دواین هەواڵ

هەڵبژاردنی مەسرور و وەفای گەنجان

‌ئاسۆ حاجی

13/11/2025

ئەو هەڵبژاردنە، تاقیکردنەوەیەکی گەورە بوو، بۆ مەسرور بارزانی، دەبوا وەڵامی شەش ساڵ کار و خەبات و سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەربگرێت. بە ویژدان و بۆچوونی خەڵکی کوردستان پێوانەیان بکات، بەتایبەتی توێژی گەنجان، کە کاریگەرترین و هەستیارترین پێکهاتەی کۆمەڵگەی کوردستانن. خۆشبەختانە بە هەزاران هەزار گەنج، تێکەڵ بە کاروانی نەپساوەی کار و تێکۆشانی پارتی بوون، لە ڕێگای دەنگدان بە لیستەکەی، بە هۆی کاریگەری و بەرهەمەکانی کارنامە و سیاسەتی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، کە بە زمانێکی سەردەمیانەی گەنجانە لەگەڵیان دواو و لە یەکدی تێگەیشتن، ئەویش زمانی ئایندەسازی و دەرفەتسازی وتەکنەلۆجیایە.
ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە نیشانی دایەوە، کە پارتی بژاردەی نەوەی نوێیە کە بەدوای خۆشگوزەرانی و قەوارەیەکی دامەزراوەیی و ئایندەیەکی مسۆگەر دەگەڕێن. لە ساڵانی سەرۆکایەتی کردنی حکومەت، مەسرور بارزانی بە کەمترین گفتار و زۆرترین کردار، ئەوە پەیامەی بە هەمووان داوە، کە کۆدی شکاندنی ئابڵوقە نەخوازراوەکانی ئێستا و کردنەوەی کۆدەکانی ئایندە، هێزێکی گەورە و توانا و تینێکی گەنجانەی پێویستە. لاوانی کچ و کوڕیش هاودەنگ لەگەڵ توێژەکانی دیکە، وەڵامی ئەو پەیامەی بارزانیان دایەوە و زیاتر لە یەک ملیۆن دەستیان خستە ناو ئەو دەستە درێژکراوەیەی سەرۆکی حکومەت، کە بۆ سبەینێیەکی باشتر لەمڕۆیان دەبات.
ئەوە بەڵێنی مەسرور بارزانی و وەفای گەنجانی کوردستانە، کە وێنە گەورە و جوانەکەی دەرئەنجامی هەڵبژاردن دەنەخشێنن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP