هەرێم نیوز
ڕێکخراوی CPTی ئەمریکی لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ڕایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، سوپای پاسداران و گرووپە هاوپەیمانەکانی ١٩٦ هێرشیان کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان.
بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوەکە، بەهۆی ئەو هێرشانەوە ٢٣ کەس بوونەتە قوربانی، کە تێیدا ٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٩ کەسی تریش برینداربوون.
دابەشبوونی هێرشەکان بەسەر پارێزگاکاندا بەم شێوەیە بووە: ١٦٢ هێرش بۆ سەر هەولێر، ٢٦ هێرش بۆ سەر سلێمانی، ٥ هێرش بۆ سەر دهۆک و ٣ هێرش بۆ سەر پارێزگای هەڵەبجە ئەنجامدراون.
ئامانجەکان پێکهاتبوون لە کۆنسوڵخانەی ئەمریکا، بنکە سەربازییەکان، کامپی پەنابەرانی کوردانی ڕۆژهەڵات، فڕۆکەخانەی هەولێر، کێڵگە نەوتییەکان، هۆتێل و ناوچەی نیشتەجێبوون و بارەگاکانی پێشمەرگە.
لە کۆی قوربانییەکان، ١٤ کەسیان ئەندامی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتن، ٦ کەسیان کارمەندی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمن و ٣ کەسیشیان هاووڵاتی مەدەنی بوون.
ڕێکخراوی CPT نیگەرانی قووڵی خۆی بەرامبەر بە پەرەسەندنی شەڕەکە دەربڕی و داوای لە لایەنەکان کرد بۆ پاراستنی گیانی مەدەنییەکان، جەنگەکە ڕابگیرێت.
تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوەکە جەختی کردەوە کە بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی دۆخەکە و بەبەڵگەکردنی کاریگەرییەکانی جەنگەکە لەسەر خەڵکی مەدەنی.