دواین هەواڵ

ڕۆڵی سودانی لە هێرشەکەی کۆرمۆر چیە؟

‌ئاسۆ حاجی

پێش 3 هەفتە

لە عێڕاق جیاوازییەک نیە لە نێوان، حکومەت و حەشدی شەعبی و فەسائیل، جیاکردنەوەی ئەو ناوانە تەنها یارییەکی سیاسیی زیرەکانەی شیعەیە لە سەر ئاستی ناوخۆیی عێڕاق و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بەرژەوەندییەکانی خۆیانی پێ دەپارێزن و پێگەی خۆیان قایمتر دەکەن. هێرشەکانی سەر کۆرمۆر ئەو یارییە زۆر بەباشی ئاشکرا.

با پرسیارێک بکەین، بۆچی ئەنجامی ڕاپۆرتەکەی پێشوو ڕانەگەیندرا؟ هەندەک دەڵێن چوونکە حکومەت ناتوانێ ناوی میلیشیا (فەسیل)ەکە ئاشکرا بکات! خۆی پرسیارەکە ئەوەیە، بۆچی حکومەت (سەرۆکی حکومەت) ناتوانێ ئەو ناوانە ئاشکرا بکات؟ چوونکە هێز و چەکیان هەیە؟ بە بۆچوونی من ئەوەیان هەرگیز ڕاست نیە، چوونکە لە ڕووداوی دیکە کە لە بەغدا بوو، ناوی میلیشیاکان و کەسەکانیش ئاشکرا کران، باشەی ئەدی بۆ ئەوەی کۆرمۆر ئاشکرا ناکرێت؟ بە کورتیەکەی ئەوەیە، چوونکە سەرۆک وەزیران خۆی ئەندازیار و پارەدارکەری ئەو هێرشانەیە. دوای ڕوواوەکەی مانگی حوزەیرانی سەر کۆرمۆر، زانیاری ئەوە بڵاوبوویەوە، کە سودانی دوو ملیۆن دۆلاری بەو میلیشیایە داوە کە هێرشەکەیان کردووە.

حەشدی شەعبی کە خاوەنی فەسیلەکانە و سەربازگە و چەک و جبەخانەی بۆ دابین کردوون و موچە و خەرجیەکانیان بۆ دابینی دەکات، ئایا بە دەرکردنی بەیاننامەیەک دەتوانن ئەستۆ پاکی خۆیان بسەلمێنن! ئایا سەرکردە دیارەکانی میلیشیاکانی عەسائیب و حزب اللە و سەید ئەلشوهەدا و ئەوانی دیکە پێکهێنەر و بڕیاردەری چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە نینە؟ 

مەبەستی ئەوجارەیان چیە و چۆنە؟ 

دواین هێرش بۆ سەر کۆرمۆر، زۆرترین زیان و کاردانەوەی لێ کەوتەوە، ئەوجارەیان شیعە و هاوپەیامنەکانیان زووتر و زیرەکانەتر وەخۆکەوتن. بە حکومەت و حەشد و فەسائیل ئیدانەی هێرشەکەیان کرد و خۆیان لەو کارە “تیرۆرستیە” بێ بەری کرد. لە ڕاگەیەندراوەکەی بافل تاڵەبانی و دوای ئەویش ئەوەی ڕەیان کلدانی و قەیس خزعەلی، پرسیارێکی گەورەی بەدوای خۆ داهێنا، کە بەزم و گۆبەند و چیڕۆکێکی دیکەی بەدواوە دێت. بافل تاڵەبانی گوتی:”وەڵامی یەکلاییکەرەوەمان دەبێت”. ڕەیان و خزعەلیش بە توندترین شێوە ئیدانەیان کرد! لە پێکهێنانی لێژنەی لێکۆڵینەوە و دانەنانەوەی قاسم ئەعڕەجی لە سەرۆکایەتی لێژنە و دواتر تۆمەتبارکردنی حەشدی تورکمانی لەلایەن میدیایی یەکێتیەوە. وەڵامی پرسیارەکە ڕوون و ئاشکرا بوو، ئەویش:

یەکەم، حکومەتی عێڕاق دەیەوێت تۆمەتەکە لە سەر میلیشیاکان لابدا و بیکاتە کارێکی تاکەکەسی “فەرماندەیەکی حەشدی تورکمانی” لەو ڕێگەیەشەوە لە جیاتی ئێران، تورکیا وەک ئەنجامدەری ئەو هێرشە تیرۆرستیە بناسێنێ.

دووەم، لە ڕێگای لێژنەی لێکۆڵینەوە، داوا بکرێت کە پاراستنی ئەمنیەتی ئەو کێڵگانە بە سوپای عێڕاق و حەشدی شەعبی بسپێدرێت، بۆ ئەوەی هێرشەکان دووبارە نەبنەوە.

سێیەم، حکومەتی عێڕاقی بە سەرۆکایەتی سودانی وەک لایەنی چارەسەرکار ڕۆڵ ببینێت، نەک سەرچاوە و هۆکاری کێشەکە.

سێ ساڵی ڕابردوو، ئەوەی نیشان دا، کە محەمەد شیاع سودانی، تاکە جیاوازی لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەی شیعە ئەوەبووە، کە سەددامێکی گچکە لەناو خۆی پەروەردە دەکا و بە هەمان ئەو عەقلیەتەی کاتی خۆی لە ناو حیزبی بەعس پێی پەروەردە کراوە، مامەڵە لەگەڵ کورد و کوردستان دەکات. ئەنفالی برسیکردنی خەڵکی کوردستان، دیارترین کار و دەسکەوتەکانییەتی کە لە مێژوو پێی دەناسرێتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP