگرێتە ئەستۆ.
• ڕێگری لەو دەستە و گرووپە توندڕەو و لەیاسادەرچووانەی ناوخۆی عێراق بکات کە بەبێ هیچ بیانوویەک بەردەوام هەرێمی کوردستان بە ئامانج دەگرن.