هەرێم نیوز
بارزانی لە پەیامێکی گرنگدا بۆ ڕای گشتی، هۆشدارییەکی توند دەداتە ئەو گرووپە چەکدارانەی بەناوی موقاوەمەوە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان و ڕایدەگەیەنێت کە دانبەخۆداگرتن سنووری هەیە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 8ی ئاداری 2026، بارزانی پەیامێکی گرنگی ئاراستەی ڕای گشتی و لایەنە سیاسییەکانی عێراق کرد و هۆشدارییەکی توندی دایە ئەو گرووپە چەکدارانەی بەناوی موقاوەمەوە هێرش دەکەنە سەر هەرێم.
هاوکات ڕایگەیاند کە دانبەخۆداگرتن سنووری هەیە و پێشمەرگە زوڵم قبووڵ ناکات.
لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە گەلی کوردستان هەمیشە خوازیاری ئاشتی بووە و لەگەڵ شەڕدا نەبووە، بەڵام ئەگەر شەڕی بەسەردا بسەپێندرێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە بەرگری لە خۆی و مافەکانی دەکات.
هەروەها سەرسوڕمانیی خۆی دەربڕیوە کە چۆن ئەو گرووپانە پەلاماری شوێنی سڤیل و پێشمەرگە دەدەن، کە ئەمەش شەڕفرۆشتن و دەستدرێژییەکی ئاشکرایە بۆ سەر سەقامگیریی هەرێم.
لە هۆشدارییەکی زۆر توندیشدا دووپاتی کردووەتەوە کە پێشمەرگە هەرگیز زوڵم و زۆری قبووڵ نەکردووە و نابێت ئەم شەڕفرۆشتنە بەردەوام بێت.
بۆ ئەم مەبەستەش، بەڕاشکاوی داوای لە حکومەتی عێراق، پەرلەمان و بەتایبەت چوارچێوەی هەماهەنگی کردووە کە بەجددی بێنە سەر هێڵ و سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژییانە دابنێن، چونکە بەردەوامبوونی دەرئەنجامی خراپی دەبێت.
لە کۆتاییشدا وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ کەسوکاری شەهیدان، دڵنیایی داوەتە خەڵک کە بە هەموو توانایەکەوە کار دەکەن بۆ ئەوەی کوردستان لەم شەڕ و نەهامەتییە بەدوور بێت و ئارامی و ژیانی خەڵک پارێزراو بێت.