دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

پێشەوا هەورامانی: هەرێمی کوردستان نابێتە بەشێک لەم جەنگە

هەرێم نیوز

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکی بەپەلەدا هۆشداری دەداتە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی و بیانی سەبارەت بە شێوازی ڕووماڵکردنی ڕووداوە ئەمنییەکان لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەکەدا.

گوتەبێژی حکومەت داوا لە سەرجەم میدیاکان دەکات پابەند بن بە ڕووماڵنەکردنی شوێنی کەوتنی درۆن و مووشەکەکان و تەنها پشت بەو زانیارییە فەرمییانە ببەسترێت کە لەلایەن "دژە تیرۆری کوردستان" و دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بڵاو دەکرێنەوە.

پێشەوا هەورامانی جەختی کردەوە کە سەرۆکی حکومەت و سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێم مامەڵەیەکی دروست و گونجاویان گرتووەتە بەر بۆ پاراستنی کوردستان لەم ئاگرەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، هەروەها ڕایگەیاند:
"هەرێمی کوردستان نابێتە بەشێک لەم جەنگە و پاراستنی کوردستان و سەلامەتیی گیانی هاونیشتمانییان لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە."

لە پەیامەکەدا هاتووە کە "ڕۆح و گیانی خەڵک بۆ ئێمە گرنگە" و پێویستە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنیش ئەمە لەبەرچاو بگرن و پابەندی ڕێنوێنییە ئەمنییەکان بن، تاوەکو زانیارییەکان خزمەت بە لایەنە هێرشبەرەکان نەکەن بۆ ڕاستکردنەوەی ئامانجەکانیان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP