هەرێم نیوز
مەسرور بارزانی لە پەراوێزی پرسەی شەهیدێکی هێرشە درۆنییەکەی هەولێر، پەیامێکی توندی ئاراستەی گرووپە چەکدارەکان و حکومەتی فیدراڵی کرد و ڕایگەیاند کە قبووڵی ناکەن هێرشەکان بەردەوام بن، هاوکات ئاشکرای کرد کە ئەو تاوانبارانە لەلایەن بەغداوە پڕچەک دەکرێن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 8ی ئاداری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانی بەشداریکردنی لە پرسەی (وڵات تاهیر) کە شەوی ڕابردوو لە هێرشێکی درۆنیدا شەهید بوو، لێدوانێکی گرنگی دا.
لە لێدوانەکەیدا ڕایگەیاند کە ئەو پەلامارەی دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان پەلامارێکی ناڕەوایە و داوا دەکەن خێرا بوەستێنرێت.
هاوکات داوای لە حکومەت و پەرلەمانی فیدراڵی و هێزە سیاسییەکان کرد کە سنوورێک بۆ ئەم تاوانبارانە دابنێن.
ئاماژەی بەوەش کرد کە هیچ پاساوێک بۆ ئەو پەلامارانە نییە، جگە لە ڕق و کینەیەکی زیاد لە حەد بەرامبەر بە کوردستان.
جەختیشی کردەوە کە پێویستە ئەو شۆڤێنییانە بزانن ئەو هەڵوێستە دوژمنکارانەیەی بەرامبەر بە کوردستان گرتوویانەتە بەر، لەبیری خەڵک ناچێتەوە.
مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە کە هەڵوێستی نەگۆڕیان ئەوەیە دژی هەموو شەڕ و ئاژاوەیەک دەوەستنەوە و هەوڵ دەدەن کوردستان پارێزراو بێت.
هەروەها خەڵکی کوردستانی دڵنیا کردەوە کە هەموو جۆرە هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی هەرێم لەم گرژییە و شەڕە بەدوور بگرن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا داوای کرد کە ئەو تیرۆریستانە چیتر پەلاماری کوردستان نەدەن، بۆ ئەوەی بە زۆر نەیانخەنە مەوقیفێک کە پێویست بکات هەڵوێستی تر وەربگرن.
ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە بە هیچ جۆرێک قبووڵ ناکەن ئەم هێرشانە بەردەوام بن و خوێنی شەهیدەکانیان بەفیڕۆ بڕوات.
هەروەها وەک جەنابی بارزانی ئاماژەی پێ دا، دووپاتی کردەوە کە هەموو شتێک سنووری خۆی هەیە.
هیوای خواست کە حکومەتی فیدراڵی بێتە سەر هێڵ و چیتر ڕێگە نەدات ئەو تاوانبارانە بەردەوام بن، چونکە تا ئێستاش هەر لە ڕێگەی حکومەتی بەغداوە پڕچەک و پارەدار دەکرێن.
لەبارەی دۆخی ناوچەکەشەوە گوتی، هەرێمی کوردستان بە هیچ جۆرێک مەترسی نییە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ و بە هیچ شێوەیەکیش نابێتە شوێنێک بۆ پەلاماردانیان.
لە کۆتاییدا سەبارەت بە کێشەی کارەبا ڕوونی کردەوە، کە زۆرێک لەو کۆمپانیایانەی نەوت و غاز بەرهەم دەهێنن بەهۆی شەڕەوە بەرهەمیان کەم بووەتەوە و ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی کارەبا.
دڵنیاییشی دا کە هەرکاتێک فشار لەسەر کۆمپانیاکان کەم بووەوە، دۆخی پێدانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان ئاسایی دەبێتەوە.